بە پێی هەواڵی گەیشتوو لە شاری سنەوە بەداخەوە کاتژمێر شەشی(٦) بەرەبەیانی دوێنێ هەینی ١٦ی خەزەڵوەر کاک محیەدین چراغ وەیسی لە تەمەنی ٦٠ ساڵیدا بە هۆی نەخۆشی ماڵئاوایی لە ژیان کرد. کاک محیەدین چراغ وەیسی کە کەسایەتیەکی جێگای بروا و متمانەی خەڵکی شاری سنە و سیمایەکی خۆشەویست و خۆش نێوی جەماوەر بوو،باوکی هاورێ جەماڵی چراغ وەیسی تێکۆشەر و هەڵسووراوی لێهاتوو و ناسراوی کۆمەڵە بوو. هاورێ جەماڵ وەک تێکۆشەرێکی کۆمەڵە و وەک هەڵسووراوێکی بزووتنەوەی چەپ و سوسیالیستی و، لە درێژەی کار وهەڵسوورانی لێبراوانە وماندووینەناسانەی خوێدا، ساڵی ١٣٦٨هەتاوی لە رێورەسمی رێزگرتن لە ئەوەڵی مانگی مەی لە شاری سنە کە زیاتر بە ئەوەڵی مانگی مەیە سوورەکان دەناسران،پاش خوێندنەوەی وتارێک بە بۆنەی ئەو رۆژە جیهانیە،لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رژیمی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کرا و پاش چەند رۆژ ئازار و ئەشکەنجە لە لایەن بێدادگاکانی کۆماری ئیسلامی سزای ئێعدامی بەسەردا سەپا و بە داخەوە چەند مانگ دواتر هاورێ جەماڵ لە سێدارە درا. شایانی باسە بەداخەوە مەعسوومە خانمی هاوژینی کاک محیەدین و دایکی هاورێ جەماڵیش ساڵێک لەمەوەبەر ماڵئاوایی لە ژیان کرد. ئێمە بە بۆنەی مەرگی کاک محیەدین وێرای دەربرینی هاوخەمی قوڵی خۆمان،لە لایەن هەموو ریزەکانی کۆمەڵەوە پربەدڵ سەرەخۆشی لە بنەماڵەی سەربەرز و ئازیزی چراغ وەیسی و هەموو خەڵکی شاری سنەی قارەمان دەکەین و،دڵنیاین کاک محیەدین و دایە مەحسوومە وەک هەزاران دایک و باوکی دڵ برینداری کوردستان بۆ هەمیشە ناو و یادیان بە زیندوویی دەمێنێتەوە. بژی یادی ئازیزی کاک محیەدین چراغ وەیسی.

کومیتەی ڕێکخستنی نەهێنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

١٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٩ی هەتاوی ٧ی نوامبری ٢٠٢٠ی زایینی