ئه‌ی ئه‌و که‌سه‌ی

له‌ بێده‌نگی مه‌رگه‌ساتی وه‌رزی ڕه‌شا

به‌ مه‌شخه‌ڵی ئه‌ندیشه‌ و تیشکی هاوارت

خه‌ونی قووڵی سه‌وپه‌رستانت ده‌زڕاند!

ئه‌ی ئه‌و که‌سه‌ی

له‌ وشکه‌ جاڕی هه‌زاره‌ی بێ بارانا

بۆ کێڵگه‌ی تینووی ئاواتی به‌ دینه‌هاتووی هه‌ژاران

رۆحی بارانی ئازادی و

ئاوی ڕوونی یه‌کسانی بووی،

تۆ گزنگێک له‌ زه‌نجیره‌ی ڕه‌چه‌ڵه‌‌کی ئه‌ویندار و

له‌ گه‌ڵ هه‌موو ئاسۆ ڕوونه‌کانی دنیا په‌یوه‌ندیت بوو،

بۆیه‌ کاتێک سه‌رت ده‌سوو به‌ نێو چاوانی چیاوه‌ ،

چیات له‌ سام ده‌ئاخنی و

سکالای تۆ له‌ گه‌ڵ ده‌ریا

ئاره‌قه‌ی شه‌رمی به‌ ته‌وێڵ به‌رزیی ده‌ریاوه‌ ده‌نه‌خشاند !

ئه‌ی ئه‌و که‌سه‌ی

به‌ شنه‌بای خۆشه‌ویستیت

قژ و که‌زیه‌ی منداڵانی چاره‌نووست شانه‌ ئه‌کرد ،

تۆ گه‌رده‌لوولی نه‌فره‌تی مێژووی خنکاوی هاوار و

وه‌ک شه‌پۆلی تووڕه‌و یاخی،

یاخی له‌ یاساکانی ئاو،

نه‌زمی زه‌لکاوت ده‌شڵه‌ژاند!

ئه‌ی ئه‌و که‌سه‌ی

بارستایی دیواری مه‌رگ ،

له‌ به‌رانبه‌ر هه‌نگاوه‌ به‌رزه‌کاندا

نزمه‌ و نه‌وی ،

تۆ نامری !

تۆی چه‌مکی ژیواری ژین و

هه‌تا هه‌تا ،

له‌ ناو دڵی خه‌لکدا ده‌ژی …!