تێبینی: ئەوە لە خوارەوە دەیخوێننەوە پێناسەیەکە بۆ دۆخی نائاسایی (دۆخی ناکاو) و لێکدانەوەی رووداوەکانی ئەم دواییانەی کوردستان، رەشبگیری و قۆڵبەستەکان، بە پێی ئەم چەمکە سیاسییە. خستنەڕووی ئەو خاڵەیە کە ئێمە لە کوردستانی رۆژهەڵات ، لە دۆخێکدا دەژین کە دۆخی ئاسایی نییە ، دۆخێکە کە پۆلیس و دەسەڵاتی پۆلیس، ویستی سپا و ئیتلاعات، بەسەر کۆمەڵگادا زاڵە و یاسا  لە وەها سیستەمێکدا هیچ نییە جگە لەوەی ئەوان دیاری دەکەن.

١

ئاخۆ رێگایەک هەیە بۆ دەرباز بوون لەم دۆخە؟ ئاخۆ ئەم دۆخە هەڵگرى چ پەیامێکى تایبەتە؟ ئاخۆ هێندە ئاسان دەروازەکانى بەهەشتى بەختەروەریمان لێ دا دەخرێت؟ یان ئێمە کۆمەڵێ مرۆڤین کە دەبێ بکەوینە دەروەى ئەو یۆتەپیاوە کە بڕیارە دابمەرزێت؟ ئاخۆ هیچ هەوڵێک لە ئارادایە بۆ درووست کردنى یۆتۆپیا، یان سەردەمى یۆتۆپیستى ماوە، ئەویش لە سەردەمێکدا کە نهیلیسم تەنانەت بونیادى سەرجەم بەهاکانى فەرهەنگى رۆژئاواى گرتۆتەوە؟

ئەمانە کۆمەڵێ پرسیارن کە دەکرێ مرۆڤ لە دۆخى نائاساییدا لە خۆی بپرسێ.  کارل شمیت لە کتێبی ئیلاهیاتی سیاسییدا نزیکایەتییەکى گەورە لە نێوان  دۆخى نائاسایی و دەسەڵاتدا دەبینێ. ئەو هەر وەها لاى وایە “حاکم” ئەو کەسەیە کە دەتوانێ دۆخى نائاسایی راگەیەنێت. بەڵام ئێمە بەمەشەوە بەو هۆیەى کە تا ئێستا نەتوانراوە بە تەواوەتى ئەو پێناسەیەى کارل شمیت لێک بدرێتەوە، پێناسەیەکى دیاری کراو دەربارەى دۆخى نائاسایی نابینین لە پانتای مافە گشتییەکاندا. خاوەن رایانى بوارى ماف و ئەو کەسانەى کە لەم بوارەوە کار دەکەن ئەم پرسە زیاتر وەک پرسیارێک دەبینن نەک کێشەیەک کە توانرابێت بە تەواوەتى شرۆڤە بکرێت. کە وایە ئێمە لە گەڵ دۆخێکدا رووبەڕووین کە تا هەنووکەش لە بارى حقووقییەوە پێناسەیەکى دیاری کراوى نییە. پێناسەى ئەم چەمکەش ئاڵۆزە، چونکە کەوتۆتە سەر سنوورى نێوان یاسا و سیاسەتەوە. بە پێی پێناسەى باو دۆخى نائاسایی کەوتۆتە سەر لێوارێکى لەرزۆک کە سنوورى هاوبەشی یاساو سیاسەتە.

