پلینۆمی ١١ی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە نیوان ڕۆژانی ٢٤ ئاپریل تا سێی مانگێ مای بە شێوەی ئانلاین بەڕیوەچوو. بە سرودی بانگەواز، سرودی کۆمەڵە و دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ یادی گیانبەختکردوانی بزوتنەوەی ڕزگاریی کوردستان و ڕێگای ئازادی و سۆسیالیسم، ڕەسمییەتی پلێنۆم ڕاگەیەندرا.

 دوای ڕەسمیەتی پلێنۆم هاوڕێ عومەر ئێلخانیزادە ڕاپۆرتی سیاسی بە پلێنۆم پێشکەش کرد. لە ڕاپۆرتی سیاسیدا گرینگترین پێشهاتەکانی جیهان، ناوچە، ئیران و کوردستان بە لەبەرچاوگرتنی پەتای کڕۆنا درابووە بەر باس و لێکۆڵینەوە:

  تەوڕێکی ڕاپۆرت بریتی بوو لە ئاڵۆزی و قەیرانەکانی پێش کڕۆنا له‌ جیهاندا، لەوبارەوە باس لەوە کرا کە: سیستەمی حاکم لە جیھاندا، زۆر پێشتر، چ لە بواری حوکمڕانی، ئابوری و کولتوری تووشی تەنگژە و گرفتی جیددی ھاتبوو بە جۆرێک کە: ململانێی زلھێزەکانی جیھان تا ئاستی دەستپێکردنەوەی دەورەیەکی نوێی شەڕی سارد ھەڵکشا بوو. لە ھەموو بوارێکدا گرفت و ناته‌واوییه‌كانی لیبرالیسمی نوێ بۆ ئیدارەی کۆمەڵگای بەشەری و ڕاگرتنی نەزمی جیھانی، بە زەقی خۆی دەنواند، ناوەندەکانی جێی شەڕ و ململانێ لە شوێنە جیاوازەکانی جیھاندا نەک بەرەو ھێوری نەدەچوون، بە پێچەوانە، کێشەکان تێیاندا لە پەرەگرتن دابوو. بڵاو بوونەوەی خێرای پەتای کڕۆنا زۆر بە ڕۆشنی و بە بەرچاوی ھەموانەوە ناکارامەیی سیستەمی زاڵی جیھانی نیشانداو، دەریخست کە سەرەڕای پێشوەچوونی زۆر و زەبەندی تێکنۆلۆژی و زانست، تا چ ڕادەیەک کۆمەڵگای جیھانی و پارێزگاری لە سڵامەتی ئینسانەکان، بایەخی پێنەدراوە و خاڵی لاوازی زۆری ھەیە. دەرکەوت کە ھەوسارپساویی لێبڕالیسمی نوێ و کەلەبەری نێوان سەروەت و نەداری تا چ ڕادەیەک ده‌توانێ زیان بە کۆمەڵگای پێشکەوتوش بگەیەنێ. لە ھەمان کاتدا دیتمان کە ڕەوتگەلێکی سیاسی تەنانەت لە نێو وڵاتانی ھاوپەیمانیشدا، چۆن بە خێرایی ھەوڵیاندا بخزێنەوە باوەشی ناسیۆنالیسمی بەرچاوتەنگ و چ شۆکێک گرتیانی و سەری لێ شێواندن، دیتمان چۆن بە خیرایی چەرخەکانی ئابوری، تیجارەت، گه‌شت و گوزار، دیپڵۆماسی و… لە کار کەوتن، ئینسانەکان لە ماڵدا زیندانی بوون، ژیان بە زۆری وەستا و دڵەڕاوکە و ترس و ناڕوونی داھاتوو، پەرەی گرت. ھەموو ئەو ڕاستیانە بوونە ھۆی ئەوە دەورەیەکی بیرکردنەوە لەو وەزعە، ھەموو تاکێک دابگرێ، بیرمەندان و زانایان کەوتنە ڕاوێژ و ناکارایی و ئاکامە خراپەکانی سیستەمی زاڵی جیھانییان دایە بەر ڕەخنە و گوێگر و خوێنەریان بە ڕادەیەکی یەکجار زۆر زیادی کرد.

