رۆژی 5ی خەزەڵوەری 1399ی هەتاوی (26/10/2020) ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران كۆبوونەوەیەكیان بەشێوەی ئانلاین سازكرد.
سەرەتای كۆبوونەوەكە بە راگرتنی چەند ساتێك بێدەنگی بۆ یادی گیانبەختكردوانی ئەم دواییانەی دەستی تاوانی كۆماری ئیسلامی دەستی پێكرد. پاشان یەكەم تەوەری كۆبوونەوەكە كە هەڵسەنگاندن‌و تاوتوێكردنی بارودۆخی ئێستای ئێران‌و ناوچەكە‌و كاریگەرییەكانی هەڵبژاردەكانی ئەمریكا بوو لەسەر ناوچەكە، خرایە بەر باس‌و نوێنەرانی حیزبەكانی ئەندام لە ناوەند راوبۆچوونی خۆیان لەمبارەیەوە خستەڕوو.
لەم باسەدا بە ئاماژە بە دۆخی ئێستای ئێران‌و كوردستان لە سەردەمی پەرەسەندنی دووبارەی پەتای كۆرۆنا، بۆ جارێكی دیكە جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە دەسەڵاتدارانی ئێران نەك هەر نەیانتوانیوە لەم قەیرانەدا هاوكار‌و یارمەتیدەری خەڵك بن، بە پێچەوانەوە بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییەیان كردە ئامرازێك بۆ بێدەنگ كردنی زیاتری خەڵك. ئەگەرچی هاتنی كۆرۆنا بۆ ماوەیەكی كاتیی بزوتنەوەی كۆمەڵایەتی لە ئێران‌و كوردستان كەم كار كرد، بەڵام بەهۆی ناكارایی رژیم لە پێدانی خزمەتگوزاریی سەرەتایی‌و، دۆخی دژواری ئابوریی خەڵك، زیاتر لەجاران رق‌و بێزاری لەدەسەڵاتی نگریسی كۆماری ئیسلامی لەناو كۆمەڵانی خەڵكی ئێران‌و كوردستان پەرەی سەندوە.
هەیئەتی نوێنەرایەتی حیزبەكانی ناوەند هەروەها هاوڕابوون لەسەر ئەوەی تا دێت دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی لەدەرەوەی سنورەكانی خۆی‌و بەتایبەت لە وڵاتانی ناوچەكە كەمتر دەبێت. پرۆسەی ئاشتی عەرەب‌و ئیسراییل هاوسەنگی هێزی لەناوچەكە بە زیانی رژیمی تاران گۆڕیوە، لەلایەكی ترەوە بەهۆی سیاسەتی نوێی دەوڵەتی عێراق‌و بە پشتگیری ئەمریكا تا دێت میلیشیاكانی سەر بە ئێران لەم وڵاتە دەسەڵاتیان نامێنێت‌و هەژمۆنی كۆماری ئیسلامی كەم دەكات. نیشانەكان وا دەردەخەن كە كۆماری ئیسلامی بە هۆی فشاری دەرەكی و دۆخی نێوخۆی ئێران، لە ناوچەكەدا لە حاڵی پاشەكشەیە و سیاسەتی هەناردەكردنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بەرەو شكان هەنگاو دەنێت.
كاریگەرییەكانی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا لەسەر ئێران‌و ناوچەكە لەمیانەی ئەم تەوەرەدا قسەوباسی لەسەركرا‌و جەخت لەوەكرایەوە كە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا بە قازانجی كۆمارییەكان بێت یان دیموكراتەكان، سیاسەتی ئەمریكا لەبەرامبەر ئێران گۆڕانی ئەوتۆی بەسەردا نایەت‌و ئەمریكا بەپێی بەرژەوەندییەكانی خۆی سیاسەت دەكات، بەڵام رەنگە میكانیزمی دیموكراتەكان‌و كۆمارییەكان بۆ سنورداركردنی دەسەڵاتی ئێران جیاوازییان هەبێت‌و دیموكراتەكان بەرامبەر بە ئێران زیاتر نەرمی بنوێنن. لە ئەنجامدا ئاكامەكەی ئەوە دەبێ كە گەمارۆكان لە سەر ئێران چڕوپڕتر دەكەن و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوە كە تێچووی ئەو گەمارۆیانە لە تەواویەتی رژیم شوێندانەر دەبێ، لێرەدا ئەوەی بۆ ئێمە گرینگە دەبێ بە پشتبەستن بە ئیرادەی گەلی كورد و هێزی پیشمەرگە گروتینێكی زیاتر ببەخشین بەو خەباتە.
ئەگەری چەندین سیناریۆ بۆ داهاتووی ئێران قسەوباسی لەسەركرا كە دەستبەسەراگرتنی سەرجەم جومگە ئابوریی‌و سیاسیی…ەكانی ئێران لەلایەن سوپای پاسداران وەك هێزێكی سەرەكی پارێزەری كۆماری ئیسلامی یەكێكە و سیناریۆیانە. بەڵام ئەوەی ئاشكرایە كە جوڵانەوەی ناڕەزایی خەڵك لەكۆماری ئیسلامی لە هەر حاڵەتێكدا رەوتی خۆی دەپێوێ‌و رق‌و بێزاری گەلانی وەزاڵەهاتووی ئێران لە ئان‌و ساتی تەقینەوەدایە بەڕووی دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی.
لەكۆتایی ئەم باسەدا لایەنەكان جەختیان لەسەر كاراتركردنی ناوەندی هاوكاریی كردەوە پێیانوابوو كە ناوەندی هاوكاریی دەتوانێت بە بەئەنجام گەیاندنی پرۆژە‌و پلانەكانی خۆی لە داهاتووی كوردستانی پاش كۆماری ئیسلامی دەورو نەخشی سەرەكی بۆ پێكهێنانی یەكگرتوویی‌و لەنێوان خەڵك‌و حیزبەكانی كوردستان بگێڕێت.
لەدرێژەی كۆبوونەوەكەدا چەندین تەوەری پەیوەندیداری بە كارەكانی ناوەند قسەوباسیان لەسەر كرا.