بە پێی هەواڵی گەیشتوو بەداخەوە دوێنێ جومعە دایە رابیعە رەشیدپوور دایکی هاورێی گیانبەختکردووی کۆمەڵە هاورێ فەرهمەند سادق وەزیری لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا و بە هۆی نەخۆشی لە شاری سنە بۆ هەمیشە چاوەکانی لێکنا.
هاورێ فەرهمەند سادق وەزیری کە لە ناو ریزەکانی کۆمەڵەدا بە سەعید دەناسرا، لە سەرەتای هاوینی ساڵی ١٣٨٢ی هەتاوی و لە کاتێکدا هاورێ لەگەڵ هاوسەر و دوو جگەرگۆشەکەی بە مەبەستی درێژەدان بە ژیانێکی ئارام وئاسایی رێگای دەرەوەی وڵاتی هەڵبژاردبوو،لە سنووری تورکیە دەستبەسەر کرا و بەداخەوە لەژێر گوشاری لێپرسینەوە و ئازار وئەشکەنجەی جەلادانی رژیمدا رۆژی ١٥ی پووشپەر لە گرتووخانەی رژیم لە شاری سەڵماس  گیانی ئازیزی بەختکرد.
دایە رابیعە لە ماوەی ساڵانی پێشمەرگایەتی هاورێ فەرهمەند دا وەک زۆربەی دایکانی کوردستان بۆ چاوپێکەوتن ودیدار تازەکردنەوەی رۆڵە ئازیزەکەی سەردانی ئەو گووند و ناوچانەی کوردستانی دەکرد کە دەیزانی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە لەو شوێن و ناوچانەن.بەڵام گرتنەبەری ئەو رێگا دژوار وپرمەترسییانە بۆ دایە رابیعە تەنیا بە مەبەستی شکانی تاسە و تامەزرۆیی دیداری رۆڵەکەی نەبوو،بەڵکوو دایە رابیعە هەڵگری هەموو ئەو خسڵەت وتایبەتمەندییانە بوو کە نازناوی “دایکە سنەیی”یان لە لاپەرەکانی مێژووی پرلە شانازیی کۆمەڵە لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستاندا تۆمار کرد.هەر بەو پێیەش دایە رابیعە لە شارەوە بۆ شاخ هەڵگری پێداویستی پێشمەرگەکان و پەیامی خۆشەویستی بنەماڵەکان بوو بۆ رۆڵەکانیان و،لە شاخەوە بۆ شاریش هەڵگری گەلێک نامە وراسپاردەی نهێنی پێشمەرگەکان بوو، تەنانەت ساڵی ١٣٦٤ لە کاتێکدا دایە رابیعە بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێورەسمی شایی و زەماوەندی هاورێ فەرهمەند وهاورێ مەهین خۆی گەیاندبووە ناوچەی مەریوان،هاورێیانی پێشمەرگە بە مەبەستی گرتنی یەکێک لە مۆڵگەکانی رژیم لە نێوان ئاواییەکانی گوڵچییەر وسۆفیبلە لە شەرێکی سەختدا بوون و،هەرچەند لەو شەردا  هاورێ فەرهمەند بریندار ببوو،بەڵام دایە رابیعە وەک هەمیشە بە ورە و خۆراگری خۆی،گەرمی بەخشی کۆری هاورێیانی پێشمەرگە بوو.دایە رابیعە بە بێ سڵکردنەوە لە تایبەتمەندی و پێگەی جیاواز و چینایەتی  بنەماڵەکەی هەتا دواساتەکانی تەمەنی پاڵپشتیکارێکی شێلگیری رێباز و ئامانجەبەرزەکانی کۆمەڵە مایەوە و لە ساڵانی ٦٠ی هەتاویدا دووجار لە لایەن دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی رژیمەوە دەستبەسەر کرا،بەڵام هەرگیز نەیانتوانی کاریگەری بکەنە سەر ورە و هەست وخۆشەویستی دایە رابیعە بۆ کۆمەڵە و شۆرشی چەوساوەکانی کوردستان.
بەداخەوە هەرچەند  دایە رابیعەش وەک زۆرێک لە دایکان وباوکانی کوردستان بەر لە وەدیهاتنی ئەو ئامانجە بەرزانە ماڵئاوایی لە ژیان کرد کە بە هەزاران رۆڵەی خەباتکاری ئەم کوردستانە گیانی ئازیزیان بۆ بەختکردوە،بەڵام  بەڵێن دەدەین کە هەتا وەدیهاتنی ئەو ئامانجە بەرزانە لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام دەبین.
ئێمە بە بۆنەی ماڵئاوایی لە ژیانکردنی دایە رابیعە رەشید پوور لە لایەن هەموو ریزەکانی کۆمەڵەوە پربەدل سەرەخۆشی لە بنەماڵە وئازیزانی بە تایبەت سەرەخۆشی لە هاورێ مەهین شوکرۆڵلاپور و پوویا و هێلیای ئازیز و سومبول خانمی سادق وەزیری و کاک کورشی نازری و هەموو بنەماڵەی بەرێزی سادق وەزیری و خەڵکی شاری سنەی سەربەرز دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەم وپەژارەیان دەزانین.
بژی یادی ئازیزی دایە رابیعە رەشیدپوور


کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢٧ی بەفرانباری ١٣٩٩ی هەتاوی
١٦ی ژانوییەی  ٢٠٢١ی زاینی