    له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌و خاڵانەی سه‌روتر ڕاپۆرتی سیاسی باسی له‌وه‌ كردبوو كه‌: كۆمه‌ڵگای به‌شه‌ری به‌ دوای ئه‌و قه‌یرانه‌ی كه‌ تووشی بووه‌ بێگومان ده‌وره‌یه‌ك له‌ ناكۆكی، شه‌ڕی به‌ وه‌كاله‌ت و ململانێی زلهێزه‌كانی تێدا دێته‌ ئاراوه‌. هێزه‌ سه‌رمایه‌دارییه‌ ده‌سه‌ڵاتدارەکان تێده‌كۆشن له‌گه‌ڵ دابه‌شكردنه‌وه‌ی بازاری هێزی كاری هه‌رزان و كه‌ره‌سه‌ی خاو، لە لایەک قه‌ره‌بووی قه‌یرانی خۆیان به‌سه‌ر وڵاتانی فه‌قیردا، دابشكێنن، لە لایەکی دیکەش کێبڕکێی نێوان خۆیان توندتر دەبێتەوە. به‌ڵام كۆمه‌ڵگای به‌شه‌ری نه‌ ده‌توانێ له‌ باری ئابوری و بازرگانی جیهانیدا له‌ سیسته‌می گلۆباڵ هه‌ڵگه‌ڕێته‌ دواوه‌ و، نه‌ ده‌شكرێ لێبڕالیسمی نوێ هه‌ر وه‌ك جاران درێژه‌ پێبدات و ببێته‌وه‌ به‌ مه‌یدانداری بێ هه‌وسار. وشیاری كۆمه‌ڵگا و ناكارا بوون و دژه‌ ئینسانی بوونی نه‌زمی ئه‌وڕۆی جیهان و، بێ ئاڵترناتیوی لیبرالیسم، هیچ چارێك هه‌ڵناگرێ و ناتوانێ ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های ئێستای ڕابگرێ. هه‌روه‌ها سیسته‌می داخراو و نادێمۆكراتیكی چین و وڵاتانی دیكتاتۆریش ناتوانێ ئاڵترناتیو و شوێنگره‌وه‌ی نه‌زمی لیبرالی بێت. بۆیه‌ وه‌ك هه‌موو قه‌یرانه‌ گه‌وره‌كانی سه‌ده‌كانی ڕابردوو، سەرەڕای ئازاری گەورەی بۆ جیھان، بەڵام ئه‌مجاره‌ش به‌ بێ رێفۆرم‌  و گۆڕان، کۆمەڵگای مرۆڤی ناتوانێ خۆی ڕێك بخاته‌وه‌. ئێمە شاھیدی ده‌وره‌یه‌ك لە کێشە و نائارامی و ناسەقامگیری دەبین، بەڵام بەشەری سەدەی بیست و یەکەم ڕێی خۆی بەرەو پێشوەچوون دەبینێتەوە..

