سەرەڕای بەربەست و بەگژدا چوونەوەو ئازاردانی دەروونی، ژنان هەر بەردەوامن لە خەبات بۆ یەکسانیدا.

ئەمساڵ جیاوازتر له ساڵانی پێشوو یادی ئەم ڕۆژە دەکرێتەوە. هەمووان ئاگادارین کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بە هۆی هاتنی ڤایرۆسی کرۆنا و بەخێرایی بڵاوبوونەوەی لە ناوخەڵدا، دڵەڕاوکێ و ترسێکی گەورەی درووست کردووە. هەربەم بۆنەشەوە هەموو کۆڕ و کۆمەڵێکی تایبەت بە ڕۆژی ژن لەمساڵدا ڕاگیراون.
هەرچەند ئەم هۆکارەو سەدان هۆکاری دیکە ڕەنگه ببنە بەربەست بۆ جێبەجێ کردنی کارێکی عەمەڵی بەڵام هەوڵ و ماندووبوونەکان هەر بەردەوامن .

ئەمڕۆکە پێشکەوتنە یەک لە دوای یەکەکان لە جیهان لە ژیانی مرۆڤەکاندا گۆڕانکاریەکی گەورەی دروست کردووە. هەواڵەکان لە چوارچێوەی تی ڤی دا جێگەی خۆی گۆڕیوەتەوە بە کەناڵێکی تۆڕێکی کۆمەڵایەتی وەک تلگرام و وتارێکی ژنانیش لە هۆڵێکی سەد کەسیدا گوازراوەتەوە بۆ بەشەکانی تری تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و ئەوەتا ئاڵای یەکسانیی ژنان هەر شەکاوەو دەنگی دلێری یەکبوون هەر بەرزە.

٨ی مارس سەردەمی ڕابوون و هێز و خەباتە بۆ گەیشتن بە مافی ئینسانیی بەبێ لەبەرچاو گرتنی کێشەکانی بەردەمیان. لە ڕاستیدا ئەم ڕۆژە هەلێکە بۆ دوواوە ڕوانین و لێوەی فێربوونه بۆ بەدەست هێنانی دەستکەوتێکی باش بۆ ژنان و نەوەی نوێ لە داهاتوودا.
ژنان ئێستا لە دونیا لە سەفی پێشەوە و لە ڕێکخستنی هەموو خەبات و ئێعترازێک دان.

دەستەبەر بوونی مافی ژنان پێویستی بە پێوەرێکی دروست و زامنکراو هەیە کەبتوانێت ئازادی ڕاستەقینەو دادپەروەریی لە کۆمەڵگادا بەدی بێنێت.
هەر بۆیە لە کۆمەڵگای ئێران و بەتایبەتی کوردستان بە هۆی بوونی ڕژیمێکی تاسەر ئێسقان دژە ئینسانیی و دژە ژن ئەم خەباته هەر درێژەی هەیە.لێرەدا نمونەی هەرە زیندوو و ئاشکرا، بەشداری بەردەوامی ژنانە لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکاندا. ئەوە بوو ئەمساڵیش لەپاڵ ساڵەکانی دیکە ژنان دەستپێشخەر و هاندەریش بوون بۆ بەشدار نەکردن لە هەڵبژاردنە فەرمایشیەکانی کوماری ئیسلامی ئێران و سندووقەکانی دەنگدان وەک هەمیشە بەتاڵ مایەوە.
دەنگی ژنان لە ڕۆژهەڵات هەموو کات بۆ نەمانی کۆماری ئیسلامی بووە. خەباتیش لە ژێر سێبەری حکومەتێکی ئایین سالاری و پیاوسالاریدا کارێکی دژوارە و هێزێکی نەپچڕاوەی دەوێت کە ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەمڕۆکە سمبولی هێز و خۆراگرین.

خەبات بۆ ڕزگار بوونی ژن لە ژێر کۆت و بەندی بیری کۆنی پیاومەزنی و بنیادنانی کۆمەڵگایەکی یەکسان، تەنها ئەرکی ژنان نیە، بەڵکوو ئەم خەباتە پێویستی بە هەوڵی هەر دوو ڕەگەز هەیە. ئەمە ئەو دەستکەوتە مەزنەیە کە ژنان بە درێژایی خەباتیان هەوڵیان بۆداو ئێستاش خوێنەر و بیسەری سەدان وتار و بانگەوازیی یەکسانیخوازین لە زمانی پیاوانەوە کە لێرەدایە دەست ئاوەڵابوون و بێ ترس لە نێوبردنی هەڵاواردنە ڕەگەزییەکان. هەرچەند وێڕای ئەم دەسکەوت و گۆڕانکارییانەش لە کوردستان هێشتا پێشێلکاری و توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان لە ئاستی جیاوازدا هەر بەردەوامە و ڕۆژانە ئاگادار ئەبینەوە لە سووکایەتی کردن و کوشتن و لێدانی ژنان.

لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی توندوتیژیەکان بەرانبەر بە ژنان سنووری تێپەڕاندووە. یاسا نایەکسانی و دژە ئینسانیەکانی بەجۆرێک خۆ خزاندووەتە نێو کۆمەڵگا کە کاریگەریەکانی هەر لە نێو خوێندنگەوە هەتا شوێنی کار و لەوێشەوە بۆ نێو چوارچێوەی ماڵ ، دەبینین.
لە ژێر دەسەڵاتی ئەم ڕژیمەدا شوێنێک نیە بۆ هەناسەدانی ئازادانە و بێ دەغدەغەی ژنان.

ئێمە وەک ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد دیسانەوە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە ئازادی کۆمەڵگا بەستراوەته بە ئازادی ژن و هەتا ئازادی ژنان دەستەبەر نەکرێت، کۆمەڵگاش ئازاد نابێت.
هەروەها لەلایەن خۆمانەوە پیرۆبایی ئەم ڕۆژە لە سەرجەم ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی جیهان بە تایبەت کوردستان دەکەین و سەری ڕێز دادەنوێنین لەبەردەم گڵکۆی ئەو ژنە قارەمانانەی بۆ بنیادنانی کۆمەڵگایەکی یەکسان، گیانی ئازیزیان بەخت کرد. ڕێز له خەبات و خۆڕاگریان دەگرین و یادیان بۆ هەمیشە زیندوو ڕادەگرین.

بژی بزوتنەوەی یەکسانی‌ و ڕزگاریخوازی ژنان
بژی سوسیالیزم

ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد