کرانەوەی ئەمساڵی قوتابخانەکان لە ئێران بەر لەوەی هێمای هیوا، پێشکەوتنی زانستی و گەشەی کۆمەڵگا بێ، ڕەنگدانەوەی بارودۆخی نالەبار و تراژیکی قەیرانە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگایە. ئەگەر پەروەردە و کرانەوەی قوتابخانەکان لە وڵاتانی جیهان دەرفەتێک بۆ سەرمایەگوزاری لەسەر داهاتووی پتانسیەل و بەهرەکانی کۆمەڵگا بێ، ئەوا بۆ ئێران بەستێن و پانتاییەک بۆ گوشار لەسەر خێزانە کەم داهات و هەژارەکان و هەروەها فشار و سەرکووتە پۆلیسی و ئەمنییەتیەکانە.
هەڵاوسانی ڕوو لە گەشەی ئابووری توانای کڕینی کۆمەڵگای بە تەواوی لاواز کردووە و کردنەوەی قووتابخانەکان وەک دیۆەزمە و وەک کارەساتێکی تاڵ بۆ بنەماڵە هەژارەکان دەور دەگێڕێت. تێچووی پێداویستییەکانی منداڵان بە شێوەیەکی بەرچاو گران بووە و ئەم مەسەلە بنەماڵە کرێکار و کەم داهاتەکانی بەڕەوڕووی گرفتی جدی کردۆتەوە. هەواڵ و ڕاپۆرتەکانی ناوخۆی ئێران نیشانی ئەدا کە نرخی پێداویستییەکانی خوێندن بە لانیکەم سێ ملیۆن تمەن گەیشتووە و ئەمەش بەو مانایە کە بنەماڵە هەژارەکان دەبێ نزیک بە نیوەی داهاتی مانگانەیان بۆ ئەم بابەتە دابنێن. یەکەم کارتێکەری و دەرکەوتەکانی چوونەسەرەوەی تێچووی پێداویستییەکانی خوێندن، وازهێنان لە قوتابخابە و بێبەشبوونی منداڵان لە خوێندنە و ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی پەروەردەی کۆماری ئیسلامی نیشانی دەدا کە لە ساڵی نوێی خوێندندا ٩٥٠ هەزار منداڵ وازیان لە خوێندن هێناوە. زۆرترینی ئەم ژمارە تایبەت بە ناوچە هەژارەکانی وەک سیستان و کوردستانە و بەشێک لە ڕۆژنامەکانی ناوخۆی ئێران ئەو ئامارە بە ناڕاست ئەزانن و باس لە یەک و نیو بۆ دوو ملیۆن منداڵ دەکەن.
لەڕاستیددا زۆربەی بنەماڵە هەژارەکان ناچارن لە نێوان دوو بژاردەی نان و خوێندنی منداڵەکانیاندا یەکیان هەڵبژێرن و ئەم هەڵبژاردنە ئیجبارییە لەکاتێکدایە کە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان و تەنانەت لە خودی یاسای بنەڕەتیی ئێرانیش حکوومەتەکان بە دابینکردنی پەروەردە و خوێندنی بەخۆڕایی ئەرکدار کراون. جیا لە گرانبوونی پێداویستییەکانی خوێندن، لە ئێستادا زۆربەی قوتابخانەکان ناونووسکردنی منداڵان بە دانی پارەیەک بە ناوی یارمەتیدان بە قوتابخانەوە گرێ دەدەنەوە و هەتا بنەماڵەی قوتابی ئەو پارە نەدات منداڵەکە لە قوتابخانە ناونووس ناکرێت. ئەم پرسە بۆتە گرفتێکی گەورە بۆ خێزانە کەم داهاتەکان و ئەمەش بۆتە یەکێک لە هۆکارەکان بۆ وازهێنان لە خوێندن.
دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن هاوکاتە لەگەڵ چوونەسەرەوەی ئاستی سەرکووت و دەستگیرکرانی سەدان مامۆستای قوتابخانە لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران بە تایبەت لە کوردستان. کۆمەڵێکی زۆر لە مامۆستایانی قوتابخانە جیا لە گیران و لێپرسینەوە، بەرەوڕووی کۆمەڵێک سزای وەک دەرکران لەسەر کار، خانەنشینکردنی زۆرەملی، گواستنەوە بۆ پارێزگا دووردەستەکان و چەندین سزای هاوشێوە بوونەوە و ئەوەش وەک تۆڵەکردنەوەیەک لەو مامۆستایانە دێتە ئەژمار کردن کە لە چەند مانگی ڕابردوودا لەسەر بانگهێشتنی ئەنجوومەن و ڕێکخراوە سنفی و پیشەییەکان چەندین کۆبوونەوە و مانگرتنیان ڕێکخستبوو. مامۆستایانی قوتابخانەکان کۆڵەکەی سیستەمی پەروەردەن و ئەم گوشارانە بۆ سەر ئەوان بەمانای سست بوونی ئەو کۆڵەکانەیە و بێگوومان کاریگەری ڕاستەوخۆ لەسەر کوالیتی خوێندن و سیستەمی پەروەردە دادەنێت.
