جەماوەری تێکۆشەری کوردستان، بنەماڵەی بەرێزی کاک قادری حاجی عەلی! زۆر بەداخەوە ئاگادار بووین کە کاک قادری حاجی عەلی تێکۆشەری دێرین و کەسایەتی ناسراوی سیاسی پاش گیرۆدەبوونی بە پەتای کۆڕۆنا و دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ ئەم نەخۆشییە، ماڵئاوایی لە ژیان کرد و بۆ هەمیشە یاران وئازیزانی بە جێهێشت. کاک قادری حاجی عەلی هەر لە تەمەنی لاویەتیەوە وەک تێکۆشەرێکی بزووتنەوەی چەپ و شۆرشگێر و خاوەن هەڵوێست هاتە ریزی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردەوە و لە ماوەی ساڵانی خەبات و تێکۆشانیدا ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵەی رەنجدەران و ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و لە ئەندامانی دامەزرێنەری بزووتنەوەی گۆڕان بووە. کاک قادری حاجی عەلی وەک کەسایەتییەکی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەر لە ناو جەماوەر و لە ناو هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستاندا خاوەن پێگە و متمانەیەکی تایبەت بوو. دۆست و هاوڕێی له مێژینەی کۆمەڵە بو و پەیوەندی نزیکی دروست کردبو. هەر بۆیە هەواڵی مەرگی ئەو خەباتکارە دێرینە و ئەو سەرکردە ناسراوە شەپۆلێکی بەرینی هاودەردی و دڵگرانی لێکەوتەوە. ئێمە بە بۆنەی مەرگی کاک قادری حاجی عەلی، کەسایەتی و تێکۆشەری دێرینی خەباتی رزگاریخوازی لە باشووری کوردستان وێرای دەربرینی خەم و پەژارەی خۆمان، بە گەرمی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەرێزی و هەمو هاوسەنگەران و هاوخەباتان و هاورێیان و دۆستانی دەکەین، دڵنیاین کە ناوی کاک قادر وەک ناوی زۆربەی خەباتکارانی رێگای رزگاری وسەربەستی بۆهەمیشە لە مێژووی پر لە شانازی گەلەکەماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە. بژی یادی ئازیزی خەباتکار و تێکۆشەری دێرینی کوردستان کاک قادری حاجی عەلی.

هەیئەتی ئیجرایی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

٢٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٩ی هەتاوی ١٠ی نوامبری ٢٠٢٠ی زایینی