رۆژی جیهانیی ژن دەرفەتێکە تا لە نێو گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەمرۆی دنیای مرۆڤایەتی، یەکێک لە گرنگترین دەردەکانی مێژوی ئینسانی و کۆمەڵگای ئەوڕۆش هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەمان بۆی ھەبێ. 

  هەلومەرجی ژیانی کۆمەڵایەتی، ھەڵاواردنی ڕەگەزی، ئابووری و سیاسی ژنان هاوکات لە گەڵ پێشکەوتن و بەرەو پێشچوونی دنیای مودێرنی ئەم سەردەمە، ھێشتا بەشی زۆری وزە و توانی کۆمەڵگای تێدا قەتیس کراوە. لە حاڵێکدا ژنان توانیویانە سود لە دەرفەتی گەشەی کولتور و پێشوەچونەکانی مروڤایەتی وەربگرن، بەڵام لە هەمان حاڵدا لە زۆر شوێن و ناوچەدا، کولتوری پیاومەزنی، ئایین و نەریتی کۆن، لەمپەری سەرەکی و بەھێزن لە مەڕ پێشکەوتنی ژیانی ژنان. 

ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە بە بوونی رژیمێکی کۆنەپەرەستی ئیسلامی و یاسای دژە ژن، لە ریزی پێشەوەی خراپترین وڵاتانە بۆ پرسی ژن. بەڵام ئەوەی گرینگە، بەشێکی زۆر لە ژنان لە ئێران، هیچ کات ملیان بۆ ئەو یاسا و کلتورە نەوی نەکرد، بەرەنگاری بوونەوە و لەم پێناوەشدا گەلێک قوربانیان داوە. 

   ئەگەر سەیری رووداوەکانی خەزەڵوەری ئەمساڵ لە ئێران بکەین، خۆپیشاندانی بەربڵاو لە دژی رژیمی کۆماری ئیسلامی لە زۆربەی شارەکان بەرێوە چوو، بینیمان ژنان لە پێشەوەی ئەم خەباتە بوون و دەیان کەسیان گیانیان لە دەستدا. لە ماوەی چوار دەیەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، ژنان نەک ھەر قوربانییان داوە و دژایەتی ئەو سیاسەت و ئایدیۆلۆژیەیان کردووە، توانیویانە لەسەر زەینی ھەموو کۆمەڵگاش کاریگەرییان ھەبێ و خواستی یەکسانی و مافی ژن لە سەروی داخوازیەکان ڕابگرن و مانایەکی بەرینتر بدەنە ڕزگاری و ئازادی کۆمەڵگا.

ژنی کورد وەک بەشێک لە ژنانی سەرتاسەری ئێران، وەک ژنانی نەتەوەیەکی بندەست، بێگومان زیاترین پشکیان لە قوربانیدان و ماڵوێرانی بەرکەوتووە. بوونی بزاڤێکی بەرحەق و ئازادیخواز لە کوردستان هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری ئەم رژیمە تاکوو ئێستا، ڕواڵەتێکی نوێی بەخشیوەتە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد. ئەوان لە دژی تاریک پەرەستترین رژیم هاتنە مەیدان و سیمایەکی نوێ و پێشکەوتنخوازانەیان بەم بزاڤە بەخشی. ئێمە وەک کۆمەڵە خۆمان بە بەرگریکاری سەرەکی ئەم خەباتە و هێنانە مەیدانی ژنان دەزانین، بەڵام لە ئێستادا تەنیا شانازی کردن بە مێژوو و باس کردن لە رابردوو ناتوانێ  وڵامدەرەوەی بزاوت و داواکارییەکانی ئەمرۆی ژنی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بێ. پێویستە لە ئاست ئاڵوگۆڕەکانی دنیای ئەمرۆ و پێشکەوتنەکانی ژنی کورد ھەنگاو بنێین و ببین بە بەشی جیانەکراوەی بزوتنەوە ڕزگاریی ژن تا سەروەری نوێ بۆ کوردستان لە ناوچەیەکی هەمیشە ئاڵۆز و پڕ کێشە، تۆمار بکرێ. پێگەی ژنی کورد لە ئێستای بزوتنەوەی کورددا لە ئاستی ئەو قوربانیدان و فیداکاریانەی ژنان لە چڵ ساڵی رابردوو نییە و زیاترین ئەرکیش دەکەوێتە سەرشانی کۆمەڵە و کۆمەڵەییەکان بۆ پڕ کردنەوەی ئەو کەلێنە. 

 ئێمە بە هەست کردن بەم بەرپرسایەتیەو، ئەو کەم وکۆڕیانە، پێویستە ئەمرۆیتر هەوڵ بۆ بە هێز کردنی پێگەی ژن لە نێو بزوتنەوەکە و  ھەموو بوارەکانی کاری حیزبی، بدەین.

  ئەوڕۆ پۆتانسیەل و توانای ئەوە لە نێو ژنانی خەباتکار و نەوەی تازە پێگەیشتوو بە روونی دەبیندرێ و دەبێ ئەو بەستێنە کاری جیددی لەسەر بکرێ. 

 کۆمەڵە وێرای رێز گرتن لە خەبات و تێکۆشانی هەموو ئەو ژنانەی کە لە ریزەکانی کۆمەڵەدا بەوپەڕی لە خۆبوردوویی و گیانبازییەوە رۆڵی گەورە و کاریگەریان لە بزاڤی کوردستاندا گێڕا و بەشێکیان لەم پێناوەدا گیانیان بەخت کرد، بەڵێن دەدا کە جارێکیتر قەڵا و پشتیوانی ژنان بێت و پرسی ژن لە ریزی سەرەکیترین ئاجێندای کاری خۆیدا دایبنێت. 

لە کۆتاییدا سەری رێز لە بەرانبەر هەموو ژنانی گیانبەختکردوو دادەنوێنین و رێز لە ئیرادە و خۆراگری قارەمانانەی هەموو ژنانی تێکۆشەر و کۆڵنەدەری کوردستان دەگرین.

سەرکەوێ بزاڤی یەکسانیخوازی ژنان

مەرگ و نەمان بۆ کۆنەپەرەستان و رژیمە دژە ژنەکان

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

١٦ی رەشەممە ١٣٩٨ی هەتاویی

٦ی مارسی ٢٠٢٠ی زایینی