بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو لە چەند رۆژی رابردوودا کاک هەمزەی سەداقەت یەکێک لە تێکۆشەرانی دێرینی کۆمەڵە لە شاری مهاباد کە لە ماوەی رابردوودا تووشی پەتای کۆرۆنا ببوو،بەداخەوە ماڵئاویی لە ژیانکرد و ئازیزانی بە جێهێشت.
کاک هەمزە کە لە سەرەتای شۆرشی گەلانی ئێراندا وەک زۆربەی خەباتکارانی کوردهاتنە مەیدانی تێکۆشان و هەڵسوورانی سیاسی و شۆرشگێرانەوە، ئامانجەکانی خۆی بە خەباتی کۆمەڵەوە گرێ دا.دواتر و لەگەڵ داگیرکرانی شارەکانی کوردستان کاک هەمزەش وەک زۆرێک لە خەباتکاران وهەڵسووراوانی سیاسی لە شار مایەوە و هەتا دوا ساتەکانی تەمەنی وەک خەباتکارێکی شێلگیر و وەفادار بە ئامانجە بەرزەکانی کۆمەڵە لەسەر رێبازەکەی بەردەوام بوو.
کاک هەمزە کە گۆشکراوی قوتابخانە و هەڵگری بیروباوەری شۆرشگێرانەی کۆمەڵە بوو،لە ناو خەڵکی شار و دۆستان و ناسیاوانیدا خۆشەویست و جێگای رێز و متمانە بوو،هەروەها کاک هەمزە سەرەرای ئەو تایبەتمەندییە شۆرشگێرانەیەی وەک وەرزشوانێکی خۆشەویستی خەڵکی، پێگەیەکی تایبەتی لە دڵی جەماوەردا بوو،و هەر بەو پێیەش بڵاوبوونەوەی هەواڵی مەرگی کاک هەمزەی سەداقەت شەپۆلێکی بەرینی خەم وپەژارەی لێکەوتەوە.
بێگوومان مێژووی پرلە شانازیی گەلەکەمان ناوی کاک هەمزە وسەدان وهەزاران تێکۆشەری وەک ئەو بە نەمری تۆمار دەکا ولە دوارۆژی سەرکەوتندا ناو ویادیان بە شکۆمەندییەوە رێزی  لێدەگیرێ.
ئێمە بە بۆنەی ماڵئاوایی لە ژیانکردنی کاک هەمزەی سەداقەت تێکۆشەری دێرینی کۆمەڵە وکەسایەتی ناسراو و خۆشەویستی شاری مهابادلە لایەن هەموو ریزەکانی کۆمەڵەوە پر بەدڵ سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس وکاری کاک هەمزە و هەموو خەڵکی خەباتکاری  شاری مهاباد و  تێکۆشەرانی دێرینی کۆمەڵە دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەم و پەژارەیان دەزانین.
بژی یادی ئازیزی کاک هەمزەی سەداقەت


کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کۆردستان
٣٠ی بەفرانباری ١٣٩٩ی هەتاوی
١٩ی ژانوییەی ٢٠٢١ی زایینی