چاوە چاوەروانەکەی پشت پەنجەرەی هیوا و ئومێدیش لێکنرا!


راگەیاندنی سکرتاریەتی کۆمەڵە، بە بۆنەی مەرگی دایە پەریزاد شاە موحەممەدی
خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!
دۆستان و دڵسۆزان و هاورێیانی کۆمەڵە!
زۆر بەداخەوە رادەگەیەنین کە شەوی رابردوو ٢٢ی مانگی رەشەممە،دایە پەریزاد شاە موحەممەدی بە هۆی نەخۆشی و وەستانی لە ناکاوی دڵ، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری تەورێز و لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا بۆ هەمیشە چاوە پر لە چاوەروانییەکانی لێکنا و بە جێی هێشتین.
دایە پەریزاد شاەموحەممەدی کە پۆلێک لە کوران و کچانی خۆی پێشکەشی کۆمەڵە و خەباتی رزگاریخوازانەی کوردستان کردبوو، و سیمایەکی ناسراو و خۆشەویستی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە و خەڵکی ناوچەکە بوو، هاوسەری مام عەلی عەزیزی(تورجان) تێکۆشەر و هەڵسووراوی کۆمەڵە بوو کە بەداخەوە لە دەیەی ٦٠ی هەتاویدا دوای ئەوەی لەلەیەن هێزەکانی ئیتلاعاتی رژیمی ئیسلامییەوە دەستبەسەر کرا و پاش ئازار و ئەشکەنجەدانی زۆر گیانی بەختکرد .تەنانەت ئەو وێنەیەی کە لە راگەیاندنی هەواڵی مەرگی دایە پەریزاد دا بڵاو کراوەتەوە،بەر ئەو پەنجەرەی ژوورەکەیانە کە دەیروانییە مقەرەکەی کۆمەڵە لە تورجان و دایە پەریزاد هەمیشە لە وێوە بە روانین و هەڵدانەوەی لاپەرەی بیرەوەرییەکانی بەردەوام هیواکانی گەش دەبوونەوە و چاوەکانی هەتا دواچرکە چاوەروانی گەرانەوەی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە و ئازیزانی خۆی بوو.
ئێمە بە بۆنەی مەرگی دایە پەریزادەوە لە لایەن هەموو پێشمەرگەکانی کۆمەڵەوە پر بە دڵ سەرەخۆشی لە هاورێیان مریم و موحەممەد و عەبدووڵای عەزیزی و هاورێ قەرەنی ئیلخانیزادە و بنەماڵەی خۆراگری دایە پەریزاد و هەموو خەڵکی تورجان و ناوچەکە دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەم و پەژارەیان دەزانین.
بێگوومان ناو و یادی دایە پەریزاد شاەموحەممەدی بۆ هەمیشە لە دڵماندا دەمێنێتەوە.
یادی ئازیزی بەرز و بەرێز بێت.

سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢٢ی رەشەممەی ١٣٩٨ی هەتاوی
١٢ی مارسی ٢٠٢٠ی زایینی.