لە هەفتەی ڕابردوداو، بە دوو ڕۆژی کاریی چڕوپڕ پلێنۆم بە بەشداریی هاوڕێیانی کومیتەی ناوەندی و ڕاوێژکاران کارەکانی خۆی تەواو کرد.

 پلێنۆم بە وەستانی دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ یادی گیانبەختکردوانی کۆمەڵە و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان ڕەسمیەتی پێدرا. دواتر ڕاپۆرتی سیاسی هاوڕێ عومەر ئێلخانیزادە دەستی پێکرد. ڕاپۆرتەکە لەبەر تیشکی هەڵسەنگاندنی هەلومەرجی ئەوڕۆی جیهان، بە وردی باسی لە کێشە و ململانێ نێودەوڵەتی و ناوچەییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە خۆ گرتبوو. هەروەها هەلومەرجی ئەوڕۆی ئێران، ئۆپۆزیسیۆن و کۆماری ئیسلامی، تەوەرەکانی دیکەی باسی سیاسی بوون. هەروەتر هەڵسەنگاندنێکی وردی بزوتنەوەی کوردستان بە گشتی و، تایبەتیتر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە خۆ گرتبوو، بە دوای ئەو باسانەدا ئاماژەی ڕوونی بۆ ئەرکە سەرەکیەکانی ئێمەی لەو دەورەیەدا، تێدا باس کرابوون.

  لەسەر هەلومەرجی جیهانی، ڕاپۆرت باسی لە قەیرانی سیاسی جیهانی سەرمایەداری و سەرهەڵدانی ڕەوتی ڕاستی شێوە فاشیست لە زۆرێک لە وڵاتان کردبوو کە تەنانەت توانیویانە لە بەشێک لە وڵاتانی بەهێز، بشگەنە دەسەڵات. بە تایبەتی لە دەورەی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترامپدا ئەو رەوتە هێزی زۆرتری وەرگرت، ململانێی نیوان زلهێزەکان ئاشکراتر و بێ بەزییانەتر لە پێشوو خۆی نواند بە جۆرێک کە: بە ڕوونی دەرکەوت جیهانی ئەوڕۆ سەرەڕای پێشوەچوونی زۆری زانست و تیکنیک و بەرهەمهێنانی گەورە، بەڵام توشی بێ نەزمییەکی زۆرتر لە جاران بووەو، هێز و دەوڵەتە گەورەکان بێڕەحمانەتر لە پێشوو سەروماڵی خەڵک و وڵاتانی بچوک دەکەنە سوتمانی بەرژەوەندیی خۆیان. ئەو ڕاستیە مەترسی زۆری دروست کردوە، لە لایەک نائارامی پتری لێدەکەوێتەوەو، لە لایەکی دیکە خەڵکی وشیار دەکەونە بەبەرەکانێی ئەو ڕەوتە شێوە فاشیستیە و دەبێ چاوەڕوانی سەرهەڵدانی دەورێکی نوێی بزوتنەوەی دێمۆکراسی بین لە جیهاندا، چونکوو لە دونیای گلۆباڵ و سەردەمی ئەنفۆرماتیک، بەشەرییەت ناکرێ و ناتوانێ ملکەچی ئەو هێرشە بەرینە بێ بۆ پاشماوەی دێمۆکراسی، بە پێچەوانە پێشوەچونەکانی ئەوڕۆ دەخوازێ کە دێمۆکراسی بەرینتر و دادپەروەری زۆرتر لە کۆمەڵگادا پەرە بستێنێ.

