با هەزار (زێ)و (گادەر) و(لاوێنی) ڕوونیشمان هەبێ تاکوو(ژن) ئازاد نەبێ، سەر چاوەکەی ژین لێخنە..

پیاوسالاری و کلتوور و یاسا ئایینیە دژە ژنەکان بە پێی زەمەن بەجۆرێک پەرەی سەندووە کە ژنی لە زۆر ڕووەوە قەتیس هێشتووەتەوە. وای کردووە ژن نەتوانێت خاون بڕیاری خۆی بێت و هاوکات باڵی ژنیان بەستووەتەوە بە شەرەف و ناموسی پیاو.

کۆمەڵگایەک کە ژن تێیدا ئازاد نەبێت، کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو و هاوکات سەرکەوتووش نیە. کەواتە بە گشتی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێبەری نین لەم پێشنەکەوتنەو بە ئێستاشەوە بە گشتی ژنێکیان لاقبووڵە کە بنەماکانی ماڵداریی و کەمدوو و بێ ئاگا لە مافی خۆی، تێدا بێت.

کۆمەڵگای کوردستان، وەک هەر یەک لە کۆمەڵگاکانی تر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پرسی ژن هەمیشە تێیدا زەق و دیار بووە. ئەوەندەی ژن و ژن بوونیان چ پێشتر و چ تا ڕادەیەکیش ئێستا، بەستووەتەوە بە جەستەو ڕووخساریەوە ئەوەندە گرنگی بە تواناکانی نەداوە.
بەڵام بەلەبەرچاو گرتنی ئەمانە، دەبینین کە بەهۆی باروودۆخی سیاسی زاڵ بەسەر کوردستان، پرسی ژن بە ئاقارێکی تردا چووە.
ئەمجارە ژن، چاونەترسانەتر و ئازاتر لە هەرکاتێکی تر سیاسەتمەدارانە هاتە مەیدان.
خەباتی کرد، شانبەشانی پیاو چووە شەڕی چەکداری و لەپاڵ خەباتی نەتەوەییدا داوای یەکسانیشی کرد.

تا ئێستاش ئەم خەباتەی ژنان بەردەوامە، چ وەک چالاکی سیاسی و چ وەک چالاکی مەدەنی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات.

ژنی کورد بە هەموو کۆسپ و کەلێنەکانی بەردەمی، سوورتر و چاونەترسانەتر هاتووەتە مەیدان. پێویست و زەروورە ئێمەی ڕێکخراوەکانی ژنان نوێنەرایەتیان بکەین لە گەیاندنی دەنگیان و هاوکات پاڵپشت و یەکگرتوو پاشەکشێ بە فکریەتی پیاوسالاری زاڵ بەسەر کوردستاندا بنێین. هەوڵ بۆ جێگیرکردنی فکری یەکسانی، دەبێت یەکگرتووانە ئەرکی ئێمەی ژنان و هەموو ئینسانە ئازادی و بەرابەریخوازەکان بێت.

نزیک دەبینەوە لە ساڵیادی 8ی مارس ڕۆژی جهانی ژن.
ئاڵوگۆڕی زۆر بەسەر پرسی ژن بە گشتی لە جیهاندا هاتووە، ژنی کوردیش بێبەری نەبوو لەم ئاڵووگۆڕەو بگرە جیاوازتر خۆی نواند. هەرچەند نکۆڵی لەوە ناکرێت کە ژنی کورد ئێستاش دەکوژرێت، پەنا بۆ خۆکوشتن دەبات، لێدەدرێت و هەڕەشەی لێ دەکرێت.

بەڵام گەر ڕوانینێکی گشتیانە و جیاوازترمان هەبێت دەبینین ژنانی چالاک لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی، شاعیر و نووسەر و هونەرمەند ڕێژەیان زیادی کردووەو سەرتیتری کاریان و هەڵوێستیان، باس و ڕەنگی یەکسانیە. هەروەها بە بەراوردێک لەگەڵ چەند ساڵی پێشووتر، دەبینین کە ژنانی خوێندەوار چەندە ڕێژەیان زیادی کردووە و لە ئاستی خوێندنی باڵادا خۆیان دەبیننەوە، هەرچەندە بەلەبەرچاو گرتنی ئەمەش زۆربەی دام و دەزگا حکومیەکانی ڕژیمی ئێران بەتاڵە لە ژنانی کارا و کارامە و هەمیشە ئەم ڕژیمە لە هەوڵدا بووە ژنان لە کونجی ماڵدا بهێڵێتەوە.

بەڵام جیا لەمانە دەتوانین بڵێی ئەم پێشکەوتنەی ژنان کە خۆیان هەوڵی بۆ دەدەن، نیشاندەری ئەوەیەکە فکریەتی نوێ و نوێخوازیی خۆی جێخستووەو کۆیلایەتی و کلتوورە ڕزیوەکان بەرەو کۆتایی دەچن.
ئاستی وشیاریی کۆمەڵگا ئێستاکە لە ئاستێکی بەرزدا خۆی دەبینێت بەڵام ئەمە بەمانای پشتگوێ خستنیان نیە، بەڵکوو بەرز کردنەوەی زیاتری ئەم ئاستە، زەروورەتێکی ئەوڕۆیی ڕێکخراوەکانی ژنانە.

لە لایەکی تریشەوە کۆماری ئیسلامی ئێران و یاسا و ڕێسا دژە مرۆیی و دژە ژنەکانی ئەوەندە ورد دزەی کردووەتە نێو کۆمەڵگا کە هەناسەی بۆ ژنان هەڵچنیوە.
ژنان لە هەر چالاکیەکدا دەستگیردەکرێن، کە دەتوانین ئاماژە بە چەندین نموونە لەم دوواییانە بدەین وەک دەستبەسەر کردنی 9 ژنی چالاک لە کوردستان لەماوەی تەنها 10 ڕۆژدا.

پەلامار بۆسەر ژنانی چالاک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕەوتێکی مەترسیداری گرتووەتەبەر و کاربەدەستان و دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەشێوەی کۆمەڵ و گشتگیر فۆکووسی کردووەتە سەر ژنان و ئامانجیان کپ کردنی دەنگی حەقخوازانەی ژنانە.
 
بۆیە ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد لەمساڵ و لەڕۆژی ژندا، وێڕای پیرۆزبایی لە سەرجەم ژنانی جیهان و بەتایبەتی ژنانی کورد، جارێکی تر جەخت لەسەر یەکگرتوویی و یەکدەنگیی هەموو چالاکانی ژن لە دەرەوەی وڵات ئەکات بۆ یەک هەنگاوبوون لە پرسی ژندا. بە تایبەتی پشتیوانی لە ژنانی چالاکی ڕۆژهەڵات و خەبات لە پێناو نەمانی ڕژیمی پەت و سێدارەی ئێران. چونکە پێمان وایە بەو شێوە یەکڕیزیە دەتوانین قایم تر ئامانجەکانی وەدیهاتنی خواستەکانی ژنان بپێکین.

مەرگ ونەمان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران
سەركەوێ بزووتنەوەی یەكسانیخوازی ژنان

ڕێكخراوی ئاسۆی ژنی كورد
مانگی ڕەشەممەی ١٣۹۹
۳ی مارسی ۲۰۲۱