پاشنیوەرۆی ١٣ی رەشەمە/ ٣ی مارسی ٢٠٢١ وەفدێکی رێبەریی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان سەردانی بارەگای کۆمیتەی ناوەندی حیزبی شیوعی کوردستانی کرد.

وەفدی کۆمەڵە کە پێکھاتبوون لە ھاوڕێیان: عومەر ئێلخانیزادە سکرتێری گشتیی، رەزا کەعبی بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی، سادق زەندی ئەندامی دەستەی کارگێڕیی، عەتا ناسرسەقزی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و کەریم کەریمی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵە لە ھەولێر ، لە لایەن وەفدی خانەخوێ کە پێکھاتبوون لە بەڕێزان: دکتۆر کاوە مەحمود سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی، ئەبو کاروان ئەندامی مەکتەبی سیاسی، ئەبو تارا ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی، ئۆمێد محەمەد ساڵح ئەندامی مەکتەبی پەیوەندییەکان، ھاوتا رەسوڵ ئەندامی مەکتەبی پەیوەندییەکانی ناوەندیی حیزبی شیوعی کوردستان پێشوازییان لێکرا.

لە دیدارەکەدا قسەوباسێکی چڕوپڕ لەسەر بارودۆخی ناوچەکەو بەشەکانی کوردستان کرا و ھەردوولا روانین و بۆچونی خۆیان لەسەر رەوتی رووداوەکان خستەڕوو کە ئاماژە بوو بۆ ئەو دەرفەت و مەترسییانەی لەبەردەم بزوتنەوەی حەقخوازانەی کورد لە بەشە جیاجیاکانی کوردستان و جەختکردنەوە بوو لەسەر گرنگی ھاوئاھەنگی و نزیکی زیاتری حیزبە کوردستانیەکان.
ھەر دوولا باسیان لە گرنگی بەھێزتر کردنی گوتاری چەپ لە رێگەی پەیوەندی و دیالۆگی زیاتری نێوان ھێزە چەپەکانی کوردستان کردەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵەو حیزبی شیوعی جەختیان لەسەر پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی ھەر دوو لا کردەوە.