چەند ڕۆژ لەوەپێش بەشێک لە وتووێژێکی بەڕێز کاک خالیدی عەزیزی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کرایەوە کە مشتومڕی سیاسی و ناسیاسیشی لێکەوتەوە. ھەڵبەت باسکردن لە ڕوانگەی سیاسی و تەنانەت پێداچوونەوە بە ڕابردوو ھیچ خراپ نییە، بەڵکوو دەتوانێ بە قازانجیش بێ. من ڕەخنە ناگرم کە بۆ بەڕێز کاک خالید وای کوت یان وای نەوت، پێشتریش بەڕێزیان دژ بە بیری چەپ و عەداڵەتخوازانە ، ڕوانینی تایبەتی بۆ کۆماری ئیسلامی بە گشتی و بە تایبەت باڵی بەناو ئیسلاحتەڵەب و مێژووی نوێی کوردستان بیر و بۆچوونی خۆی دەربڕیوە کە زۆر ڕۆشن لەگەڵ موخالەفەتی بەندە بەرەوڕو بۆتەوە. گرفت ئەوەیە کە لەو کورتە وتووێژەدا زۆرێک لە ڕوداوەکان وەک خۆی باسی لێناکرێ و بە مەبەست دەشێوێندرێ، بۆیەشە بە دروست لای ھەموان ڕواڵەتی دژایەتی بیری چەپ لە خۆ دەگرێ نەک لێکدانەوەی مێژووی دەورەیەکی ئەو بزوتنەوەیە.

بە پێویستم زانی منیش کە لەو مێژوەدا بووم و ئێستاش ھەم، لەگەڵ کاک خالیدیش لە کۆن و نوێدا رێزی زۆر لە نێوانماندا ھەیەو، زۆریشم ھەوڵداوە کە ھاوکاریی نێوان حیزبە سیاسیەکان سەر بگرێ و ھەر ھەوڵیشی بۆ دەدەم و یەکێکم لەوانەش کە ڕەخنەگری ھەندێک کار و کردەوەی ڕابردوی کۆمەڵەش ھەن، لەو خاڵانەی خوارێدا سەبارەت بەو ڕوداوە مێژوییانەی کوردستان کە باسیان لێکراوە و ئەو ڕەوتانەی کە ھەبوون ڕونکردنەوەی خۆم بدەم:

  ١. مەلا ئەحمەدی موفتیزادە سەردەمانێک دۆستایەتی لەگەڵ زۆرێک لە ئێمە ھەبوو. لە سەرەتای شۆڕشی ئێرانیشدا ئەو پێوەندیانە لەگەڵی زیاتر بوون، بەڵام ئەکاتەی کە گەشەی ئیسلامگەرایی، سەرانی حیزبی تودەشی پاڵ پێوەنا ببنە پاڵپشتی ئایەتوڵڵاکان و پێیاندا ھەڵبدەن، موفتیزادەش بە ھۆی بیری توندی ئایینی مەخابن بەرە بەرە لە ھەڵوێستی نەتەوەیی پاشەکشەی توندی دەکرد و حکومەتی ئیسلامی کردە قیبلەی ئاماڵ و ئارەزوەکانی. سەرەڕای ئەوەش زۆر کەسی دۆستی خۆی و نیشتمان پەروەر و تەنانەت ھاوڕێیانی کۆمەڵەش لە سنە ھەموو ھەوڵێکیان دا تا لەگەڵی بسازێن و لە دەسەڵاتی تازە پێگەیشتوو دوری بخەنەوە. بەڵام بە داخەوە نەکرا و موفتیزادە سور بوو لەسەر دژایەتی ھەموو حیزبەکانی کوردستان و ھەر چەشنە بیرێکی سیکۆلار. بەڕاستی ھیچ لازم نییە بکەوینە لێکۆڵینەوە و دەمەتەقەی زۆر، ئەوەی موفتیزادە ساڵی ١٣٥٨ ڕاگەیاندنی دا و داوای ھێرش بۆ سەر کوردستان، نەکردنی وتووێژ کەگەڵ ھەیئەتی نوێنەرایەتی کورد، دامەزراندنی ھێزی پێشمەرگەی موسوڵمان و لێدانی ھەموو  حیزبەکانی کرد، ئایا ئاکامی توڕەیی ئەو بوو لە چەپەکان یان درێژە و کامڵبوونی بیری وەحدەتی ئومەتی ئیسلامی و حکومەتی ئیسلامی ئەو بوو؟

  کردەوەی ئینسانەکانە لە کۆمەڵگادا کە دەینوێنێ لە کوێ و لەسەر کام مەیل ڕاوەستاون. کردەوەی موفتیزادە ئەوی ڕووبەڕوی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان وەستاند و بووە پاڵپشتی دەسەڵاتی کۆنەپەرەست و دژە ئینسانی کۆماری ئیسلامی، بە داخەوە خۆشی بووە قوربانی ھەمان دەسەڵات.