یەکێ لەو توخمانەى کە دەبێت بە هۆى ئاڵۆز بوونى پێناسەى دۆخى نائاسایی، پێوەندى ئەم دۆخەیە لە گەڵ شەڕى ناوخۆ، شۆڕش و تەنانەت مافى بەرگرى کردنیشدا. لەو رووەوە کە شەڕى ناوخۆ خاڵى بەرامبەرى دۆخى ئاساییە هەوڵ بەوە دەدرێت  ئەم دۆخە  بە دۆخى نائاسایی پێناسە بکرێت و لێک بدرێتەوە. نموونەیەک کە ئاگامبن لە پێناسەى دۆخى نائاساییدا دەیهێنێتەوە نموونەیەکى باشە بۆ ئەوەى ئێمە ئەم چەمکە بناسین. راست بەر لەوەى دەسەڵات پێشکەش بە هیتلەر بکرێت، رۆژى 28ى فێبریواری 1933 فەرمانى پشتیوانى لە حکوومەت و خەڵکى راگەیاند. ئەم فەرمانە هەموو ئەو یاسایانەى وایماری بە هەڵپەسێراوى هێشتەوە کە بەرگریان لە ئازادییە تاکە کەسییەکان دەکرد. لەو روەوە کە ئەم فەرمانە هیچکات هەڵنەوەشاوە لە بارى یاساییەوە دەکرێ بوترێت کە دەورانى 12 ساڵەى حگوومەتى رایشی سێهەم دۆخێکى نائاسایی باو بوە. بەم مانایە دەتوانین تۆتالیتەریسمى نوێ بەو شێوەیە پێناسە بکەین کە لە رێگاى شەڕێکى ناوخۆوە، لە رێگاى دۆخێکەوە کە بە پێى شەڕى ناوخۆیی دامەزرابوو ، جگە لەوەى هەوڵى دەدا نەیارە سیاسییەکان لە بەین ببات بەڵکوو هەوڵ بدات بۆ ئەوەى هەموو ئەو گرووپەو تاقمانە لە ناو ببات کە ئامادە نین ئاوێتەى ئەو سیستەمە سیاسییە بن.

نموونەیەکى نزیک بە خۆمان کە دەکرێ بیهێنینەوە ، فەرمانى 28ى گەلاوێژى خومەینى بوو بۆ کوردستان، لەو فەرمانە بە دواوەو ئەو بۆ ماوەى زیاتر لە ٤٠ ساڵە هەوڵ دەدرێت بۆ سڕینەوەى هەموو ئەوانەى کە ئامادە نین لەو سیستەمەدا بتوێنەوەو ببن بە بەشێک لەو سیستەمە. قەتڵ و عام و کوشت بڕ، سووتاندنى گوندەکان و خەلەو خەرمانى خەڵک، داخستنى هەر چەشنە میدیا و راگەیاندنێک و بەردەوام بە چاوى ئەمنییەتییەوە سەیرى کوردستان و خەڵکى کورد کردن و رەشبگیر و داسەپاندنی دۆخی ترس و تۆقاندن هێشتا بەردەوامێتى ئەو دۆخەیە کە لە 28ى گەلاوێژى 1358ەوە لە کوردستان دامەزراوە.

بە واتایەکى بنیامینى دەتوانین بڵێین دۆخى نائاسایی دۆخێکى کە پۆلیس و دەسەڵاتى پۆلیس تێیدا قسەى یەکەم دەکات. سەروەرییەت بە دەسەڵاتى نیزامى دەدرێت نەک بە یاسایەکى جێگیر و هەردەم یاسا لە گۆڕاندایە. لەم دۆخەدا هەردەم چاوەڕوانى ئەوە دەکرێت خەڵک یان خەڵکانێک بە فەرمانى پۆلیس لە حەڵقەى کۆمەڵگا بکرێنە دەرەوەى کۆمەڵگاوە. ئەم چەشنە سیستەمە بەڕێوە بردنە سیستەمى پۆلیس و باتۆم و چەکە. لێرەدا زۆربەى کات مافە رەواکانى تاک چ مافى تاکە کەسی و چ مافى بە کۆمەڵ پێشێل دەکرێ و هیچ لایەنێکیش نییە کە وەڵامدەرەوەى ئەو پێشێل کارییانە بێت. لە لایەکى ترەوە یەکێک لەو خاڵانەى  حکوومەت  لە دۆخى نائاساییدا دەیگرنە بەر و باسی لێدەکاو بەو پێیە شەرعییەت دەدا بە دۆخەى کە خولقاندوویانە، سەروەرییەتى یاساو بەرگرى لە پیرۆزییەتى یاسایەو زۆر جاریش عورف و تەقالید و هەروەها پێوەرە ئاییینییەکان دەبن بە دەستە چیلەیەک بۆ ئەوەى پۆلیس و هێزى نیزامی پشتی پێ ببەستن. دیمەنى سەرکوتى شۆڕشەکان و دەستگیرى کەسانێ کە هەستاون بەوەى ناڕەزایەتى خۆیان بە دۆخى هەبوو دەرببڕن، دیمەنێکە کە لەم دۆخەدا دەبیندرێت.

