بەمەبەستی تاوتوێکردنی ئەرک و چالاکییەکانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات لە پێوەندیی لەگەڵ دەسبەسەر کردنی ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکوانانی مەدەنی، فەرهەنگی و سیاسی کورد، ئێوارەی رۆژی هەینی رێکەوتی 24ی رێبەندانی 1399 (12/02/2021) کۆبوونەوەی نوێنەرایەتی ئەم ناوەندە لە دەرەوەی وڵات بەڕێوە چوو.
دوای باس و دیالۆگێکی بەرپرسانە، بەشدارانی کۆبوونەوەکە هاوڕابوون لەسەر ئەوەی لە هەموو دەرفەتەکان بۆ لە قاودانی رەشبگیرییەکانی ئەم دواییانە و سیاسەتە دژە مرۆییەکانی کۆماری ئیسلامی و گەیاندنی دەنگی دەستبەسەر کراوان بە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و نوێنەرایەتی و پارلەمانی وڵاتان کەڵک وەربگیردرێ.
لەم پێوەندییەدا چەند رێکار و پێشنیارێک قسەیان لەسەر کرا و بڕیارە لە ماوی داهاتوودا کاریان لەسەر بکرێ و بۆ جێبەجێ کردنیان پێوەندیی و هاوئاهەنگی پێویست پێک بهێنرێت.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر کاراتر کردنی کار و چالاکییەکانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە وڵاتانی دەرەوەی کرایەوە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
نوێنەرایەتی دەرەوەی وڵات
12ی ڤێبریەی2021
24ی رێبەندانی 1399