  تەوەرێکی دیکەی ڕاپۆرتی سیاسی تەرخان کرابوو بۆ وەزعی ئێران بە گشتی. لەو بەشەدا تیشک خرابووە سەر قەیرانی گەوررەی ئابوری، سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆماری ئیسلامی. پێش پەتای کڕۆناش ئێران بە ھۆی سیاسەتی دەستدرێژی لە وڵاتانی دراوسێ و پاڵپشستی تێرۆریسم لە دەرەوەی سنورەکانی، ھەم لە کۆمەڵگای نێو نەتەوەیی، ھەم لە نێو وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەراستیش توشی ململانێ و تەریک کەوتنەوە ھاتبوو. لە ناوخۆشدا ئابوری ئێرانی خستبووە خزمەتی ماشێنی شەڕ و کوشتار، سیاسەتی دروستکردنی چەکی ناوکی و بە فیڕۆدانی سامانی وڵات لە پێناویدا، سیاسەتی ڕانت خۆری پشتی بەرھەمھێنانی ناوخۆی شکاند، کارگا و کارخانەکانی بەرھەمھێنان بە زۆری لە کار کەوتن، فەساد لە بانک و ناوەندەکانی ماڵی و ھەڵکشانی ھەر ڕۆژەی گرانی و ھەڵاوسانی ئابوری، بوونە ھۆی ماڵوێرانی بەشی زۆرتری کۆمەڵگا، کەلەبەری چینایەتی چەند قات زۆرتر بوو. لە لایەکی دیکەوە دڕێژەی سیاسەتی دەستدرێژی نیزامی، گەمارۆی ئابوری لە لایەن ئامریکاوە بە دوای خۆیدا ھێنا و ژێرخانی داڕماوی ئابوری ئێرانی دوو ھێندەی دیکە بەرەو تێکچون و ھەڵوەشانەوە ڕاکێشا و ئیمکانی دارایی ئەو رژیمەی بۆ پشتیوانی و یارمەتیکردنی گروپە میلیشیا تێرۆریستەکان زۆر لاواز کرد. لە ھەمان کاتدا بزوتنەوەی ناڕەزایی ناوخۆی ئێران پەرەی ئەستاند و بە سەرکوت و جینایەت و کوشتاری بێڕەحمانە وڵامی وەرگرتەوە. بەجۆرێک کە رژیمی ئێران کەوتە پەلەقاژە و سیاسەتی سەرلێشیواوی و ئاژاوەگێڕی زۆرتر کە ئاکامەکەی کوشتنی قاسم سلێمانی، خستنەخوارەوەی تەیارە ئۆکراینیەکە و  شاردنەوە و بڵاو کردنەوەی کڕۆنا بوو کە ریسواییەکی بێ وێنەی لێکەوتەوە و دەسەڵات زۆرتر تەریک کەوتەوە و کێشە ناوخۆییەکانیشی پەرەی ئەستاند و لەو دەورەی کڕۆنایەش ئەوپەڕی شاردنەوە، درۆ و بێ بایەخی دان بە گیانی ھاووڵاتی ئێرانی کردە پیشە و، ئەوەندەی دیکەش نوقمی ریسوایی و جینایەت بوو.

ھەموو ئەو ڕاستیانە ئاماژە بۆ ئەوەن کە رژیمی ئیسلامی ئێران ناتوانێ لەو گێژاوەی کە تێی کەوتووە دەربازی بێ. ھەموو دیاردەکان پێمان دەڵێن کە: ئابوری ئێران زۆر لەوەی ھەیە خراپتر دەبێ، ململانێی ئەو رژیمە لەگەڵ دنیای دەرەوە زیاد دەکات و زۆرتر لەوەی ھەیە تەریک دەکەوێتەوە، سیاسەتی دەستدرێژی و ئاژاوەگێڕییان لە دەرەوەی سنورەکان سەریان دەخوات، توانی ھیچ چەشنە رێفۆرم و گۆڕانێک لەو دەسەڵاتە گەندەڵە چاوەروان ناکرێ. بزوتنەوە نارەزاییەکان دەست پێدەکەنەوە و تەنانەت دەبێ چاوەڕوانی زۆر شەپۆلی شۆڕشی خۆرسک بین لە لایەن خەڵکی وەزاڵە ھاتوو. لەو گۆڕانکاری و کێشانەی کە قەیرانی کڕۆنا لە جیھاندا دەیخاتە ڕوو، ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە زۆرترین گۆڕانی بەسەردا دێ، ئەو رژیمە نە دەتوانێ خۆی بەرانبەر قەیرانی دارایی ڕابگرێ، نە دەتوانێ سیاسەتی دەستدرێژیکاری لە دەرەوەی سنورەکان پەرە پێبدات و ئەو پشتوانی و دەسەڵاتەی ئێستای بەسەر میلیشیا تێرۆریستەکاندا ڕابگرێ، نە دەتوانێ دەست لە سیاسەتی ئاژاوەگێڕانەی ھەڵبگرێ و پێوەندی و دەورەیەکی نوێ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیھان، بکاتەوە. ھەروەھا لە ناوخۆ و ڕوو بە خەڵک و کۆمەڵگاش توانایی چاکسازی نییە، جیا لە توندکردنەوەی سەرکوت و کوشتار. کێشە و گرفتەکانی دەزگا و دەسەڵاتەکانی رژیمیش نەک کەم نابێتەوە، ڕوو لە ھەڵکشانیش دەبێ و فەساد و گەندەڵی زۆر لە ئێستا زۆرتر تان و پۆی ھەموو بەشێکی ئەو دەوڵەتە دەگرێتەوە و دەیرزێنێ.