ئەو کاتەى کەش و هەواى ئەمنییەتى زاڵە ، سیاسەت (Politik ) ئیدارە کردنى دەوڵەت شار لە گەڵ ریشەى زمانەوانى وشەکەدا، واتە هەمان   (police) دەبن بە یەک. لە وەها کەش و هەوایەکدا، رێکخراوى مۆدێرنى پۆلیس هەر تک لایەنى توندوو تیژى دەگرێتەوە. لە لایەکەوە توندووتیژى پۆلیس لە پێگەى رێکخراوێکدا کە سەر بە  ئەرکى پاراستنى یاساى لە ئەستۆیە، بەڵام لایەنێکىتر ئەوەیە کە لەو دیوى سنوورەکانى یاساوە دەست بداتە توندووتیژى کە لە راستییدا دامەزرێنەرى یاسایە. رێکخراوى پۆلیس لە بارى یاساییەوە رێکخراوێکى ئاڵۆزە. پۆلیس ئیزنى ئەوەى هەیە لە بەر پاراستنى ئەمنییەت و بەو شێوەى کە پێى خۆشە بێتە مەیدان، کە وایە هەر ساتێک ئەگەرى ئەوە هەیە یاسا هەڵپەسێراو بهێڵێتەوە. هەڵکوتانە سەر ماڵی خەڵک بە بیانووی بوونی سەتەلایت لە شار و گوندەکان، نموونەیەکی روونی پێشێلکردنی یاسایە. یان قۆڵبەستکردنی کەسێک بە بیانووی ئەوەی راپۆرتی لە سەرە، ئەگەر راپۆرتەکەش بێ بنەما بێت ، دەرخەری ئەو دۆخەیە کە پۆلیس و دەسەڵاتی پۆلیس سەروەرن. لەو دۆخەدا کە پۆلیس و دەسەڵاتی پۆلیسی زاڵن، بە ئاسانى ناتوانین داواى پێناس لە پۆلیسێک بکەین کە بە هۆکارێک راى گرتووین. ئەم ساتە تایبەتە هەمان خاڵە کە ناتوانین سنوورەکانى یاسا و لەوە گرینگتر چییەتى کەسی دەسەڵاتدار بناسین. (بەشێکی زۆری ئەو کەسانەی تا ئێستە دەستگیرکراون لەم ماوەیەدا لە کوردستان نازانرێت لە لایەن چ هێز و ناوەندێکی حکوومەتییەوە دەستگیر کراون و بنەماڵەکانیش سەر بە هەر ئۆرگانێکی حکوومەتیدا دەکەن وەڵامێکیان نییە، لە ئەگەری نیشاندانی پێناس ئەزانرێت ئەو کەسە لە لایەن کامە ئۆرگانەوە گیراوە، بەڵام ئەوان ئامادە نین پێناس نیشان بدەن.) لێرەدایە ماهییەتى ئوستوورەى یاسا دەردەکەوێت.لە بەرامبەرى پۆلیسدا کە پاراستنى ئەمنییەتى شارۆمەندانى وەئەستۆیە، هەر کەسێک لە خۆیدا “ناخەڵکە”. پۆلیس هیچکات بەرامبەر بە ” خەڵک ” ناوەستێتەوەو ئەم چەمکە گشتییە بڕیار نییە هەموو کات  وەک راستییەک دەربچێت. من لە پێگەى کەسێکى تایبەتدا هیچکات ئەو شارۆمەندە نیم کە بڕیارە ئەمنییەتم بپارێزرى، بەڵکوو هەمیشە هەمان ئەو کەسەم کە دەبى بۆ پاراستنى ئەمنییەتى” شارۆمەندان” بپشکێنرێم. ” خەڵک” هیچ نییە جگە لە باوەرێکى ئینتزاعى  (Regulative) بۆ جێگیر کردنى سیاسەتى ئەمنییەت. تەنها لە چوارچێوەى وێنەو راپۆرتى تەلەفیزیۆنەکاندا خەڵک بوونى هەیە. سیاسەتێک کە بە پێى چەمکى “ئەمنییەت” داڕێژرابێت سیاسەتێکى پڕمەترسیە. لە راستییدا هەر ئەم چەشنە سیاسەتەیە کە مافى شارۆمەندان دەخاتە مەترسیەوە. ئەم سیاسەتە لە سەر بنەماى ترساندنى “خەڵک” دارێژراوە.

