ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی كوردستانی ئێران
بە‌ بۆنە‌ی 2ی ڕەشەممە، ڕۆژی جیهانیی زمانی دایكی

زمان، سەرەکیترین ئامرازی پێوە‌ندیی نێوان تاكە‌كانی كۆمە‌ڵگا و یە‌كێك لە‌ سە‌رە‌كیترین كۆڵەكەكانی پێكهێنەری كەسایەتی و شوناسی مرۆڤە‌ و ئاخاوتن و فێربوون بە زمانی دایکی یەكێك لە سەرەتاییترین مافەكانی هەر تاكێك لە كۆمەڵگای مرۆییدایە.
لە‌ بواری سیاسیشەوە زمان، یەکێک لە بناغەکانی ناسنامەی‌ نە‌تە‌وە‌یی و‌ گەورەترین سەرمایەی کولتووری و پردی پێوەندیی نێوان تاکەکانی هە‌ر نە‌تە‌وە‌یە‌ك و هێڵی جیاکەرەوەی لە نەتەوەکانی دیکەیە‌.‌
ئێران وڵاتێکی فرەکولتوور و فرەنەتەوەیە کە هەرکام لە نەتەوەکانی پێکهێنەری ئەم وڵاتە خاوەنی زمان و شوناسی جیاوازی خۆیانن. بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکانی پێوەندیدار بە مافی مرۆڤ، ئاخێوەرانی هەر زمانێک مافی خۆیانە کە بە زمانی دایکیی خۆیان بخوێنن و کولتوور و زمانی خۆیان بپارێزن و پەرەی پێ بدەن. ئەو مافە لە‌ زۆربەی بە‌ڵگە‌نامە نێونە‌تە‌وە‌ییەكانی وەك بڵاوكراوە‌ی زمانی دایكی، راگە‌یەندراوی جیهانیی مافی زمان، خاڵە‌كانی ٣ و ٤ی ڕاگە‌یەندراوی كە‌سانی سە‌ر بە‌ كە‌مایە‌تییە‌ نە‌تە‌وە‌ییە‌كان، گە‌لان، كە‌مایە‌تییە‌ زمانی و مە‌زهە‌بییە‌كان، مادە‌ی ٣٠ی كۆنڤانسیونی مافی منداڵ و مادە‌ی ٢٧ی رێككە‌وتنامە‌ی نێونە‌تە‌وە‌یی مافە‌ سیاسی و مە‌دە‌نییە‌كاندا بە ڕوونی ئاماژەی پێ كراوە‌.
لە جاڕنامەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتوەكاندا هاتووە: “هەموو مرۆڤێك لەو كاتەوە كە لە دایك دەبێ مافی ئەوەی هەیە كە بە شێوەیەكی سروشتی بە زمانی دایكی خۆی بخوێنێت، بیر بكاتەوە و پەروەردە ببێت”.

بەپێی لێكۆڵینەوە زانستییەكان، خوێندن بە‌ زمانی دایكی یارمە‌تیدەری منداڵ بۆ تێگەیشتنی ئاسانتر لە وانە‌كانی خوێندن و راستە‌وخۆ بیركردنەوەیە. منداڵێك كە پەروەردەی بە زمانی دایكیی خۆی بێت، خێراتر بە‌ سە‌ر كۆسپەكاندا زال دەبێ، زیاتر هە‌ست بە‌ كە‌سایە‌تی و كەرامەتی خۆی دە‌كا و متمانە‌ی زیاتری بە‌ خۆی هە‌یە‌، شانازی بە‌ خۆیە‌وە‌ دە‌كا كە‌ كە‌سایە‌تییە‌كی سە‌ربە‌خۆی هە‌یە‌، دە‌رفە‌تی لەبارتری بۆ گە‌شەی هزری و پێشكەوتن دەبێ و تەنانەت خێراتریش فێری زمانی دیكە‌ دەبێ.

بە‌ پێچە‌وانە‌وە‌ ئە‌گە‌ر منداڵ بە‌ زمانی دایكی نە‌خوێنێ، لە‌گە‌ڵ زمانێكی دیكە‌دا ڕووبە‌ڕوویە‌ كە‌ هەر لە یەكەم ڕۆژەوە بۆی نامۆیە و كاتی زیاتری دە‌وێ تا گوێی بە بیستنی دە‌نگەكانەوە خوو بگرێت، مێشكی بۆ وە‌رگرتن و زمانی بۆ وتن ئامادە‌ بكات و دە‌ستە‌كانی بۆ نووسین رابێنێ. سە‌رە‌ڕای ئە‌م هە‌موو كۆششە تێگە‌یشتن لە‌ وانە‌كان بۆی دژوار دە‌بێ، بیری پرش و بڵاوە‌ و كاتی زۆری بۆ بیركردنە‌وە‌ و تێگە‌یشتن پێویستە‌. دە‌بێ لە مێشكی خۆیدا وشەكان وە‌رگێڕێ و ڕستە‌كان دروست بكات. لە‌ كاتی تێنە‌گە‌یشتندا هە‌ست بە‌ لاوازی و سەرشۆڕی دە‌كا، زۆربە‌ی كات دوو دڵە‌، منداڵێک كە‌ بە‌ سە‌ر زمانی دایكیی خۆیدا زاڵ نە‌بێ، لە‌ فێر بوونی زمانێكی دیكەشدا‌ پێشكەوتنی ئەستەم دەبێت.

