پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە هەفتەیەك لەگیان لەدەستدانی پێنج كۆڵبەری كورد لە ناوچەی سۆما ‌و برادۆستی ورمێ سەرەنجام تەرمەكانیان لەلایەن خەڵكی ناوچەكەوە لە ژێر بەفر دۆزرایەوە‌و لەزێدەكانی خۆیان بەخاك سپێردران.
رۆژی 29ی بەفرانباری ئەمساڵ ئەو پێنج كۆڵبەرەی خەڵكی گوندی “كوران” سەر بە ناوچەی سۆما‌و برادۆست بە ناوەكانی ئەولایی خودایی، فرات خودایی، مەتین ئەسڵانی، بیلەن ئەحمەد‌و یاوەر ئەسڵانی لە گوندی “دریشك” سەر بە شاری وان لە باكوری كوردستان كەوتنە ژێر هەرەسی بەفرەوە‌و گیانیان لەدەستدا.
گیان لەدەستدانی ئەم لاوانە كە یەكێكیان تەمەنی تەنها 18ساڵ بووە، لەكاتێكدایە كە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی لە ناوچەكە هیچ هاوكارییەكی بنەماڵەی قوربانییەكانی نەكردوە‌و هێزە چەكدارەكانی توركیش هەڕەشەی تەقەیان لەخەڵك كردوە كە بەهانای ئەو كۆڵبەرانەوە بچن.
گیان لەدەستدانی كۆڵبەرانی كورد كە بۆ دەستبەركردنی بژیوی ژیانی خانەوادەیان بەرەو رووی مەرگ دەبنەوە، یەكەم جار نیە‌و تا دەسەڵاتی رەشی كۆماری ئیسلامی‌و هەژاریی‌و بێكاری خەڵكی كوردستان مابێت، بەداخەوە ئەم رووداوە جەرگبڕانە دووپات دەبنەوە. هەژاریی‌و نەداری خەڵكی كوردستان بە تایبەتی لە ناوچەی سنورییەكان لاوان ناچار دەكات بۆ بەدەست هێنانی نانی سفرەی خێزانەكانیان كاری مەترسیدار‌و تاقەتپڕوكێنی كۆڵبەری بكەن كە دەكرێت بە دابینكردنی تەنها بڕِێكی بچوك لەو ملیۆنان دۆلارەی كۆماری ئیسلامی خەرجی پرۆژە سەربازییەكان‌و تاقیكردنەوەی موشەك‌و بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی‌و پاڵپشتی گروپە تیرۆریستییەكانی دەكات، ژیانی سەرجەم خەڵكی ئێران‌و كوردستان بەرەو باشتر بڕوات، بەڵام بەپێچەوانە كۆماری ئیسلامی نەك ئەوە ناكات بەڵكو بە گوللەش بەرەوڕووی كۆڵبەرانی كورد دەبێتەوە.
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران سەرەڕای دەربڕینی خەم‌و پەژارەی خۆی بە بۆنەی گیان لەدەستدانی ئەو پێنج لاوە زەحمەتكێشە، سەرەخۆشی لە بنەماڵە‌و كەسوكاریان‌و خەڵكی كوردستان دەكات. داوا لە كۆڕِ كۆمەڵە مرۆڤ دۆستەكانی دەكەین لەبەرامبەر ئەم جۆرە كارەساتانەدا كە تەنیا كۆماری ئیسلامی لێی بەرپرسیارە بێدەنگ نەبن‌و هەڵوێستی مرۆڤانەیان دەرببڕن.
ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران
8ی رێبەندانی 1399 – 27ی ژانویەی 2021