پۆلیس بە بەرچاوى خەڵکەوە دەست دەداتە کوشت و بڕ، لێدان و قۆڵبەس کردن و هەموو ئەمانەش لە پێناو ئەوەدا دەکات کە بتوانَێت دۆخى نائاسایی یان بە واتایەکى تر دۆخى ناکاو جێگیر بکات و بیکات بە دۆخى زاڵ. لە گەڵ بوونى پۆلیس لە ناو شارەکاندا و وەستانیان بە کۆمەڵ لە گۆڕەپانەکان ، ئێنجا پۆلیس و دەسەڵاتى ناکاو هەوڵ دەدات بەوەى بە شێوەى ناڕاستەوخۆ بێتە ناو ماڵەکانەوەو ئەم  کارەش لە رێگاى میدیاو راگەیاندنەکانەوە دەکات. هەر لە پیشاندانى سەرکوت و دەستگیرییە خیابانییەکانەوە هەتا وتووێژ لە گەڵ بەرپرسانى نیزامى و دوانى مارشال دووگول ئاساى ئەوان دەربارەى پێویستى خولقانى ئەو دۆخە، هەموو ئەو رێگایانەن کە میدیاکان و لە سەروى هەموویانەوە تیڤی دەیگرنە بەر بەوەى دۆخى نائاسایی ببەنە ناو ماڵەکان و بەم شێوەیە دەروونى بکەنەوە.  ئەمە یەکێکىتر لە لایەنەکانى تی ڤی کە تیۆدۆر ئادۆرنۆ هێرشى دەکاتە سەر. چون تیڤییەکان و ئەم چەشنە ماس میدیانە دەست کارى زەوق و سەلیقەى تاکەکان دەکەن و بە شێوەیەکى تر دەتوانین بڵێین مرۆڤەکان تووشی گۆڕان دەکەن   و تواناى رەخنە گرتنیان لێ دەسێننەوەو لە راستییدا “سەنعەت –فەرهەنگ” هۆکارى ئەم گۆڕانەیە و ئەمە وا دەکات  ئەم گۆڕانە لە بەرژوەندى هێزى دەسەڵاتدا بێت، هەر چەن ئادۆرنۆ لە لێکدانەوەکەى خۆیدا باس لە بۆرژوازى و تەوژمى بۆرژواى دەکات، بەڵام بە خوێندنەوەیەکى تر دەتوانین بڵێین ئەم چەشنە نوێیەى راگەیاندنى سەردەمى بۆرژوازى هەوڵدانە بەوەى زەوق و بیر کردنەوەى مرۆڤەکان بگۆڕێ.