بەداخەوە لە وڵاتی ئێمە و لە یەك سەدەی ڕابردوودا حكوومەت لە‌ ڕێگای جۆراوجۆرە‌وە‌ سیاسە‌تی ئاسیمیلاسیۆن و سە‌ركوت و لە‌نێوبردنی زمانی نە‌تە‌وە‌ ژێردەستەكانی ئێرانی بەڕێوە بردووە‌. لە‌وانە‌ قە‌دە‌غە‌كردنی خوێندن بە‌ زمانی دایكی لە‌ قوتابخانە‌كاندا، قەدەغەكردنی ئاخاوتن بە‌ زمانی نەتەوە ژێردەستەكان لە‌ ڕەوتی كاری خوێندنگا و ئۆرگانە‌ دە‌وڵە‌تییە‌كاندا، بە‌رتە‌سككردنە‌وە‌ی ڕۆڵی ئەو زمانانە لە‌ كاری ڕۆژانە‌ی خە‌ڵكدا، بە‌رتە‌سككردنە‌وە‌ی بە‌رنامە‌كانی ڕادیۆ و تە‌لە‌ڤیزیۆن بە‌ زمانی گە‌لانی ژێردەست‌ و تێكدانی شێوەزارەكانیان لە ڕێگەی تێكە‌ڵكردنی نەگونجاوی وشەكانی زمانی نەتەوەی باڵادەستەوە، قە‌دە‌غە‌كردنی قسە‌كردن لە‌ قوتابخانە‌كاندا بە‌ زمانی دایكی، سووكایە‌تی بە‌ زمانی گە‌لانی دیكە‌ و پڕوپاگە‌ندە‌ی لەو چەشنە كە گوایە زمانی دایكیی ئەوان لە ڕووی زانستییەوە لاوازە و‌ وە‌ڵامدە‌ری داهاتووی پێشەییان نییە‌، هێنانی پەروە‌ردە‌ی ئایینی لە‌ باتی پەروە‌ردە‌ی نە‌تە‌وە‌یی لە‌ قوتابخانە‌كان، تە‌رخانكردنی بە‌رنامە‌كانی دە‌نگ و ڕە‌نگی كۆماری ئیسلامی بۆ زمانی فارسی و پەرەپێدانی هەرچی زیاتری ئەو زمانە لە ناوچەكانی نەتەوە بندەستەكاندا، دروستكردنی هە‌موو بە‌رنامە‌كانی منداڵان بە‌ زمانی فارسی بۆ ئە‌وە‌ی منداڵان هە‌ر لە‌ منداڵییە‌وە‌ بە‌ زمانی فارسی خوو بگرن و بەم دواییانەش گەڵاڵەی ڕووخێنەری “بەسەندەگیی زمانی فارسی” بۆ ئەو منداڵانەی کە دەیانەوێ بچنە پۆلی یەکەمی سەرەتایی، كۆمەڵێك لەو سیاسە‌تانە‌ن كە‌ بۆ بە‌رتە‌سككردنە‌وە‌ و لاوازكردن و لە‌نێوبردنی زمانی دایكیی گە‌لانی بندەست و بۆ وە‌دە‌رنانیان لە‌ مە‌یدانی ركە‌بە‌رایە‌تیی زمانی فارسی لە‌ پێش گیراون.
لە ئەسڵی ١٥ی یاسای بنەرەتیی كۆماری ئیسلامیدا هاتووە كە زمانی فەرمیی خوێندن و نووسین زمانی فارسییە و هەموو بەڵگە و نووسراوە فەرمییەكان و پەرتووکی وانەکان دەبێ بە زمانی فارسی بێت، بەڵام كەڵك وەرگرتن لە زمانە ناوچەیی و قەومییەکانی دیكەی لە بڵاڤۆك و میدیاكان و وتنەوەی وانەی ئەو زمانانە لە تەنیشت زمانی فارسی ئازادە.