  تەوەرێکی دیکەی ڕاپۆرتی سیاسی باسی کوردستان بوو. لەو بەشەدا باس لەوە کرابوو کە ئەو قەیران و گۆڕانکارییانەی دوای کڕۆنا جیھان دەگرێتەوە، لەو وڵاتانەش کە کوردستانی بەسەردا دابەشکراوە ڕەنگدانەوەی زۆری دەبێ. کێشە و ململانێی زلھێزەکان لە ڕۆژھەڵاتی ناوین بەردەوام و زۆرتر دەبێت، ململانێی ھێزە ناوچەییەکان ڕوو لە زیاد بوون دەبێ، کێشەی ناوخۆیی وڵاتان نەک چارەسەر نابێ، زۆرتر پەرە دەستێنێ. کوردستان بەگشتیی لە باری جوگرافییەوە لە چەقی ئەو کێشە و ململانێیانە دایە کە ھەم دەتوانێ دەسکەوتەکانی بزوتنەوەکەی تێدا زیاد بکات، ھەم دەتوانێ کاریگەریی نەرێنی لەسەر بزوتنەوەی کورستان ھەبێ. ھەرکام لەو ئەگەرانە زۆر بەوە بەستراوەتەوە کە ھێزە سیاسییەکان لە ھەر بەشێکی کوردستان چەندە بتوانن بە یەکگرتوویی و سیاسەتێکی ڕۆشن بەرەوڕوی دۆخەکە ببنەوە. ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەتوانێ دەورێکی جیاواز و نوێ بگێڕێ. چونکوو ھەموان دەزانین کە کۆماری ئیسلامی ھێزێکی ناوچەیی گەورەیە کە ھەم دەسەڵاتی لە ھەموو ناوچەکە و دەوری دوژمنکارانەی بەرانبەر بزوتنەوەی کوردستاندا ھەیە، ئەو رژیمە توشی لاوازی و گۆڕانی گەورە دەبێ و ناتوانێ ئەو نفوز و کاریگەرییەی ڕابگرێ، بەڵکوو توشی کێشە و گرفتی چارھەڵنەگری دەرەکی و ناوخۆیی دەبێتەوە کە بەستێنی گونجاو بۆ بزوتنەوەی ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەڕەخسێنێ.

