بە گوێرەی ئەو هەواڵەی کە لە ناوچەی دیواندەرەوە بە دەستمان گەیشتووە،ئێوارەی رۆژی چوارشەممە ١٩ی مانگی خەرمانان ١٣٩٩ی هەتاوی کاک سدیق حەیدەری تێکۆشەری دێرین و هەڵسووراوی ناسراوی کۆمەڵە لە ئاوایی “کانی کەوە”ی ناوچەی قاڵقاڵی دیواندەرە پاش ئەوەیکە لە نەخۆشخانەی شاری سنە نەشتەرگەری بۆ کرابوو، دڵی گەورە و پر لە خۆزگە وئاواتی بە رزگاریی بەشمەینەتان و تامەزرۆی سەربەستی بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت. کاک سدیق کە ئەندامی بنەماڵەیەکی خەباتکار و تێکۆشەری ناوچەکە و، برای دوو هاورێی گیانبەختکردوومان هاورێیان فایەق و محەممەدساڵحی حەیدەری بوو،کەسایەتییەکی هەڵسوور و جێگای باوەر و متمانەی خەڵکی ناوچەکە بوو.کاک سدیق زۆربەی تەمەنی بۆ خزمەتی شۆرشی کوردستان و ئامانجە بەرزەکانی کۆمەڵە تەرخان کرد و، تا دوا هەناسە وەک تێکۆشەرێکی بەدەربەست و لێهاتووی رێبازی چەوساوەکان وەفادار مایەوە. بێگوومان مەرگی کاک سدیق بۆ بنەماڵەی سەربەرزی حەیدەری کە خاوەنی شەش هاورێی گیانبەختکردوو،هاورێیان فایەق و محەممەدساڵح و عەلی ناسراو بە فوئاد و مەنسوور حەیدەری و، هەروەها یەدوڵڵا بزورگ پەنا و محەممەد مورادی ناسراو بە ” ئەولحەسەن” ن،خەسارێکی گەورەیە.بە گیانلەدەستدانی کاک سدیق حەیدەری خەڵکی ناوچەی قاڵقاڵی کەسایەتی و دۆستێکی خەمخۆر و پاک و جێ متمانە و،کۆمەڵەش هاورێیەکی بەوەفا و تێکۆشەرێکی بە ئەزموونی خۆی لەدەستدا کە بێگوومان جێگای بەتاڵی لە ناوماندا دیار وبەرچاوە. ئێمە بە بۆنەی مەرگی ناوادەی کاک سدیق حەیدەری،وێرای دەربرینی خەم وپەژارەی خۆمان،لە قووڵایی دڵمانەوە و لە لایەن هەموو هاورێیان و ریزەکانی کۆمەڵەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس وکاری ئازیزی کاک سدیق بە تایبەت خەڵکی ئاوایی “کانی کەوە” و ناوچەی قاڵقاڵی دیواندەرە دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین. بژی یادی ئازیزی کاک سدیق حەیدەری

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

٢١ی خەرمانانی ١٣٩٩ی هەتاوی

١١ی سپتامبری ٢٠٢٠ی زایینی