ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ۸/۲/۲۰۲۰ سمینارێکی سیاسی بە بۆنەی ۲٦ی ڕێبەندان-ڕۆژی کۆمەڵە بە بەشداریی کۆمەڵێک لە هەڵسووڕاوانی سیاسی و ڕۆشنبیری، نوێنەرانی حیزبە سیاسییەکان و هاوڕێیانی کۆمەڵە لە شاری یۆتۆبۆری/وڵاتی سوید، بەڕێوەچوو.

ڕێوڕەسمەکە سەرەتا بە سروودی کۆمەڵە دەستیپێکرد. پاشان بۆ ڕێزگرتن لە یادی گیانبەختکردوانی کۆمەڵەو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد، چەن ساتێک بێدەنگی ڕاگیرا.
بێدەنگیەکە بە پارچە شێعرێک کۆتایی پێهات و دواتر پەیامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە بە بۆنەی ۲٦ی ڕێبەندان لە لایەن هاوڕێ “بێهنام فەتحی” پێشکەشکار و بەڕێوەبەری ڕێوڕەسمەکە و ئەندامی کۆمەڵە لە کۆمیتەی شاری یۆتۆبۆری خوێندرایەوە.

وێڕای چەندین پیام و برووسکەی پیرۆزبایی لە لایەن ڕێکخراوەو حیزبە سیاسیەکانەوە، “هاوڕێ ساماڵ” لە لایەن “کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسیە کوردو کوردستانیەکان”، وێڕای پیرۆزبایی ڕۆژی کۆمەڵە، کورتەباسێکی پێشکەش بە بەشداربوان کرد.

دواتر پانێلەکە کە پێکهاتبوو لە دوو بەشی؛ لێدوان و پرسیار، دەستیپێکرد.

بەڕێزان:فەریبا مۆحەممەدی(ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە)، خالد خەیاتی(مامۆستای زانستە سیاسیەکان) و محەمەد مۆهتەدی(چالاکی سیاسی و پێشمەرگەی دێرینی کۆمەڵە) ئەم بابەتانەیان پێشکەش کرد:
“حیزب و پێۆیستییەکانی ئەم سەردەمە”لە لایەن هاوڕێ فەریبا مۆحەممەدی.
ئەودیوی قەیرانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و پڕۆژەی سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان” لە لایەن بەڕێز خالد خەیاتی.
“دۆخی کورد بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی” لە لایەن بەڕێز محەمەد مۆهتەدی.

سمینارەکە بەڕوونکردنەوەو لێدوانی چڕۆپڕی سیاسی و زانستیانەو ئاراستە کردنی پرسیار و بەشداری گەرموگۆڕی ئامادەبوان، کۆتایی پێهات.