  ٢. کاک خالید کە پاساو بۆ موفتیزادە دێنێتەوە و دەڵێ چەپەکان پاڵیان پێوە نا و، لالوتە لە سیاسەتێک کە مامۆستا شێخ عیزەدین ڕەچاوی کردبوو، ھەقوایە تەوزیحی ئەوە بدات بۆ گەرمترین پێشوازی جەماوەریی و بێ وێنە لە شاری موفتیزادە لە مامۆستا کرا؟ بۆچی ئەوکات کە کاک خالید لە کۆمەڵە دا بوو کەس ئەو جۆرە قسەی لێ نەبیست؟ جیا لەوانە بۆچی حیزبی دێمۆکرات کە بوو بە حیزبی جێ پەسەندی کاک خالید، لەگەڵ کۆمەڵە و مامۆستا شێخ عیزەدین ھەیئەتی نوێنەرایەتی پێکھێنا نەک لەگەڵ موفتیزادە؟ بۆ دێمۆکرات نەبووە ھاوپەیمانی موفتیزادە و پشتیوانی لەو بەیانەی ئەو نەکرد و بە کردەوە دژی وەستا؟ دەکرێ بڵێن ھەوڵی ئەوان چ بوو کە نەھێڵن موفتیزادە بەو ڕێگایەدا بڕوات؟ بۆچی ھەوڵی ئەوان سەری نەگرت؟ ئایا حیزبی دێمۆکرات بێ نفوز بوو(من پێموانییە) و، بوو بە پاشکۆی چەپەکان یان ڕەوتی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد ناتەبا بوو لەگەڵ ڕەوتی ئیسلامگەرایی و بیری موفتیزادە؟ بۆچی ئیسلاخوازانی ئیسلامی دواتر و دوای نەکسەی بزوتنەوەکەش لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان،  نەبوون و نابنە ئاڵترناتیوێکی جەماوەریی؟ ئەوانە پرسیارگەلێکن لەسەر ڕوداوە مێژوییەکە کە  ئەو مەیلەی وا کاک خالید لەو قسەوباسەی دا نوێنەرایەتی دەکات لە وڵامدانەوەیان توشی تەناقوز دەبێ. ناتوانین بە حەزی خۆمان ڕوداوەکان کە بەڵگەێ مێژووییان لەبارەوە ھەیە، بگێرینەوە بۆ جیلێک کە ئاگای لەو روداوانە نییە.

  ٣. با ئەو شاھیدیەش بدەم کە مامۆستا شێخ عیزەدین قەت لەگەڵ ھەموو بیر و باوەڕی کۆمەڵە موافیق نەبوو، زۆر جار ئێمە پێمانوابوو بەلای حیزبی دێمۆکراتدا دایدەشکێنێ، کێشەی لەگەڵ دەکردین، ھەمیشە خوازیاری ھاوکاریی نێوانمان بوو، موخالیفی دروستکردنی حیزبی کمۆنیست بوو.

بە پێچەوانەی ئەوەی کە کاک خالید دەڵێ ھەوڵیشیدا کە  دەور بدات بە مامۆستایانی ئایینی و سەرۆکایەتی وەفدێکیشی لەوان کرد بۆ لای خومەینی لە تاران، زۆریش کاریگەر بوو کە نەھێڵێ مامۆستایانی ئایینی لایەنی نەتەوەیی وەلا بنێن و  ببنە ڕەوتێکی ئیسلامگەرا.

  بەڵام کەس ناتوانێ ئەوە بسڕێتەوە کە بە ھۆی سیاسی بوون و بڕوای شیخ عیزەدینەوە، ڕەوتی سیکۆلار و جیاییخوازیی دین لە دەوڵەت، پەرەی گرت، ئەوەش مایەی باشی ئەو بوو. مامۆستا شێخ عیزەدین تا ژیا زۆر بە پڕەنسیپەوە بەرگری لە  مافی نەتەوەیی، پێشکەوتنخوازی، سیکۆلاریسم و…کرد، ھەر ئەوەشە ئەوی نەک تەنیا وەک ڕێبەرێکی ئایینی، بەڵکوو وەک کەسایەتی و ڕێبەرێکی سیاسی، سەلماند. بۆ نابێ بڵێین ئافەرین بۆ چەپی کوردستان کە ئەو زەرفیەتەی مامۆستای ھەست پێکرد و پشتی گرت(ھەڵبەت من پێموایە دەبوو زۆرتر ڕێزی لێگیرابا).