نیشاندانى پەلەقاژەو پەل کوتانى کەسێک کە دوایین ساتەکانى ژیانى بە سەر دەبات لە میدیاکانەوە، نیشان دانى دیمەنێکى تراژیکە، لێرەدا جەستەى تاک و لەشى ئەو دەبێت بە شتێک کە لە لایەن دەسەڵاتەوە مامەڵەى لە گەڵ دەکرێت. مامەڵە کردنێک کە ریشەیەکى کۆنى مێژوویی هەیە، بەڵام رەنگە ئەم چەشنە مامەڵە کردنەى سەردەمى مۆدێرنیتى بکرێت بە ئەو پەڕى سووکایەتى بزانرێت بە جەستەى مرۆڤ. ئەم چەشنە لە سێدارەدانە هەمان چەشن مامەڵە کردنە کە لە سەدەکانى ناوەڕاست دا لە گەڵ جەستەى مرۆڤ دەکرا. دەسەڵاتى حاکم هەموو دەم هەوڵى داوە لەشى مرۆڤ بکات بە ئامرازێک بۆ تۆقاندن و سەرکوت و ئەم شێوە مامەڵە کردنەش مامەڵە کردنێکى نوێ نییە لە مێژوودا. بەڵام رەنگە لە ئێستادا چەشنى مۆدێرنى ئەم مامەڵە کردنەو ببینرێ کە بە دڵنیاییەوە هەر بەم شێوەیە. لە دۆخى نائاساییدا لەشی مرۆڤ ئامرازێکە کە بە تەواوەتى لە لایەن دەسەڵاتەوە دەکەوێتە بەر هەمان چەشن مامەڵە کردن.

٢

ئەوەى لە سەرەوە ئاماژەى بۆ درا پێشەکى بوو بۆ دوان لەو دۆخەى کە لە کوردستان هەیە و بیانوونی ئەم نووسینە زیاتر ئەو رەشبگیری و دەستگیرکردنانەیە کە لەم ماوەیەدا لە کوردستان لەئارادایە و بە پێی راپۆرتی رێکخراوەکانی چاودێری مافی مرۆڤ لە سەرەتای وەرزی زستانەوە تا کاتی نووسینی ئەم بابەتە (١٥ی رێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی) زیاتر لە ١٠٠ کەس لە کوردستان دەستگیر کراون و ئەم شەپۆلە بەردەوامە. هەروەها باس لەوە دەکرێت هەوڵێک هەیە بەوەی ژمارەیەک لەم کەسانە و هەروەها کەسانێکیتر کە چەند ساڵە لە زیندانن وەک زەینەب جەلالیان، بهێنرێنە تیڤی و دانپێدانانیان لێوەربگرن. ئەمە شانۆگەرییەکە کە کە ٤ دەیەی رابردوودا لە ئێران بوونی بووەو هەیە و رەنگە بڵێین سەرەتای ئەم شەپۆلی دانپێدانانە بەوە دەستیپێکرد کە ژمارەیەک لە رێبەرانی توودە هێنرانە تیڤی و دانپێدانانیان لێوەرگیرا.  هەروەها گوشار بۆ سەر چالاکانی بەلووچ و ئێعدامەکانی خەڵکی بەلووچ بەهەمان شێوە دەرخەری ئەو دۆخەیە کە بە دۆخی ناکاو یان دۆخی نائاسایی دەناسرێت. لە دۆخی نائاساییدا کە زیاتر لە ٤ دەیەیە لە کوردستانی رۆژهەڵات بوونی هەیە ئەگەری ئەوە هەیە هەردەم کەسانێک لە خەڵکەوە ببن بە ناخەڵک، دەستگیر بکرێن ، ئەشکەنجە بدرێن و لەبەر دەم تیڤییەکاندا دانپێدانانیان لێوەربگیردرێت.  ئەم دۆخەی کە هەیە دۆخێکە درێژکراوەی هەمان دۆخی ٤ دەیەی رابردووەو زۆرجار رژیم لە کوردستان بە پێی ویستی پۆلیس و ناوەندە ئەمنییەتییەکان دەست ئەداتە قۆڵبەستکردن و دەستگیرکردنی خەڵک، بیانووەکانیش دەکرێت جۆراوجۆر بن، بەڵام ئەوە گرینگە ئەوان بتوانن ئەو دۆخە پۆلیسییە جێگیر بکەن. لە وەها دۆخێکدا هەموو دەم ، هەموان هەست بە ترس دەکەن، ئەوان ترسیان ئەوەیە بەهۆی بڵاوکردنەوەی ستاتووسێک لە فەیسبووک یان ئینستاگرام یان تویتەر، دەستگیربکرێن و لە خەڵکەوە ببن بە ناخەڵک (هەڵبەت لێرەدا خەڵک و ناخەڵک ئەو شتەیە کە پۆلیس و دەسەڵاتی پۆلیس دیاری دەکەن.)