لە درێژەی بەربەست و گوشارەکاندا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەیان گرتەی ڤیدیۆیی لە قوتابخانەکان بڵاوبۆتەوە کە شەپۆلێک لە دڵەڕاوکێ و نیگەرانیی لە کۆمەڵگادا درووست کردووە. لە ڤیدیۆکاندا بە ڕوونی دەردەکەوێت کە هێزە ئینتزامی و ئەمنیەتییەکان بە ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی سەربازییەوە لە قوتابخانەکاندا بڵاو بوونەوە و خەریکی چاودێریکردن و کۆنتڕۆڵکردنی منداڵانی قوتابخانە و هەڵسووکەوتەکانی ئەوانن. بۆ نموونە لە ڤیدیۆیەکی تایبەت بە قوتابخانەی “عەداڵەت”ی شارەکی ئاپادانای تاران دایک و باوکی منداڵەکان باس لە مانۆڕیی سەربازیی هێزە ئینتزامییەکان دەکەن و ئاماژە بەوەدەکەن کە ئەم مەسەلە ترس و دڵەڕاوکێی لە ناو خوێندکاراندا درووست کردووە. ئەم ڕەفتارانەی پۆلیس و هێزە ئینتزامییەکان لە چوارچێوەی مانۆڕێک بەناوی “پلانی پۆلیسی مێهر”ە کە لەژێر ناوی پاراستنی ئاسایش بەڕێوەدەچێت و بەڵام لە کردەوەدا لە ئاراستەی ترس و تۆقاندن و ئەمنییەتی کردنی قوتابخانەکاندا بەڕێوەدەچێت. ئەم کردەوانەی هێزە ئەمنیەتییەکان وەبیرهێنەرەوەی ژەهراوی کردنی سەدان قوتابخانەی کچان لە ساڵانی ڕابردووە کە حکوومەت هیچ بەرپرسیاریەتییەکی لەئەستۆ نەگرت و هیچ ڕوونکردنەوەیەکیشی بە کۆمەڵگا نەدا.
سیستەمی پەروەردەی ئێران سیستەمێکی فەشل و ناکارامەیە کە بەجێگەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی زانست، بۆتە ئامرازێک بۆ پاراستن و ڕاگرتنی هێز و هێژمونی کۆماری ئیسلامی. منداڵانی ئێران لەکاتێکدا بە هۆی هەژاری بەرەوڕووی دوورکەوتنەوە لە خوێندن دەبنەوە و وانەکانی خوێندن و پەروەردە بە هۆی نەبوونی سەرمایە و بودجەی شیاو هیچ گەشەیەک بە خۆیانەوە نابینن کە ملوێن ملوێن داهات و سەرمایەی ئێران بۆ پیشەسازیی ملیتاریستی و بۆ یارمەتیدان بە گرووپە تووندڕەوەکانی ناوچەکە خەرج دەکرێت.
لەڕاستیدا و لە وەها بارودۆخێکدا پەروەردە لەبری ئەوەی مافێکی گشتی بێت، بۆتە کاڵایەک کە هەموو کەس دەستی پێی ڕاناگات. ئەم هەلومەرجە ئاماژەن بۆ قەیرانێکی بەردەوامی ئابووری-کۆمەڵایەتی و قوڵبوونەوەی کەلێنی نێوان سیاسەتەکانی حکومەت و چاوەڕوانی و پێداویستییە گشتییەکان، بەتایبەتی لە بواری پەروەردەدا. لەلایەکی ترەوە کۆنترۆڵی بەردەوام و ژینگەی ئەمنیی قوتابخانەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر گەشەکردن و تەندروستی دەروونی نەوەی نوێ و داهاتووی کۆمەڵگا دادەنێت. ئەم بارودۆخە قوتابخانە لە شوێنی سروشتی خۆی (شوێنی گەشەکردن و داهێنان و پەروەردەکردن) دوور دەخەنەوە و دەیکەنە شوێنێک کە پەیوەستە بە ترس و کۆنترۆڵکردن و سەرکوتکردنەوە.
ئەم هەلومەرجە هەلومەرجێکی گشتی بۆ سەرجەم منداڵان و بۆ سیستەمی پەروەردەی ئێرانە و بەڵام بارودۆخەکە لە کوردستاندا بڕێک جیاوازترە. جیا لە سەرجەم گرفتە گشتییەکان، مەسەلەی خوێندن بە زمانی دایکی گرفتێکی تر بۆ منداڵانی کوردە. منداڵانی کورد و سەرجەم نەتەوەکانی تری ئێران ناچارن بە زمانێکی جیا لە زمانی دایکی بخوێنن و ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر کۆالێتی و ئاستی پەروەردە و تەنانەت لەسەر تەندرووستیی دەروونی منداڵانی کورد دادەنێت. پەروەردە و خوێندن بە زمانی دایکی مافێکی سروشتی و بێ ئەملاوئەولای هەموو مرۆڤێکە و بەڵام لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا ئەم مافە وەک زۆربەی مافەکانی تر پێشێل دەکرێت. دابینکردنی زەمیینە و کەرەستەکانی خوێندن بە زمانی دایکی لە ئەستۆی حکوومەتەکانە و هیچ بیانووێک توانای ڕەوایی بەخشین بە بزربوونی ئەم بەرپرسیاریەتییە و ئەم هەڵاواردنە ئاشکرایەی نییە.