 سەبارەت بە کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕاپۆرتی سیاسی پێی وابوو: ململانێکان گەیشتونەتە ئاستێکی هەستیار و دەبێ چاوەڕوانی شەڕ و پێکدادانی زۆرتر بین. هێزە ناوچەییەکان لەو بێ نەزمی و پەرەسەندنی ململانێ جیهانیەکانی ئەوڕۆ، هەم دەرفەتیان بۆ ڕەخساوە تا پەرە بە دەسەڵاتی خۆیان بدەن، هەم چیتر وەک جاران چاوەڕوان و پابەندی بڕیاری زلهێزە گەورەکان نین و لە هەلومەرجی ئێستادا جبەخانەی پڕ و خاوەن تیکنۆلۆژیی پێشکەوتویان لەبەر دەستە. کۆماری ئیسلامی ئێران یەکێک لەو دەسەڵاتانەیە کە دەیان ساڵە بۆ وەدیهاتنی خەونی سەروەری ناوچەیی لە هەوڵدایە و هێشتا ملکەچی نوشست و ناکامیەکانی تا ئێستای نەبووەو، لاسارانە بۆ ڕاگرتنی تەجاوزکارییەکانی تێدەکۆشێ. تورکیە وەک هاوپەیمانی ناتۆ و هێزێکی گەورەی ناوچەیی بۆ گەڕاندنەوەی بەشێک لە هەیمەنەی ئیمپڕاتۆریی عوسمانی و باڵادەستی لە رژهەڵاتی ناوین و زەریای ناوەڕاست، کەوتۆتە خۆ و بە تەمای پێوەلکاندنەوەی بەشێک لە خاکی دابەشکراوی دەورەی دوای شەڕی یەکەمی جیهانییە. ئیسراییل و وڵاتانی عەڕەبی دژی هەرتک کۆنە ئیمپراتۆری ئێرانی و عوسمانی، ڕاوەستاون و، بۆ کۆتا کردنەوەی دەستی ئەو دوو دەوڵەتە گەورەی ناوچە، کار دەکەن. ئاشکرایە ئەو ریزبەندییە ناوچەییە، دەستوەردان و ململانێی زلهێزە جیهانیەکانیشی دێتە سەرو، بێ شەڕ و  روداوی گەورە، پێناچێ ئەو ناوچەیە ڕوی ئارام بەخۆوە ببینێ.

  ئێران بە هۆی ناڕەزایی خەڵکی و ئابوریی ناسەقامگیر و لە گرێژەنەچوو، بە هۆی کێشە و شپرزی دەسەڵات و سەرنەگرتنی سیاسەتی ناوچەیی و شکستی میلیشیا تێرۆریستەکانی سەر بە رژیم لە گشت ناوچەکە، بە هۆی فەسادی سیاسی و ئابوری و زیاد بوونی کەلەبەری کۆمەڵایەتی و چینایەتی، وێدەچێ زووتر و زیاتر مەشمولی ئاڵوگۆڕ و شکست بێ. کۆماری ئیسلامی لە هەموو بوارەکاندا ڕو لە پاشەکشە و نشێوە، لە سیاسەتی نێو دەوڵەتیدا بۆسۆ و بەدناو و تەریککەوتووە، کێشەی مافیای دەسەڵات هیچ سنورێکی نییە و تا دێ زۆر و زۆرتر بووە و بڕوا بە مانەوەی ئەو سیستمە لە ناو باڵاترین لایەنەکانی دەسەڵاتیش پەرەی ئەستاندووە و تەنانەت لە زەینی ئەوانیشدا هەموو مەشروعیەتیان چۆتە ژێر پرسیار، تەنیا هۆکاری مانەوەکەی پڕژوبڵاویی ئۆپۆزیسیۆن و نەبوونی ئاڵترناتیوێکە کە خەڵکی ئێران قبوڵی بکات. بەشی زۆری ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بە هۆی شوونیسمی جێکەوتو لە زەینیاندا ناتوانن لە ئێرانی فرە نەتەوەدا هەڵگری دێمۆکراسی و مافی گەلان بن، هێشتا هەموویان ساغ نین کە دژ بە هەموو هەڵاواردنەکانی نێو کۆمەڵگا  بن، ناتوانن بە پێی  واقعییەتی کۆمەڵگا و جۆراوجۆریەکانی بڕیار بدەن و یەکتر لە پڕۆسەیەکی دێمۆکراسیدا قبوڵ بکەن، بۆیەش تا ئێستا نەیانتوانیوە وێکخەر و کۆکەرەوە بن و ئاڵترناتیوێک بگوروێ.