  لە ڕاستیدا کاک خالید لە لێکدانەوەی ئەو دەورەدا دەیھەوێ دوو خاڵی بەھێزی کۆمەڵە بکاتە خاڵی لاواز، بە پێچەوانە وەک فارس دەڵێ «افتاب امد دلیل افتاب». تا زیاتر باس لەو مێژووە بکەین زیاتر دەردەکەوێ کە لە کردەوە و لە مەیدانی سیاسەتی ئەوکات لەو بوارانەدا کۆمەڵە تەشخیسی دروستی بووە و ڕەوتی ئیسلامگەرا نەیتوانی زاڵ بێت و ئەوە وەک دەسکەوتێکی باش دەبێ بۆمان بنوسرێ(ھەڵبەت لای من دەسکەوت و پوتانسیەلی بزوتنەوەکەیە).

 ٤. بەڕێز کاک خالید لە داخ و توڕەیی لە بیری سۆسیالیستی تەنانەت پێناسەی حیزبەکەی خۆشی دەشێوێنێ. دەڵێ: «ئێمە حیزبێکی سیاسی نەتەوەیین و تابیعی ھیچ ئیسمێک نین و…» ئایا ئیسلامیەکانیش ناتوانن وا بڵێن؟ ئەوانیش خۆیان بە حیزبی سیاسی و نیشتمانی دەزانن. ئیسم بەشێکی ئەوانەن: لیبرالیسم، دمکراتیسم، سکۆلاریسم، سۆسیالیسم، فاندامنتالیسم و… بەڕاستی حیزبی دێمۆکرات ھیچکام لەوانە نییە؟ دەکری یەکەیەکی سیاسی بە مێژووی ٧٥ ساڵەوە بێ بەری بێ لە ھەر بیر و باوەڕێک و بارێکی فیکری نەبێ؟ ھەر بڵێی نەتەوەییم بەسە؟ بۆ مەگەر زۆر ڕەوتی کۆنەپەرەستی نەتەوەیی بونیان نەبوە و نییە و ڕەنگە پەسەندی کاک خالیدیش نەبن؟ ئەی حیزبی دێمۆکرات بۆ شەڕ لەسەر ئەندامەتی ئەنترناسیۆناڵی سۆسیالیست دەکات؟

 بۆچی لە ناوەندی ھاوکاری ئیمزای سیکۆلاریسم و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەکات؟ ئەوە تەناقوز نییە لەگەڵ قسەکانی کاک خالید؟ بەڕاستی دژایەتی بیری چەپ دەبێ کاک خالید ئاوا بەو بارەدا بخات؟ بەڕاستی زۆر سەمیمانە بڵێم کە ھەم بە زیانی خۆیەتی و، ھەم ئەو پێناسە کردنە غەدرە لە مێژوو و ئیدیعای حیزبی دێمۆکراتیش، ئایا ئەوەش خەتای چەپ و سۆسیالیستەکانە!؟ دەبێ بڵێم برا لە داخی من بۆ ماڵی خۆشت ئاور تێبەردەدەی؟

 ٥. ھیوادارم ئەو جۆرە دیالۆگە ڕاشکاوانە یارمەتێدەرمان بێ بۆ ئەوەی کە سەرەڕای جیاوازی سیاسیمان بتوانین خاڵە ھاوبەشەکانی دمکراتیسم، سیکۆلاریسم و مافی نەتەوەیی بکەینە بنەما بۆ ھاوکاریی ھەنوکە و داھاتوو. ئێمە ھەموو ڕابردوو تەقدیس ناکەین، بەڵکوو ھەوڵ دەدەین دەسکەوتە باشەکانی بپارێزین و تاڵی و ناخۆشیەکانیشی دەرسی لێوەرگرین و میکانیسمێک وەدۆزین تا کاری ھاوبەش کە پێویستیی ئەوڕۆی بزوتنەوەی کوردستانە ساناتر مەیسەر بێ. با قرتماغەی برینی کۆن ھەڵنەدەینەوە و یاسای دەورەی ئێستا ڕێزی لێبگرین. بێ ئەوە ھەموومان زیان دەکەین. لە دیالۆگیشدا با زمانی گوڵ بەکار بەرین و داوام ئەوەیە ھەموان وشیاری پاراستنی ئەو ھاوئاھەنگیەی چ کەم، چ زۆر تا ئێرە ھاتووە بین و ببینە چالاکی سەرگرتن و بەرەوپێش بردنی بەرەیەکی بەھێزی نەتەوەیی.