پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا كە لەو ماوەیەدا سەرەنجی رای گشتیی جیهانی بۆ لای خۆی راكێشا، كۆتایی هاتووە‌و تا ئێستا زۆربەی میدیاكانی ئەمریكا جۆ بایدین، كاندیدی دیموكراتەكان وەك براوەی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا ناو دەبەن.
هەڵبژاردنەكانی سەرۆككۆماریی ئەمریكا، وەك زلهێزێك لەئاستی جیهاندا هەموو كات گرنگییەكی تایبەتی هەبووە‌و لەسەر سیاسەت‌و هەڵسوكەوتی زۆرێك لە وڵاتانی جیهاندا كاریگەریی داناوە، هەر بۆیە لەلایەن دەوڵەتان‌و رای گشتییەوە بە هەستیارییەكی زۆرەوە چاودێری دەكرێت. لە ئێران‌و كوردستانیش خەڵك‌و دەسەڵاتدارانی رژیم‌و هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنیش هەڵسەنگاندن بۆ ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنانە دەكەن‌و هەر كەس لە روانگەی بەرژەوەندییەکانی خۆیەوە لەو پرۆسەیە دەروانێ .
ڕاستە لەسەردەمی سەرۆكایەتی دۆناڵد ترامپدا پاش كشانەوەی ئەمریكا لە رێكەوتنی ئەتۆمی “بەرجام” ئابلۆقەكان لەسەر ئێران زیاتر بوو و گوشارێكی ئابوریی زیاتر خرایە سەر ئێران، بەڵام ڕوونە کە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لە دەورانی سەرۆكایەتی كۆماریخوازەكان بووبێت یان دیموكراتەكان دا، لە سەر مەهارکردنی کۆماری ئیسلامی سیاسەتێكی تا رادەیەک جێگیر و نەگۆڕە ‌و تەنیا میكانیزمەكانی كاركردنە كە لە هەر دەوڵەتێكی ئەمریكادا جیاواز لەیەك كاری پێدەكرێت.
سەرەڕای ئەوەی كێ و لە چ حیزبێك دەبێتە سەرۆك كۆماری ئامریكا ئێمە وەك ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران لەسەر ئەو بڕوایەین كە ئەمریكا لەبەرامبەر ئێراندا هەر سیاسەتێك پەیڕەو بكات، تەنیا فاكتەری ناوخۆیی‌و هێزی جەماوەریی گەلانی ئێرانە كە دەتوانێت كۆتایی بە دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بهێنێت. ئەمەش بەو مانایە نیە كە فاكتەری دەرەكی بە كەم بگرین و بە بێ بایەخ لێی بڕوانین. ئێمەی گەلی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستانیش وەک باقی گەلانی ناوچەکە و جیهان بە گرینگی و هەستیارییەوە لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی ئامریکا وەک زلهێزێکی جیهانی دەڕوانین و لە گۆشەنیگای بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی خۆمانەوە پێشوازیی لە براوەی هەڵبژاردنەکان بۆ سەرۆکایەتی ئامرێکا دەکەین و، هەوڵ دەدەین لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خەباتی نەتەوەکەماندا پێوەندییەکی سیاسی و تۆکمە لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئامریکا دابمەزرێنن و لەو پێناوەشدا داواكارین ئیدارەی نوێ و سەرۆکی براوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نزیكی‌و دۆستایەتی خۆی لەگەڵ گەلی كورد پەرە پێبدا و بە گرینگییەوە بڕوانێتە خەباتی رەوا و درێژخایەنی گەلی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات بەرامبەر بە رژیمی داگیرکەر و تێرۆریستپەروەری کۆماری ئیسلامی.
ئێمە پێمانوایە کە کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی سنورەکانی خۆی نە دەست لە پشتیوانی لە تیرۆریزم و ئاژاوەگێڕی هەڵدەگرێت، نە لە ناوخۆشدا ئەو کەلەبەرەی کەوتووەتە نێوان رژیم و خەڵک پڕ دەبێتەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە خەباتی جەماوەریی و رزگاریخوازانەی خەڵک زیاتر دەکات. ئێمەش لەسەر ئەوە کاردەکەین و گەلی کوردیش لەو هەلومەرجە جیهانی و ناوچەییەدا لەحاڵیکدا کە بزوتنەوەکەی هەنگاوی گەورەی بەرەوپێش هەڵگرتووە پێویستی بە دۆستایەتی و نزیکییە لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی خۆمان و خەبات دژ بە کۆماری ئیسلامی.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
١٨ی نۆڤامبری ٢٠٢٠