جەماوەری تێكۆشەری كرێكاران !

ڕەنجدەرانی بیر‌و بازو!

خەڵكی زەحمەتكێشی كوردستان !

كۆربەندی چەپی كوردستانی بەبۆنەی یەكی ئایارەوە، كە ڕۆژێكی سومبولی جیهانییە، بۆ دەڕبڕینی تێكۆشان و هاوكاری كرێكاران لە سەرانسەری جیهاندا، سڵاوی تێكۆشان ئاراستەی بەرهەمهێنەرانی ڕاستەقینەی پێداویستییەكانی ژیان، و سەرجەم كرێكاران و ڕەنجدەرانی بیروبازو و خەڵكی زەحمەتكێشی كوردستان‌و جیهان دەكات.

رۆژ لە دووای رۆژ دەردەكەوێت كە بەرهەمی سەرمایەداری جیهانی بێكاری و هەژاری وتێكچونی ژینگە و قەیرانی تەندروستی و بارگرژی و شەڕی شوناس و پێشبركێی چەك و هەژمونی گەندەڵی، و كەڵەكەبوون و زیادبوونی داهات و دارایی سەرمایەداران بووە، و لەبەرامبەریشدا هەرەسهێنانی ئابوری وڵاتە تازەپێگەیشتوەكان و قەیرانی ئابوری تیایاندا و هەژاری گەلان و خەڵكی زەحمەتكێشی، هاتۆتەكایەوە، و چینی كرێكارو ناوەندەكانی زەحمەتكێشان دووچاری شاڵاوی لیبرالیزمی نوێ و شەڕی ئیمپریالزمی، وپاشگەزبوونەوەی دەوڵەت لە ئەركی ئابوری و كۆمەڵایەتی خۆی، دەبێتەوە.

 لە جیهاندا رۆژانە بە هەزاران لە خەڵكی هەژار و بێ دەرامەت لە بەر نەداری و برسیەتی گیان لە دەست دەدەن و بە ملیونان كارتۆن خەو لە سەر شەقامی ڕازاوەترین شارەكانی دونیا رۆژ دەكەنەوە.

لەم سەردەمی ڤایرۆسی كرۆنایەدا  كە هەموو دونیا توشی شوك بووە، ئەوە دیسان كرێكارانن كە سفرەیان بێ رەونەقتر بووە و هەژاریێكی زیاتری تەنگی پێهەڵچنیون، و هەژاری نێو ماڵ مەرگێكە و چوونە دەروەش دیسانەوە توشی مەترسیێكی دیكەیان دەكات، واتا كەرنتینەش تەنیا خاون سەرمایەكان دەپارێزیت. لەو لاشەوە نیزامی گەندەڵی سەرمایەداری بە هەموو دەسەڵات و جبەخانەكانیەوە لە بەرانبەر ئەم ڤایروسەدا بێ دەسەڵات ماوە و نێوەرۆكی راستەقینەی خۆی وەك رۆژی روون ئاشكرا كرد كە سەرمایەداری جگە لە بەرژەوەندی خۆی و پڕ كردنی گیرفانی خۆیان و كەڵەكە كردنی سەرمایە هیچ شتێكی بۆ مرۆڤایەتی پێ نیە.

لە و وڵاتە زلهێز و دەوڵەمەند و بەڕواڵەت پێشكەوتووانەدا ژمارەی موشك زۆر زیاترە لە ئامێری هەناسەدان، چەك و خەرجی سەربازی زۆر زیاترە لە ماسك و دەستەوانە و كەرەستەی تەندروستی كەچی نرخیان زۆر جیاوازە و  بەروارد ناكرێن.

جەماروەری كرێكاران و زەحمەتكێشانی كوردستان!

لە كاتێكدا خەڵكی كوردستان و كرێكارانی بیرو بازوو لە رۆژهەڵات و رۆژئاواو و باكورو باشوری كوردستان بە شێوازی جیاو و جۆراو جۆر رووبەرووی داگیركاری بونەتەوە، ئێمەی لایەنەكانی كۆڕبەندی چەپی كوردستان تێكۆشانی چینایەتی لە هەموو بەشەكانی كوردستاندا لە تێكۆشانی نیشتمانی گەلەكەمان جیاناكەینەوە، و هەردەم كرێكاران و ڕەنجدەرانی بیرو بازو، و تەواوی زەحمەتكێشانی گەلەكەمان لە ریزی پێشەوەی داكۆكیكردن لە كوردستان بوونە، و قوربانییان لەم پێناوەدا داوە، و لە پێناوی مافی چارەنوسی گەلی كوردستان لە سەنگەری بەرەنگاریدا بوونە.

لەو وڵاتانەش كە كرێكارانی كوردی لێیە سەرباری دەردی هاوبەشی چینایەتی لە ئێرانی رژێمی ئیسلامی و توركیەی‌ ئۆردوگان و سوریەی بەعسی دا هەلومەرجی كرێكاران ‌ زۆر نالەبارە و هیچ خزمەتگوزارییەك بۆ ئەو چینە زەحمەتكێشە لە ئارادا نیەو و هەژار ترین توێژی نێو كۆمەڵگاكانی خۆیانن، و كرێكارانی كوردیش لەو وڵاتانە بەهۆی ناسنامە و  كوردبوونیش جارێكی دیكە دەچەوسێنرێنەوە، و لەو بەشەی كوردستانی باشووریش، یاسای كاری عادیلانەی گونجاو و بیمە كۆمەڵایەتی لەبار كە لەگەڵ پێداویستییەكانی ژیان بگونجێت، ئامادە نەكراوە، و رێژەی بێكاری لە ناو كرێكاران و دەرچوانی زانكۆ پەیمانگاكان لە بەرزبونەوەدایە.

ئێمەی لایەنەكانی كۆڕبەندی چەپ كە تێكۆشانی تیشتمانی كوردستانی بە تێكۆشانی چینایەتی و تێكۆشان لە پێناوی ئازادی و دیموكراسی دەبەستێنەوە، جەخت لە سەر تێكۆشانی نێونەتەوەی دەكەینەوە و پێمان وایە ئەم دۆخە سەلماندی كە كۆمەڵگای مرۆیی یەك كۆمەڵگایەو سەلامەتی و تەندروستی هەموو مرۆڤەكان پێكەوە بەستراوە،‌ تەنیا  پێكەو بوون هاوپشتیە بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتی مرویی و دوور لە چەوسانەوەی مرۆڤ.

لە كاتێكدا ئەمساڵ بە هۆی ڤایرۆسی كرۆناوە كرێكاران ناتوانن بەیەكەوە لە شەقامەكاندا بانگی یەكسانیخوازی دژ بە سیستەمی سەرمایەداری بڵێنەوە، بەڵام شێوازی دیكە بۆ بەرزكردنەوەی دەنگی كرێكاران لە ئارادایە و ئەم بەیاننامەیەش  یەكێكە لەوانە و تێكۆشانی كرێكاری بۆ هێنانەدی  جیهانێكی تر، جیهانی ئاشتی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی و سۆشیالیزم  بەردەوامە.

لایەنە چەپ و كۆمۆنیستەكانی  بەشدار لە كۆربەندی چەپی كوردستانی :

– حزبی كۆمۆنیستی كوردستانی  باكور

– حزبی كۆمۆنیستی كوردستانی رۆژئاوا

– حزبی سۆسیالیستی كورستانی باكور

– كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان

– بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان.

– حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان

– حزبی شیوعی كوردستان.