٣

میدیاکانى کۆمارى ئیسلامیش لەم ماوەیەدا لە خزمەت هەمان دۆخدا بوون کە خولقا.  ئەوەی کە هاوکات لەگەڵ شەپۆلی دەستگیرییەکان لە تیڤییەکانی رژیمەوە بە شێوەی جیاواز هێرش دەکرێتە سەر حیزب و لایەنەکانی کوردستان، مێژووی ئەم حیزبانە لە زنجیرە درامایەکدا ناشیرین دەکرێت و لە کەناڵی کوردستانەوە کە لای خەڵک بە جاش تیڤی ناسراوە، ٢ بەش لە ناو دێکۆمێنتارییەک بڵاو دەکرێتەوە، تەنانەت بە کورتەنامە (SMS)  خەڵک لە کاتی بڵاوبونەوەی بەرنامەکان ئاگادار دەکەنەوە، بە خزمەتگرتنی میدیایە لە لایەن دەسەڵاتەوە بۆ داسەپاندنی ئەو دۆخەی کە دەیهەوێت. جەنگەکان ئەو کاتە مەترسیدا دەبن کە دەسەڵاتە جەنگکەرەکان دەتوانن لە رێگاى میدیاکانەوە دید و بۆچوونى تاک و کۆمەڵ بگۆڕن. ئەم چەشنە جەنگە نوێیە دەکەوێتە دەرەوەى بازنەى جەنگى کلاسیکەوەو بەردەرە لە پێوەرەکانى جەنگى کلاسیک. لەم جەنگەدا هەموو کۆمەڵگا بەشدارى دەدرێت و بەرەکانى جەنگ دیارى ناکرێت. هەر لە مناڵێکى چەن ساڵەوە بگرە هەتا پیرێک کە رەنگە بە بێ گۆچان نەتوانێ بڕواتە دەر لەم جەنگە نوێدا بەشدارن. ئاراس فەتاح لە جیاکارى نێوان جەنگى کلاسیک و جەنگى نوێدا باس لەوە دەکات دۆخی تراژیک ئەو کاتەیە کە تیرۆریسم بتوانێ راستەخۆ تەقینەوەکانى خۆى لە رێگاى سەتەلایت یان ئەنتەرنێتەوە نیشان بدات و تەنانەت ئەو بەشێک لە میدیا رۆژئاواکان بەوەى کە کردەوە تیرۆریستییەکان نیشان دەدەن ، لە خزمەت تیرۆریسمیاندا دەبینێ. ئەم کردەوەى کۆمارى ئیسلامیش دەکرێ بە هەمان شێوە بخوێندریتەوە و پێناسە بکرێت. کۆمارى ئیسلامیش لە خاڵێکى هاوبەشدا لە گەڵ هیزە تیرۆریستەکان کە خۆیان دەتەقێننەوە بیر لە پانتاى تەقینەوەکە ناکاتەوە بەڵکوو بیر لەو کاریگەرییە دەکاتەوە کە لە سەر کۆمەڵگاى دادەنێت. لەم جەنگە نوێیدا یاساکانى جەنگ بەدەرە لە یاساکانى جەنگ بە پێى تیۆرى کلاوزەڤیتز.

ئەمە چەشنێکى شەڕى نوێیە کە لە رێگاى میدیاکانەوە ئەنجام دەدرێت و ئەم شەڕەش هەموو کۆمەڵ بە پانتاییەکەى دەگرێتەوە. لێرەدایە کە هەموو کەس لەم شەڕەدا بەشدارى دەکات یان باشتر بوترێت بەشدار دەدرێت.

ژێدەر:

  • وضعیت استثنایی: نوشته جورجو آگامبن ترجمه پویا ایمانی، نشر نی
  • الاهیات سیاسی، کارل شمیت، ترجمە لیلا چمن خواە
  • سەردەمى رەخنە ژماره 4 -5 ئاراس فەتاح