بەداخەوە ئاگادار بووین کە ئەمرۆ شەممە ٢٠ی بەفرانباری ١٣٩٩ی هەتاوی میرزا عەلی نادری باوکی هاورێی گیانبەختکردوو حەسەن نادری لە ولاتی سۆئێد ماڵئاوایی لە ژیانکردوە.

میرزا عەلی نادری لە کەسایەتییە خۆشەویست و ناسراوەکانی شاری سەقز بوو کە لە نێو بازارییەکانی شار دا خاوەن پێگە و متمانەیەکی تایبەت بوو و بە هۆی گەلێک تایبەتمەندی وەک راستگۆیی و دەستپاکی ناوی وێردی سەرزمانان بوو.هەروەها میرزا عەلی کە لە هەموو خۆپیشاندان و کۆروکۆبوونەوەکانی جەماوەر لە دژی رژیمی پاشایەتی بەشدار و چالاک بوو،لە نێو تێکۆشەران و هەڵسووراوانی سیاسی ناو شاری سەقز خۆشەویست و خاوەن رێز و متمانە بوو،بۆیە ماڵەکەی لە هەموو دەورانی راپەرین وخرۆشی جەماوەری و هەتا پیش داگیرکرانی شاری سەقز وەک بنکەیەکی شۆرش و پێشمەرگایەتی شوێنی کۆبوونەوە و حەسانەوەی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە بوو.

میرزا عەلی کە مرۆڤێکی ئازادیخواز و تێکۆشەرێکی سیاسی عەوداڵی دادپەروەری کۆمەڵایەتی بوو و هەشت کەس لە رۆڵەکانی واتە پێنج کچ وسێ کوری لە رێزی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەدا خەباتیان دەکرد،پاش داگیرکرانی شار لە لایەن هێزی سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامییەوە،ئەویش هاورێ لەگەڵ عوزرا خانمی هاوسەری شاریان بەجێهێشت و هاورێ لەگەڵ پێشمەرگەکانی کۆمەڵە هەررۆژەی لە ئاواییەک و لە شیو ودۆڵێک دەمانەوە و سەرەنجام بۆ ماوەیەک  لە کوردستانی باشوور و لە ناوچەی گاپیڵۆن و کارێزە نیشتەجێ بوون و دواتر بەناچاری ژیانی تاراوگەیان هەڵبژارد و لە وڵاتی سۆئێد گیرسانەوە.

سەرەنجام ئەمرۆ دڵی ئەو مرۆڤە گەورە و رێبوارە ماندووینەناسەی رێگای ئازادی ودادپەروەری کە هەتا دوا ساتەکانی ژیانی خاوەن بیر وهزرێکی ئازادیخوازانە بوو و هەتا دوا هەناسەی بە رێباز و ئامانجە بەرزەکانی کۆمەڵە وەفادار مایەوە بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت و ئازیزانی بەجێهێشت.بەداخەوە هەرچەند  ئەو تێکۆشەرە مەزنە  کە هەموو تەمەن و ژیان و ماڵ وسامانی خۆی پێشکەشی شۆرش وبزووتنەوەی رزگاریخوازنەی کوردستان کرد،بەر لە وەدیهاتنی ئامانجەبەرزە ئینسانییەکانی چاوەکانی لێکنا،بەڵام دڵنیاین کە خەبات لە پێناو وەدیهاتنی  ئەو ئامانجانەدا  کە مێرزا عەلی و باقی خەباتکارانی کوردستان ژیانیان بۆ تەرخانکرد وتەمەنیان پێ بەخشی بەردەوام دەبێ.

ئێمە بە بۆنەی ماڵئاوایی لەژیانکردنی میرزا عەلی نادری پربەدڵ سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئازیزی،بە تایبەت سەرەخۆشی لە ئازیزان لەتیفە،شاباز ،پەری،مێهری وکولسووم خانم  و حوسەین وبێهرووز و عیرفان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەم و پەژارەیان دەزانین.

یادی ئازیزی میرزا عەلی نادری بەرز و بەرێز بێ.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

٢٠ی بەفرانباری ١٣٩٩ی هەتاوی

٩ی ژانوییەی ٢٠٢١ی زایینی.