  ڕاپۆرتی سیاسی تەئکیدی لەوە کردەوە کە: هەموو ئەو ڕاستیانەی سەرەوە دەریدەخەن کە کوردستان لە هەموو بەشەکانی لە چەقی ئەو کێشە و ململانێ ناوچەییەدا خاوەنی بزوتنەوەیەکی سێکۆلار و دێمۆکراتیکە کە لە هەر پارچەیەکی بە ملیۆنان خەڵکی لە پشتە، ئێستا ئەو بزوتنەوەیە لە هەر چوار بەشی کوردستان بوونی هەیە، لە بیروڕای جیهانیدا پرسی کورد وەک پرسێکی ڕەوا پشتیوانی لێدەکرێ، زەینیەتی ئیلیت و زۆربەی خەڵکی کوردستان بڕوابەخۆییەکی باشی تێدا پێکهاتووە، هەموو ئەوانە پوتانسەلی باش و ئەرێنی پێکدێنن لە بزاوتی ڕزگاریخوازی کورددا. لە هەمان کاتدا دەزانین کە بزوتنەوەی کوردستان لە ئابڵۆقەی دەوڵەتانی بەهێز و خاون دەسەڵات و مێژودا گیری کردوە کە مەترسی گەورە دێنێتە سەر رێگای خەباتی خەڵکی کوردستان، لە حاڵێکدا هاوئاهەنگی نەک لە نێوان بەشەکانی بزوتنەوەی کوردستاندا نییە، تەنانەت لە هەر بەشەش یەکگرتوویی پێویست نابیندرێ. بزوتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای سەرکوت و زەبروزەنگێکی ٤٠ ساڵە، بە شێوازی نوێ و پەرەسەندنی خەباتی مەدەنی و پێشکەووتوانە لە هەموو بوارەکاندا، هەستاوەتەوە سەر پێ و لە پوتانسیەلیدا هەیە کە دەورێکی نوێ و بەرینی هەبێ کە بتوانێ لە دەوری داهاتوودا بە بەرچاوڕونی زۆرتر هاوسەنگی لە بزوتنەوەی کوردستاندا لە قازانجی بزاڤی مەدەنێ پێک بێنێ. لە ڕاپۆرتەکەدا تەئکید کراوە لەسەر پێویستی کار کردن بۆ یەکگرتوویی حیزبە سیاسیەکان و بزاوتی نەتەوەیی و ڕەوتی پێشکەوتنخواز و چەپ لە کوردستاندا و بڕوا بەوە هەبوو کە کۆمەڵەی زەحمەتکێشان پێویستە لەو بوارانەدا هەڵسوڕ و چالاک بێ. دەورەی داهاتوو کە پڕ ڕوداو دەبێ، ئەگەر و ئیمکانی زۆر هەیە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەرفەتی زێڕینی بۆ هەڵکەوێ و پێویستە بە ڕوونی و وشیاری خۆمانی بۆ تەیار بکەین.

  لە پلێنۆمدا ڕاپۆرتی سیاسی بە کۆی دەنگ پەسەند کرا

  بەشی دووهەمی باسەکانی پلێنۆم سەبارەت بە بەشە جۆراوجۆرەکانی ڕێکخستنی حیزبی بوو. لەو بارەوە هەڵسەنگاندن بۆ هەموو ئۆرگانەکان کرا و تەئکید کرا کە پێویستە هەموو ئۆرگانەکان لە دەوری داهاتودا بۆ پەرەپێدان، پشتیوانی و هاوتەریبی لەگەڵ بزوتنەوەی مەدەنی و سیاسی هەوڵ بدەن. بە تایبەتی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و بەڕێوەبەریی ڕێکخستنی نهێنی دەوری زۆرتریان دەکەوێتە سەر شان بۆ ئاڵوگۆڕ و چالاک بوونی زۆرتر لە بواری خەباتی سیاسی و مەدەنی لە ناوەوە. هەروەها لەو بەشەدا جارێکی دیکە پێویستی توندوتۆڵتر کردنەوەی زەوابیتی حیزبی ئاماژەی بۆ کرا و پلێنۆم چەند بڕیارێکی ناوخۆیی لەو بارەوە پەسەند کرد و سکرتێر و دەستەی کارگێڕیی داهاتوی ئەرکدار کرد بۆ بەڕێوە چونیان. هەر لەو بەشەدا باسی گرتنی کۆنگرە کرا و پلێنۆم بڕیاری دا کە هەڵبژاردنی نوێنەران کە بە هۆی پەتای کڕۆناوە لە بڕێک شوێن وەستا بوو ئەنجام بدرێن و ڕێکەوتێکی دیاری کرد بۆ بەستنی کۆنگرە. تەوەری سێهەمی کاری پلێنۆم دابەشکردنی ئەرکەکان بوو. پلێنۆم دەسەیەکی کارگێڕیی پێنج کەسی هەڵبژارد و ھاوڕێ عومەر  ئێلخانیزادەشی وەک سکرتێر هەڵبژاردەوە و بە سرودی بانگەواز کۆتایی بە کاری خۆی هێنا.

کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

 ١٠ دیسامبری ٢٠٢٠ یان ٢٠ سەرماوەزی ١٣٩٩ هەتاوی