  ھەروەھا ڕۆژھەڵاتی کوردستان خاوەنی بزاوتێکی مەدەنی و سیاسی پێشکەوتووە کە لەو ساڵانەی دواییدا دەوری بەرچاوی لە نێو کۆمەڵگادا ھەبووە. تۆڕ و ڕایەڵەی چالاکوانانی بواری کولتوری، ژینگەپارێزی، دژایەتی ئیعدام و دیکەی کاری کۆمەڵایەتی و… ئیتر بۆتە بەشێک لە روداوە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی ڕۆژھەڵات. لەو دەورەیەشدا لە زۆر شوێن دژ بە پەتای کڕۆنا ھاتنە دەست بە گوێرەیەک کە توانیان کۆنتڕۆڵی شار و گەڕەک بکەن، کەرەسەی پێویست ساز و بڵاو بکەنەوە. ھەموو ئەو پیاو و ژنانەی بەشی دەرمانی کە لە ریزی پێشەوەی خزمەتی توشبوانی کڕۆنا بوون و گیانبازییان نواند و نازناوی «پێشمەرگانی سپی پۆش»یان پێبەخشرا، دەریدەخن کە ناخی کۆمەڵگا چ دیاردەیەگەلێکی گرینگ لە جۆرێک خۆ بەڕێوەبردنی گەل بە شێوەی خۆبەخشانە، تێیدا جێگیر بووە. لە ھەمان کاتدا ئەو بزوتنەوە مەدەنییە مۆرکی پێشکەوتنخوازی و نەتەوەیی ڕۆشنی پێوە دیارە. بۆیە لە ھەر سست بوونەوەی دەسەڵات و ھێزی رژیمدا یان لە ئەگەری دروست بوونی بۆشایی سیاسی لە ڕۆژھەڵاتدا ئەو دامەزراو و بزاوتە مەدەنییە دەوری زۆر دەگێڕێ و تەنانەت کاری کردۆتە سەر شێوازی ھەڵسوکەوتی حیزبە سیاسییەکان و پێویستیی پێکەوە کار کردنیان. پێکھاتنی ناوەندی ھاوکاریی حیزبە سیاسیەکانی کوردستانی ئێران، ھەنگاوێکی باش و بەجێ بوو کە پێویستە لەو ھەلومەرجەدا خۆی ساز بدات و وڵامدەرەوەی ھاوئاھەنگی و ئەو ئەرکە گەورانە بێ کە دەکەوێتە سەرشانی بزاوتی ڕزگاریخوازی کوردستان لە ڕۆژھەڵات. لەو بارەوە ڕاپۆرتی سیاسی پێداگری لەسەر تێکەڵ بوون و پشتیوانی بەرینی کۆمەڵە لەو بزوتنەوە سیاسی و مەدەنیەی ناوەوە کرد و پێی وابوو کە دەبێ ڕەنگدانەوەی لەسەر جۆری کار و خۆسازدانەوەی ھەموو ئۆرگانەکانی تەشکیلات لە دەرەوە و ناوەوە ھەبێ. ھەر وەھا پێداگر بوو کە دەبێ ھەوڵێکی جیددی بخرێتە گەڕ تا ناوەندی ھاوکاری بکرێتە دەزگا و دامەزراوەیەکی سەقامگیر و قەوارەیەکی سیاسی روو بە ھێزە سیاسیە ئێرانیەکان و ناوەندە نێو نەتەوییەکان.

 بۆیە ڕاپۆرتی سیاسی تیشکی خستبوە سەر پێویستی چالاککردنەوەی ھاوکاری کوردستانی چ بە گشتیی و چ لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان. ھەروەھا پێداگری کرد لەسەر پێویستیی پێوەندی و دیالۆگی زیاتر لەگەڵ ھێزە سیاسیە ئێرانیەکان و ناساندن و تەرحی داخوازییەکانی خەباتی خەڵکی کوردستان لە لایەک و، لە لایەکی دیکەوە پەرەدان بە پێوەندییە نێو نەتەوەییەکان. دوای تێبینی و قسەوباسی ھاوڕێیان ڕاپۆرتەکە بە تێکرای دەنگی ھاوڕێیانی بەشدار لە پلێنۆم پەسەند کرا. 

     دوای ڕاپۆرتی سیاسی ڕاپۆرتی ئۆرگانەکانی تەشکیلاتی چ بە نوسراو و چ بە شێوەی زارەکی لە لایەن بەرپرسانەوە خرایە بەر باس و دوای قسەوباس لە سەریان، ڕێنوینی پێویست بۆ ھەموو بەشەکان، دیالۆگی لەسەر کرا و لەسەر ھاوتەریبی حیزب و بزوتنەوەی مەدەنی و ناوخۆ پێداگری کرا و ئەو ڕوانگەیە پەسەندی پلێنۆم بوو.

  دوای تەواو بوونی ڕاپۆرتی سیاسی و قسەکردن سەبارەت بە بوارە جواراوجۆرەکانی کاری ئۆرگانی و حیزبی و دەرکردنی ڕێنوێنی لازم، پلێنۆم چووە سەر دابەشکردنی ئەرکەکان و بڕیاری دا کە ھەموو بەرپرسایەتییەکان وەک پێشوو بمێنێتەوە.

 کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

 ٥. ٥. ٢٠٢٠