خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!

هاورێیان و دڵسۆزانی کۆمەڵە!

بە داخەوە رادەگەیەنین کە درەنگانی شەوی رابردوو فایزە خانمی مودەریسی،ژنە تێکۆشەر و دڵسۆزی بە وەفای شۆرشی کوردستان،لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا و لە شاری سنە بۆ هەمیشە چاوەکانی لێکنا و دڵی پر لە خۆزگە و ئاواتی بۆ رزگاری و سەربەستی لە لێدان کەوت.

فایزە خانم لەو ژنە وشیارانەی کۆمەڵی کوردەواری بوو کە بە باوەری قووڵی بە رەوایی خەباتی بەشمەینەتانی کوردستان، نەتەنیا ئێعدامکرانی هاورێ فەریبای فەرشچی،کچە ١٨ ساڵانەکەی و گیانبەختکردنی هاورێ حەمیدی کوری، ئێعدامکرانی هاورێ مەسعوود مودەریسی برا ٢٠ ساڵانەکەی لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە هەنگاوەکانی پێ شل نەکردەوە،بەڵکوو بەبەردەوامی ورە بەخشی باقی کچ و کورە پێشمەرگەکانی  و هەموو ئەو پێشمەرگانەی کۆمەڵە بوو کە لە نزیکەوە دەیانناسی.

ئێمە بە بۆنەی مەرگی فایزەخانم لە قووڵایی دڵەوە خەمبارین و،لە لایەن هەموو ریزەکانی کۆمەڵەوە پربەدڵ سەرەخۆشی لە بنەماڵەی سەربەرزی مودەریسی و فەرشچی،بە تایبەت دوو هاورێ و خەباتکاری دێرینی ریزەکانی کۆمەڵە،هاورێیان فەریاڵ خانم و کاک غوڵام فەرشچی و هەموو خەڵکی شاری سنەی سەربەرز و خۆراگر دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەم و پەژارەیان دەزانین.

بژی یادی ئازیزی فایزەخانمی مودەریسی.

سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

٢٩ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی

١٨ی ژووئەنی ٢٠٢٠ی زایینی.