پاش ئەوەیکە کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێران لە لایەن هێزی دەریاوانی ئەندۆنیزیی لە نزیک کەناراوەکانی ئەو وڵاتە راگیرا،وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە سەرزاری سەعید خەتیبزادە وتەبێژی ئەو وەزارەتخانەیەوە رایگەیاند بە هۆکاری ئەوەیکەی زانیاری دژبەیەکیان پێگەیشتووە، لەبابەت ئەو کێشەیە چاوەروانی روونکردنەوەی زیاتری دەوڵەتی ئەندۆنیزین.

شایانی باسە لە چەند رۆژی رابردوودا و ٢٠ رۆژ پاش ئەوەیکە ئێران کەشتییەکی کۆرەی باشووری لە کەنداو راگرت،هێزی دەریاوانی ئەندۆنیزی لە کەناراوەکانی ئوستانی “کالیمانتان ی رۆژئاوای وڵاتەکەی دوو نەوتهەڵگری بە گومانی هەڵگرتن و گواستنەوەی نایاسایی سووتەمەنی راگرتووە کە ئاڵای ئێران و پانامایان بەسەرەوە بووە.

جێگای ئاماژەیە کە هەرچەند وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێ ئەم بابەتە تەنیا گرفتێکی فەننی بواری  کەشتیوانییە،بەڵام هێزی دەریاوانیی ئەندۆنیزی رایگەیاندووە کە ئەم دوو نەوتهەڵگرە سەرقاڵی جێگۆرکێی سووتەمەنی بوون و بە هۆکاری هەڵگرتن وگواستنەوەی نایاسایی سووتەمەنی و پیسکردنی ژینگە دەستیان بەسەردا گیراوە.