زۆر بەداخەوە ئاگادار بووین کە بەرەبەیانی ئەمرۆ چوارشەممە ١٧ی بەفرانباری١٣٩٩ی هەتاوی کاک عەلی میرەکی کادر و پێشمەرگەی دێرینی کۆمەڵە(رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)  بە هۆی جەڵدەی مێشک و لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی بۆ هەمیشە چاوەکانی لێکنا و ئازیزان و هاورێیانی بەجێهێشت.

کاک عەلی میرەکی کە ئەندامی بنەماڵەیەکی زەحمەتکێشی ئاوایی میرەکی ناوچەی سنە بوو،بە هۆی نالەباربوونی دۆخی ژیان و گوزەرانیان هەر لەسەرەتای مێرمنداڵییەوە هاورێ لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ دۆزینەوەی کار و دابینکردنی بژیوی ژیان روویان کردبووە کوردستانی باشوور و، سەرەنجام بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ لە ئاوارەیدا و لە شاری بەغدا نیشتەجێ بوون.

سەرەنجام بنەماڵەی کاک عەلی پاش سێ دەیە ئاوارەیی گەرانەوە کوردستانی رۆژهەڵات و کاک عەلی کە ئیتر ئێستا مرۆڤێکی پێگەیشتووی خاراوی کورەی ژیان و خەبات بوو و زیاتر لە ٦ ساڵی تەمەنی بە هۆی نارەزایەتی و راسان لەدژی بێدادی لە بەندیخانەکانی حکوومەتی بەعسی عێراق هێنابووە سەر،وەدیهاتنی خەون وئامانجەکانی خۆی و هاوچارەنووسانی خۆی بە خەباتی کۆمەڵەوە گرێ دا و لە ساڵانی ٦٠ی هەتاویدا وەک تێکۆشەرێکی نهێنی دەستی دایە کار و هەڵسوورانی سیاسی و، پاش ئەوەیکە چەندین جار لەلایەن دام ودەزگا ئەمنییەتیەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کرا،بە مەبەستی درێژەدان بە خەبات رووی کردە بنکەکانی کۆمەڵە و لە ریزەکانی  کۆمەڵەدا چەکی پێشمەرگایەتی کردە شان و هەتا دوا ساتەکانی تەمەنی و بۆ ماوەی زیاتر لە  ٢٥ ساڵ لەخەبات و تێکۆشانی پێشمەرگانە بەردەوام بوو.

ئێمە بە بۆنەی ماڵئاوایی لەژیانکردنی کاک” عەلی محەممەدمیرەکی ” کادر وپێشمەرگەی دێرینی کۆمەڵە لە لایەن هەموو ریزەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانەوە پر بەدڵ سەرەخۆشی لە بنەماڵە وکەس وکاری،بە تایبەت سەرەخۆشی لە پاکیزخانمی هاوسەری و لە رۆمەن وروبین ورامیاری جگەرگۆشەی وهەموو هاورێ وهاوسەنگەرانی لە رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران-کۆمەڵە دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەم وپەژارەیان دەزانین.

یادی ئازیزی تێکۆشەری دێرینی کۆمەڵە کاک عەلی میرەکی بەرز وبەرێز بێت.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

١٧ی بەفرانباری ١٣٩٩ی هەتاوی

٦ی ژانوییەی ٢٠٢١ی زاینی