بەداخەوە ئاگادار بووین کە سەرلەبەیانی ڕۆژی جومعە ٣٠ی مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٩ی هەتاوی رێکەوتی ٢٠ی نوامبری ٢٠٢٠ی زایینی کاک موزەفەری فەرزاد پێشمەرگە و تێکۆشەری دێرینی کۆمەڵە پاش چەندین ساڵ ململانێ لەگەڵ نەخۆشی بۆ هەمیشە دڵی پر لە هیوا و خۆزگەی بە سەربەستی و ئازادی لە لێدان کەوت و هاورێ وئازیزانی بەجێهێشت. کاک موزەفەری فەرزاد تێکۆشەری دێرینی کۆمەڵە،برای هاورێیانی گیانبەختکردوو کەیهان ومەنسووری فەرزاد و ئەندامی بنەماڵەی ناسراو و تێکۆشەری فەرزادە لە شاری سنە کە وەک بنەماڵەیەکی تێکۆشەر وبەرچاو لە پێناو رێبازی کۆمەڵە وشۆرشی چەوساوەکانی کوردستاندا خاوەن پێگە ومتمانەیەکی بەرز و دیارن. کاک موزەفەر لە زومرەی ئەو ئینسانە تێکۆشەر و خەباتکارانە بوو کە هەر لەسەرەتای شۆرشی گەلانی ئێرانەوە هاتە ریزی خەبات و تێکۆشان و، بەلەبەرچاوگرتنی پێگەی ناسراو و خۆشناوی بنەماڵەکەی هاورێ لەگەڵ باقی ئەندامانی بنەماڵە رۆڵێکی کاریگەر و بەرچاوی بوو لە پەرپێدان بە کلتووری شۆرشگێرانە وبەرابەریخوازانەی خەباتی کۆمەڵە و گەلێک یادگاری و بیرەوەری خۆشی لە بیر وزەینی دۆستان و نزیکانی ولە نێو لاوانی خەباتکاری شاری سنە بەجێ هێشتووە. کاک موزەفەر کە کەسێکی رووخۆش وقسەخۆش و سیمایەکی لەدڵان نزیک بوو،بێگوومان بە مەرگی خۆی غەم و پەژارەیەکی قووڵی لە نێو هاورێ و هاوسەنگەران ودۆستان و ناسیاوانی دا بە جێ هێشت. ئێمە بە بۆنەی مەرگی کاک موزەفەری فەرزاد تێکۆشەری دێرینی کۆمەڵە وسیمای ناسراوی نێو خەباتکاران وخەڵکی تێکۆشەری کوردستان لە لایەن هەموو ریزەکانی کۆمەڵەوە پر بەدڵ سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئازیزی و بەتایبەت ژیلا خانمی هاوسەری و منداڵەکانی و کاک ئیرەج فەرزاد و لە هەموو تێکۆشەرانی دێرینی کۆمەڵە وخەڵکی خەباتکاری شاری سنەی قارەمان دەکەین و خۆمان بە شەریکی غەم و پەژارەیان دەزانین. یادی ئازیزی کاک موزەفەری فەرزاد بەرز و بەرێز بێ.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

١ی سەرماوەزی ١٣٩٩ی هەتاوی ٢١ی نوامبری ٢٠٢٠ی زایینی