ڕۆژی 25ی نوامبر کە هێماو ڕەمزی پڕشکۆی خەبات و بەرهەمی کۆمەڵێک ژنی چالاک و هاوکات دەرخەری دڕندەیی دەسەڵاتێکە، لە مێژوودا جێگەی گرت و لە ڕووە واقعی و مێژوویەکەوە حوکمی بەگژداچوونەوەی دژبە توندوتیژی سەپاند.

ناوەرۆکی ئەم ڕۆژ و ڕوداوە دەگەڕێتەوە بۆ رێكەوتی 25ی نوامبەری ساڵی 1960ی زایینی،‌ لە وڵاتی دۆمینیكن‌ لە سەردەمی دەسەڵاتداریەتی سەرەڕۆیانەی “ڕافایل تورئیلۆ”دا،  کە سێ خوشك بە نێوەكانی، “ماریت ترزا، بتریە میرابل ‌و منیروا”  کە پاش ماوەیەک مانەوە و ڕاگرتنیان لە بەندیخانە بە تاوانی تێكۆشانی سیاسیی دژ بە حكوومەت لە سێدارە دران.

خوشكانی میراباڵ، لە كاتێكدا، بۆ دیتنی هاوسەرە بەندكراوەكانیان دەیان بردن، بەدەست بەكرێگیراوانی”ترۆئیلۆ” و بە فەرمانی ڕاستەوخۆی ناوبراو، كوژران.

ئەم تاوانە بەجۆرێك بووە هۆی وەڕێخستنی تووڕەیی و بێزاریی گشتیی خەڵك و یەكێك لە هۆكارەكانی بەرەوپێشبردنی خەبات بە دژی دیكتاتۆریی تروئیلۆ و توانی توڕەیی خەڵک و ناڕەزایەتی بەردەوام دژ بەم دەسەڵاتە بکوژە، مێژوو بەبارێکی دیکە وەسوڕێنی و ببێ بە هێڵی کۆتایی ئەم دەسەڵاتە و لە لایەکی دیکەش ڕۆژێک بەناوی 25ی نوامبر دژ بە توندوتیژی بەرامبەر ژن بێنێتە ئاراوە. جووڵەی یەکانگیری جەماوەر دژ بە دەسەڵات دوای ساڵێك لە کوشتنی خوشكانی میراباڵ، حكوومەتی ملهوڕی تروئیلۆ كۆتایی پێهێناو ئەم ڕوداوەش بووە بەڵگە و ڕاستیەکی دیکە بۆ جووڵانەوەی مافخوازی و دژبە ستەم، کە هیچ هێزێک ناتوانێ درێژە بە دەسەڵاتی بدات ئەگەر خەڵک لە پشتی نەبن.

ڕوداوەکانی دۆمینکێن، کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و21ساڵ دوای ئەو رووداوە واتە ساڵی 1981 لە ڕۆژانی 17 تا 21 ژوئیە لە شاری “بوگوتا” پێتەختی وڵاتی كۆلۆمبیا كۆنفرانسێك لە لایەن رێكخراوەكانی داكۆكیكاری مافی ژنان ‌و لایەنگرانی مافی یەكسانی لە ئەمریكای لاتین ‌و دووڕگەكانی “كارائیب بەم بۆنەوە بەڕێوە چوو. لەو كۆنفڕانسەدا پێشنیاركرا، وەكوو بە بیرهێنانەوە و رێزگرتن لە خەباتی ئەو سێ خوشكە، ڕۆژی ئیعدامی ئەوان بە ڕۆژی خەبات دژ بە توندوتیژی دژی ژنان دیاری بكرێت، بەڵكو ئەوە دەرەتانێك بێت بۆ ئەوەی كۆمەڵانی خەڵك پتر لەگەڵ توندوتیژی دژ بە ژنان ئاشنابن‌ و لایەنەكانی بناسن ‌و دژبەری لەگەڵدا بكەن و بۆ تێڕوانین لە ڕەگەز، ڕوانینی مرۆڤانە بێتە ئاراوە. لەو كاتەوە لە زۆرێك لە وڵاتانی جیهان بە تایبەتی لە وڵاتانی ئەمریكای لاتین ڕۆژی 25ی نوامبر وەك ڕۆژی بەرەنگاربوونەوە لە دژی توندوتیژی دژ بە ژنان ڕێزی لێدەگیرا، ئەم ڕێز و پێزانینە بۆ ئەو خوشکانە و بەرین بوونەوەی خەبات دژ بە توندووتیژی لە ڕەوتەکەی، جێگەی گرت و لە ساڵی 1999 ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش ئەو بۆنەیەی بە ڕەسمی پەسەندكرد کە بەخۆشحاڵیەوە بووە جێگەی پەسەندی زۆر وەڵات و لایەن.

هەموو ساڵێک لەم ڕۆژەدا ئەو یادە دەکرێتەوەو دوو حەوتوو بەردەوام کێشەو گرفتەکانی ژنان دێتە بەرباس لەسەرتاسەری جیهان، کە ئەم یاد و گرینگی پێدانە بەداخەوە تا ئێستاش گشتگیر نەبووە و لە هێندێک وڵاتدا کە دەسەڵات دژ بەگەل وخواستی خەڵکە، خۆ بوێری دەکرێت.

لە ڕۆژەکانی دیاریکراودا، ڕێکخراوە نێو نەتەوەیەکانی مافی مروڤ و کۆمەڵگە مەدەنیەکان و چالاکانی مافپارێزی، هەوڵ و تێکۆشانەکانیان کە لە ماوەی ساڵێکدا ئەنجامیان داوە، وەک ڕاپۆرتی چالاکی، بۆ جیهانیانی دەگوێزنەوە و خەسارناسی و لێکۆڵینەوەی زۆر دەخەنە بەردەست.

لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئاخوندان و بەدرێژایی چواردەیە، مافی مرۆڤ بە گشتی و ژنان بە تایبەتی ژێر پێنراوە و بە یاساو پێڕەوکردنی کلتوری دواکەوتوی سەدان ساڵەی سەدە ناوەڕاستی، بەردەوام ژنان باری ناهەموار دەگوزەرێنن و وەک کاڵا ئەژمار دەکرێن.

مافی ژنان لە ئێران بارودۆخێکی دژوار تێدەپەڕێنێ و ناتوانن بە ئازادانە بیرو بۆچون و چالاکی و چوونە دەرەوەو خواستەکانیان بخەنە ڕوو. دەست بەسەرکرانی چالاکانی مافی مرۆڤ و ژنان و ئەشکەنجەو ئیعدام، یەکێکە لە کارنامەکانی ڕژیمی ئاخوندی سەبارەت بە ماف و داوا و نەبونی ئازادی و هەتا پێخوست بونی سەرەتایترین ماف، ژنانی زیاتر هێناوەتە مەیدانی خەبات دژبە ڕژیم و کۆی نەریتە دواکەوتوو و پاوانخوازیەکانی بنەماڵە و کۆمەڵگە و دەسەڵات. دەنگی ژنان لە وەڵاتەکەمان کوردستان دلێرە و بەخۆشحاڵیەوە بۆتە مەکۆی دەنگ هەڵبڕین دژ بە هەموو ناعەدالتی و زوڵم و زۆرەکانی هەیە، جا گەر لایەن هەرکەس و لایەن و دەسەڵاتێکەوە بێت.

 لەگەڵ هووشیاری و بەرەنگاری ژنان ،ستەم زیاتر دەبێ و ڕۆژانە شاهیدی کوشتن و خۆکوژی ژنان لە ئێرانین، کە بەداخەوە هیچ یەک لە دەزگاکانی پەیوەست بە داکۆکی لە خەڵک و ماف و ئازادیەکان لە ئێران، نایەنە خەت و بگرە خۆیان بوونەتە بەشێک لەو زوڵم و توندوتیژیە کە ڕۆژانە زیاد دەکات.

 بێگومان هەتا مەئمورانی ڕژیم دەست درێژکارتر و تاوانبار و ڕێگە خۆشکەر بن بۆ زیاتر تەشەنە سەندنی نادادپەروەری و زوڵم و ستەم لە کۆمەڵگە خەباتی خەڵک بە تایبەت ژنان پەرەگرتووتر دەبێ، وەک چۆن لە هەموو ناڕەزایەتی و ڕابوونەکانی ڕابڕوودا و ئێستادا  سەرقافڵەی ڕاپەڕین و ناڕەزایەتی بوون.

خراپی باری ئابوری و نەبوونی سیستمێکی دادپەروەر، باری سەرشانی ژنانی لە ئێران و کوردستان قورستر کردوەو هەوڵدان بۆ بژێوی ژیان، کە پێویستەو بەشێکی گرنگە، بەردەوامبونی ڕەوڕەوەی ژیانی توشی ئیفلیجی کردووە، بارە قورسەکەی بەهۆی پێکهاتەی کۆمەڵگا لە ئێران لەسەر شانی ژنانە و بەداخەوە هەتا قەیران و شێواوییەکان زیاتر بن خەسار و زیانە ڕۆحی و کۆمەڵایەتیەکان بۆ ژنان زیاتر دەبێت.

ئەم دۆخە نالەبارەی وەڵاتەکەمان کە بەهۆی دەسەڵاتی دیکتاتۆر و دژە مرۆڤەوەیە، بوارەکانی ژیانی لە هەموو لایەکەوە بەرەو هەڵدێر بردووە و شیرازەی کۆمەڵگەی تێک داوە. ئەم بارە ناهەموارە لەگەڵ ئەوەی زیانی زۆری داوە و کۆڵێ گرانی خستۆتە سەر خەڵک بەتایبەت ژنان، هاوکات دەرفەتی هۆشیاری و مەیدانداری بۆ ژنان خۆش کردووە. لەم بوارەدا پێویست و ئەمرێکی واقعیە کە ڕێکخراوەکانی ژنان و هاوکات ناوەندی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵات هەوڵەکانی خۆیان بۆ ناوخۆ چڕتر بکەنەوە و بە کار و تێکۆشانی زیاتر هاوپشتیەکە زیاتر بکەین. وێرای بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ دەیان گرفتی سەر ڕێگەی پێوەندی، بەڵام کۆمەڵێک ڕێکار و پلان توانیویەتی ببێتە پردێکی پێوەندی بەهێز لە نێوانمان. ئێمە دەبێ زیاتر دەرفەت و بۆنەکان بکەینە لایەنی گشتی وبەکارکردنی زیاتر لەگەڵ ڕێکخراوەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ و چالاکانی ژنان، پەیامی ڕزگاری بەخشی خۆمان بگەیەنینە هەموو کەلێن و قوژبنێکی وەڵاتەکەمان و ئەوەیان لەگەڵ چەند پاتە بکەینەوە کە خەباتمان دژ بە زوڵم و چەوسانەوەمان بەرهەمدارە و ئەگەر بەردەوام بین و ڕێگەی هۆشیاری بەم شێوە ببڕین، دەتوانین ئازادیبەخشی مرۆڤایەتی بین.