بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان لە ناوەرۆکی خۆیدا داواکاری مافی بەرابەری و یەکسانیخوازییە لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە. بۆیە بە تەبیعەت ئەو بزوتنەوەیە دروشمی عەداڵەت و یەکسانی تێدایە و بۆی جەنگاوە و دەجەنگێ. لە راستیدا ئەم دیاردەیە لە هەموو بزوتنەوەی رزگاریخوازانە لە جیهاندا، هەبووە و دەبیندرێ و بە پێی دەور و زەمانە قورساییەکەی زۆر و کەم بووە. لە درێژەی زەمەنیشدا کۆمەڵگای کوردستان لە باری کۆمەڵایەتییەوە پێشکەوتوە و گۆڕانی بەسەردا هاتووە و دەوری چینی چەوساوە و کرێکاران و زەحمەتکێشان تێیدا قورساییەکی زیاتر و زیاتری پەیدا کردوە. بۆیەشە دەبینین کە لە شۆڕشەکانی کورددا تا هاتوە هێز و دروشمی چەپ جیگە و پێگەی دیاری وەدەست هێناوە و تەنانەت زۆربەی هێزە سیاسییە غەیرە سۆسیالیستەکانیش ویستویانە بە جۆرێک خۆیان لەگەڵ بیری چەپ و عەداڵەتخوازیدا بگونجێنن. دەبینین لە کوردستانی ئێران لەو چەند دەیەی دواییدا هێزێکی چەپی وەک کۆمەڵە، دەوری ئەساسیی تێدا گێرا و بوو بە جێگای هیوای جەماوەرێکی بەرین. هەنوکەش ئەدەبیاتی سیاسی و فەرهەنگیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لێوانلێوە لە بیری چەپ و دێمۆکراسیخوازی کە بە وشیاری زۆرەوە پێداگریی لەسەر مافی نەتەوەیی گەلی کورد دەکات و عەداڵەتخوازیی کردۆتە ئامانجی گرینگی خۆی. جیا لەو راستیانە، گۆرانکارییەکانی ئەوڕۆی جیهان و ناوچەکە، لە ناو جەماوەردا، هەستی بەرەنگاریی لەگەڵ دیاردەی دزێوی چەوسانەوە و تاڵان و بڕۆی سەرمایەداریی رەها، پەرەی سەندووە بە جۆرێک کە، تەنانەت هێزی ئیسلامی سیاسی لە نەبوونی چەپێکی جەماوەریی و ئەوڕۆیی و هێزی دێمۆکراسیخوازدا، لە هەندێک لەم وڵاتانەدا، توانیویەتی بە شیوەی پۆپۆلیستی، کەڵکی خۆی وەربگرێ و هێزی پێ کۆبکاتەوە. بۆیە پێموایە بە پێچەوانەی بۆچوونی باو، ئەرکی بزوتنەوەی رزگاریی نەتەوەیی و کار بۆکردنی دەکەوێتە سەرشانی هێزی چەپ و یەکسانیخواز.

گومان نییە لەوەی کە رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئەم وڵاتانەی کوردیان لە ناودایە، تووشی ئاڵوگۆڕی گەورە دەبن. کەس نییە هەست بەوە نەکات کە پێویستە ئامادەکاریی شیاو بۆ ئەم دەورەیە هەبێ. ئەو پێویستییە بۆ کوردستانی ئێران زۆر بەرچاوە. بۆ هەموان ڕۆشنە کە ئەمڕۆ کوردستانی ناو ئێران، پێویستیی بە نزیکبوونەوە و هاوکاریی هەموو هێزە سیاسیەکانی هەیە. کەس نییە جێخالیبوونی بەرەیەک باس لێوە نەکات. هەمووشمان دەزانین گرفتەکانی پێکهاتنی وەها بەرەیەک لەو هەلومەرجەی ئێستادا بەرچاوە و بە تایبەتی بوونمان لە تاراوگە لە لایەک و سیاسەتی پاوانخوازانە و نامەسئولانەی هەندێک لایەن لە لایەکی دیکەوە، ئەم گرفتەیان زیاتر زەق کردۆتەوە. پرسیار ئەوەیە: ئایا ناکرێ حەولی دیکەش بخەینە گەڕ تا بەستێن بۆهاوکاری و هاوئاهەنگی پێکبهێندرێ؟ من لەو باوەرە دام کە بەڵێ تا پێکهاتنی بەرەیەکی گشتگیر، دەکرێ و دەتوانین لانیکەم ئەو هێزە سیاسیانەی کە خۆیان لە یەک بەستێنی کۆمەڵایەتیدا دەبیننەوە، لێک نزیک ببنەوە و لە دەوری پلاتفۆرمێکدا کۆ بکرێنەوە. بە دڵنیاییەوە وەها هەنگاوگەلێک یارمەتیدەر دەبن بۆ هاوکاریی گشتیی هێزە سیاسیەکان. بۆیە کارکردن بۆ پلاتفۆرمێک و دورست کردنی چەترێکی هاوئاهەنگیی لە نێوان هێزە چەپ و سۆسیالیستەکاندا، بە پێویست و بە مومکین دەبینم. چەترێک کە بتوانێ پرسی دیمۆکراسی، خەباتی مەدەنی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی تا پارێزگاریی لە مافی چینە چەوساوەکان بکاتە ئامانجی خۆی. ئامادەگی خۆی بۆ هاوکاریی لە پێناو وەدیهێنانی مافی نەتەوەیی و دێمۆکراسیدا لەگەڵ هەموان رابگەیەنێ و بۆی وەگەڕ کەوێ، سیاسەتی یەکگرتووی خۆی بەرانبەر رەوتی دیمۆکراسیخواز و پێشکەوتوو لە ئێراندا، دیاری بکات و لە بنەرەتەوە پێداگریی لەسەر هێزی خەڵک مەبەستی بێ و روخانی کۆماری ئیسلامی بە ئامانجی خۆی ببینێ. وەها هەنگاوێک لە ناو کۆمەڵگادا زەمینە و پێگەی هەیە و هێزی سیاسیش هەن کە بە هۆی جیاوازییەکانەوە رەنگە نەتوانن لە قالبێکی حیزبیدا کۆ ببنەوە، بەڵام دەکرێ لە ژێر وەها چەترێکدا پێکەوە هاوکار و هاوپەیمان بن. بە بوونی رەوتی کۆمەڵە و پێگە و مێژوەکەی لە کوردستانی ئێران، پێکهێنانی وەها چەترێک، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر رەوتی سیاسی گشتیی و پێوەندیی نیوان حیزبە سیاسیەکان دەبێ. ئێمە وەک کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ئامادەین بۆ سەرگرتنی وەها پلاتفۆرمێک لە پێناو سازدانی چەترێکی هاوکاریی چەپ، هەموو حەولی خۆمان بخەینە گەڕ. دڵنیاشین کە ئەو کارە خێرایی زۆرتر دەبەخشێتە ئامانجی پێکهێنانی بەرە یان چەترێکی هاوکاریی گشتیی لە کوردستانی ئێراندا. بە بێ هەنگاوی لەم چەشنە لە نێوان مەیلە سیاسییە لێک نزیکەکان، زاڵبوون بەسەر پرژوبڵاوی ئێستای ناو هێزە سیاسیەکانی کوردستانی ئێران، کارێکی زەحمەتە. لە هەمان کاتدا وەها بەرەیەکی چەپ، دەتوانێ بە توانێکی زۆرترەوە پرسی پێویستیی بەرەیەکی گشتگیر بکاتە ئاجێندای ناو حیزبە سیاسیەکان.
ئاخری سیپتامبەری ٢٠١٢