دوای هێرشی داعش بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان. هەموو هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئامادەگی خۆیان بۆ بەرەنگاربوونەوە و چونە بەرەکانی شەڕ راگەیاند. ئەم هەڵوێستە بوو بە مایەی خۆشحاڵی هەموو گەلی کورد و لە کردەوەشدا لایەنگەلێک بەشدار بوون و هێزیان رەوانەی بەرەکانی شەڕ کرد. دوای دوو سێ ڕۆژ لەسەر بڕیاری لایەنە پێوەندیدارەکان پاشەکشەیان پێکرا. کوردی ڕۆژهەڵات لە هەموو شارەکان جیا لە حکومەت دەستیان کرد بە یارمەتی کۆکردنەوە بۆ ئاوارەکانی شەنگاڵ. ئاڵای کوردستانیان لە زۆر شوێن هەڵکرد، بە هەزاران لاوی کوردستانی ڕۆژهەڵات حازر بوون و هەن بێنە بەرەکانی شەڕ دژی کۆنەپەرەستانی داعش. هەوڵی هێزە سیاسیەکان بۆ بەرگری لە خەڵکی کوردستانی باشور و دەسکەوتەکانی، هەر بەردەوام بوو تا دووبارە چەند هێزێک ئامادە بوون و بەشێکیان چونە بەرەی شەڕ. ئەمجارەشیان هاتوهاوار و هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان دەستی پێکردەوە و بە داخەوە پێشمەرگەکانمانیان لە بەرەکانی شەڕ دوای چوار پێنج ڕۆژ کشاندەوە.

پرسیار ئەوەیە کە بۆچی کۆماری ئیسلامی ئێران ئاوا ترسی هەیە لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات؟ تەنانەت شەڕی پێشمەرگە لەگەڵ داعشێکی کە دوژمنی ئەم رژیمەیە دەیترسێنێ؟ بۆ حازرە سنور دابخات و پێوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئاڵۆز بکات تا بەر بە بەشداریی کۆمەڵە و دێمۆکرات لە شەڕی داعش بگرێ؟ مەگەر بیست ساڵە ناڵێ کۆمەڵە و دێمۆکرات نەماون؟ مەگەر ناڵێ هێز نین و خەڵک نایانهەوێن؟ مەگەر خۆی ترسی داعشی رێنەنیشتوە؟ خۆ پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات رەوانەی کوردستانی ناو ئێران نەکراون تا گوشار بخاتە سەر حکومەتی هەرێم و بە پێچەوانەی یاسای هاوسێیەتی دابنێ؟

هەموو ئەم پرسیارانە وەڵامی ئەوەیە کە: کۆماری ئیسلامی لە هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەترسێ و دەزانێ کە سەرەرای درۆددەلەسەی بەردەوامی، ئەم هێزانی پێگەی جەماوەریان هەیە، لە ناو خەڵکی باشور خۆشەویستی و پێگەیان هەیە و زۆر زیاتر لە داعش لێیان دەترسێ. ئەم ماوەیە دەرکەوت کە کوردی ڕۆژهەڵات قورسایی زۆریان لای کۆماری ئیسلامی هەیە و بە هەر جوڵەیەکیان لەرز دەنیشێتە گیانی. بەڵام مەخابن هێزە سیاسیەکانی باشور کەم بایەخ بۆ ئەم سەنگەی ڕۆژهەڵات دادەنێن، کەم کاریگەری نەفسی و مەعنەوی بەشداری کۆمەڵە و دێمۆکرای لەسەر باشور و هێزی پێشمەرگە بەلایانەوە دیارە. ئێمە تێدەگەین کە دەبێ سیاسەتی هێورکردنەوەی ئێرانوەک زلهێزێکی ناوچەیی لە دوژمنایەتی ئەم هەرێمە، بگرنە بەر، دەزانین ئێستا شەڕی داعش ئەساسە، بەڵام بەشداریی کوردی ڕۆژهەڵات و بایەخدانان بۆ سەنگ و قورساییە راستەقینەکەیەتی کە ئێران پتر مەجبور دەکات کە بێ مەرجتر بێتە مەیدان، مەرجەکانی ئێران وەڵامدانەوە و نارازی کردنی کوردی ڕۆژهەڵات لە لایەکی دیکەوە دەبێتە هۆی ئەوەی کە زلهێزێکی کورد لە بزاوتی رزگاریخوازی کورد لە خۆت بکەی. باری نەفسی و رەوایی بزوتنەوەیەکی رزگاریخواز زۆر پڕ بایەخترە لە کاتیۆشا و تانک.

