راگەیاندنی سکرتاریەتی کۆمەڵە بە بۆنەی مەرگی دوو پێشمەرگەی دێرینی کۆمەڵە

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!

دۆستان و دڵسۆزانی کۆمەڵە!

زۆر بە داخەوە رادەگەیەنین کە لە ماوەی رابردوودا دوو هاورێی دێرینی کۆمەڵە،هاورێیان ئیرەج رادفەر ناسراو بە دیاکۆ، کە لە ساڵانی خەباتی پێشمەرگانەیدا  دوو جار بە قورسی بریندار ببوو،و هاورێ کەریم مەولوودی لە سیما ناسراو و خۆشەویستەکانی کۆمەڵە لە شاری سەقز کە سەرەرای گیانبەختکردنی برایەکی، بە بنەماڵە بە هۆی تێکەڵاوی و قوربانیدانیان لە شۆرشی کوردستاندا وەک زۆرێک لە بنەماڵەی تێکۆشەرانی کوردستان  لە لایەن حکوومەتی ئیسلامییەوە سزای دوورخرانەوە لە زێد و شاری خۆیان بەسەردا سەپابوو و بە ناچاری لە دەرەوەی کوردستان دەژیان،لە وڵاتی سوئێد و بە هۆی نەخۆشییەوە بۆ هەمیشە بە جێیان هێشتین.

مەرگی هاورێیان دیاکۆ و کەریم لە کاتێکدایە کە کۆمەڵە لەبەر دەم یادکردنەوەی ٥٠ ساڵەی تەمەنی دایە. لە یادی ٥٠ ساڵەی تەمەنی کۆمەڵەدا وێرای رێزگرتن لە  ئەرک و ماندوو بوون و خەباتی هەموو تێکۆشەرانی  دێرینی کۆمەڵە،پێگەی گیانبەختکردووانی ئەو رێبازە بەرز نرخێندراوە.بۆیە بێگوومان مەرگی ئەم دوو هاورێ ئازیزەش لەسەر بەردەوامیمان لە خەبات و تێکۆشان سوورترمان دەکات و لەگەڵ هاوسەنگەران و هاورێیان و بنەماڵەی سەربەرزیان پەیمان نوێ دەکەینەوە کە هەتا وەدیهاتنی ئامانجە بەرز و ئینسانییەکانی هەموو گیانبەختکردووانی کۆمەڵە لە خەبات و تێکۆشان دەست هەڵناگرین.

لێرەوە و لە لایەن هەموو ریزەکانی کۆمەڵە پر بە دڵ سەرەخۆشی لە خۆمان و بنەماڵەی ئازیزی هاورێیان ئیرەج رادفەر(دیاکۆ) و کەریم مەولوودی دەکەین.

بەرز و بەرێز بێت یادی ئازیزی هاورێیان ئیرەج رادفەر(دیاکۆ) و کەریم مەولوودی.

سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

٠٩/٠٢/٢٠٢٠ی زایینی

٢٠/١١/١٣٩٨ هەتاوی