ماوەی شەست ساڵە کە ئێران وەک زلهێزێکی ناوچەیی، چ لە زەمانی پاشایەتی و چ لە دەورەی کۆماری ئیسلامیدا بە کارتی کورد کایە دەکات، ئەوەش بە زۆری لە هەڵکەوتەی ژئۆپۆلیتیکی کوردستانەوە سەرجاوە دەگرێ. بەڵام هەر ئەو هەڵکەوتەیەش هاوئاهەنگی تایبەت لە نێوان هێزە کوردیەکانی هەموو پارچەکانی کوردستان دەخوازێ، ئەمە زەعفی بزوتنەوەی کوردە کە دوژمنەکەی لێێ تێگەیشتوە و کەڵکی لێوەردەگرێ، بەڵام خۆی هێشتا بۆ چارەسەرکردنی هەنگاوی نەناوە. کوردی باکور، ڕۆژئاوا بە خۆشیەوە مافیان هەیە لە پاراستنی گەلی باشوری کوردستان چالاک بن، جونکوو هەمویان بە جۆرێک لەگەڵ ئێران هەیانە یان باشترە بڵێـم چونکا ئێران رێگریان لێناکات و بەشداریان راستەوخۆ بە زیانی ئێران نیە. رەنگبێ ئەگەر بمانهەوێ لە کوبانیش سەنگەرمان هەبێ، مولاحەزاتی دیپڵۆماتیک بێتە گۆڕێ. ئەوە دەردە و دەردی گەورەی نێو بزوتنەوەی کوردیە. تەنیا باشور ناگرێتەوە، ئێران حیزبە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی لە ناو بزاوتی کوردیشدا گەمارۆ داوە. با هیمەت بکەین و ئەم گەمارۆیە بشکێنین. بە دەستی خۆمان دەکرێ. ها ها دیفاع لە گەلی خۆمان لێ قەدەغە دەکەن. پێکەوە بوایەین وایان هەڵسوکەوت لەگەڵ نەدەکردین.

با لە کۆتاییدا ئاوڕێکیش بدەمەوە سەر خۆمان، حیزبە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات، بە تایبەتی کۆمەڵە و دێمۆکرات. بە قەولی فارسی “از ماست کە بر ماست”. ئێمەش ئەو دەردەی کە بە زۆری ئێمە ڕۆژهەڵاتیەکان ئازاری پێوە دەچێژین، نامانناسیوە یان راستتر ئەوەیە کە خۆی لێ گێل دەکەین. دەردی دەست نانە ناو دەستی یەکتر دیارە بۆ ئێمە بە ژانترە لای هەندێکمان، بۆیە جوڵەیەکمان لە ناو خۆمان و بۆ هاوکاری نیەو، لە جیاتیان بۆلەمان لەسەر دۆستانمان زۆرە. تەنیا رێگای کوردی ڕۆژهەڵات جۆرێک یەکگرتن و دروستکردنی چەترێکی هاوکارییە نەک ئەوەی بە تەمای کاریگەری رەخنەکانمان بین و ئێستای خۆمان درێژە پێبدەین. یەکگرتوویی هێزەکانی ڕۆژهەڵات نەک هەر سەنگمان لە لای دۆستانمان زیاد دەکات، دەبێتە هۆی ئەوەش ئەم هێژمۆنیەی ئێران لە بزاوتی کوردیدا کەم بێتەوە. بە بڕوای من گرێ کوێرەی نفوزی ئێران لە بزوتنەوەکانی کوردی پارچەکانی دیکە بە زۆری بە دەستی ئێمە دەکرێتەوە و ئەوەش بە نەترسان لەوە دەکرێ دەست بنێنە ناو دەستی یەکترو، پێوەندی و پاڵپشتی خۆشمان بۆ هەموو بزوتنەوەی کورد لە بەشەکانی دیکە بە دلسۆزیەوە بسەلمێنین. هیمەتی بەرز و بەرچاوروونی و ئیقدامی بوێرانە تەنیا چەکی دەستمانە، دڵنیام بەوە ددەگەین، درەنگتر خراپتر و مەترسیدارتر بۆ بزوتنەوەی ڕۆژهەڵات و هەموو بزوتنەوەی کوردی. با چیترنەیبیستین: “بۆ لە وڵاتی خۆتان نایکەن”. بەسە دڵچکۆلەیی، ئیتر ئەوەندە ئیعتیبارەشمان نامێنێ. درێژەی دەبێ