کۆمەڵانی خەڵکی خەباتگێڕی کوردستان

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان

ئەمساڵیش لە کاتێکدا بەرەوپیری نەورۆز، جێژنی نەتەوەیی کورد و وەرزی ژیانەوەی سروشت دەچینەوە کە کوردستان هێشتا لە ژێر چەپۆکی دەسەڵاتێکی تاوانکاری خولقێنەری هەموو جۆرە کارەسات و زەبروزەنگ و دیکتاتۆریەکدایە، بەڵام هاوکات لاپەڕەیەکی زێڕینی دیکە لە مێژووی خەبات و ڕاپەڕین و بەرەنگاریی گەلانی ستەملێکراوی کوردستان  و ئێران لە بەرانبەر ئەم سیستمە ئازادیکوژەدا هەڵدرایەوە.

ساڵێک کە تێپەڕی، درێژەی زیاتر لە چوار دەیە داپڵۆساندن و چەوساندنەوە و کەمتەرخەمی بەرانبەر بە ماف و داخوازییە مرۆییەکانی گەلانی ئێران لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بوو.

لە ساڵی ڕابردوودا سەرکوتەکان، پێشێلکارییەکان و دڕندایەتیی هێزی سەرکوتکەر،سووکایەتی بەکلتوور و داب و نەریتی خەڵکی کوردستان لە کاناڵە میدیاییەکانی رژیم، درووست کردن و بڵاوکردنەوەی  چەندین گرتەی ویدیۆیی دەستکردی پڕ لە ناڕاستی و بوختان و چەواشەکاری بەرامبەر مێژووی پڕ لە شانازی و سەروەری بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و حیزبەکانی وەک دیمۆکرات و کۆمەڵە، نەک هەر نەیتوانی تۆزقاڵێک لە ئیرادەی شۆڕشگێڕانە و پشتیوانی جەماوەری مافخوازی کوردستان لە حیزبەکانیان کەم کاتەوە بەڵکو بوو بە هاندەرێک بۆ هۆگری زۆرتر و خۆشەویستی زۆرتریان لە کۆمەڵگای کوردستان.

کۆمەڵانی تێکۆشەری کوردستان!

ئەم ساڵ لە پاڵ هەموو ئەو نەهامەتییانەی کە بە هۆی دەسەڵاتی نگریسی کۆماری ئیسلامی بە سەرماندا سەپا، پەتا عالەمگیرەکەی کۆرۆنا و سیاسەتە چەوتەکانی رژیم و ناکارامەیی و   کەمتەرخەمی سەرسوورهێنەریان لە ئاست  سڵامەتی و پاراستنی گیانی سەرجەم خەڵکی ئێران، ژیانی خەڵکی کوردستانی بە ڕادەیەکی بێوێنە سەخت و دژوارتر کرد.

کەمتەرخەمی و هەڵسوکەوتی نابەرپرسانە لە هەمبەر گیان و سڵامەتی هاووڵاتیان وایکردووە کە زۆرکەس بەو دەرئەنجامە بگەن کە دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران هیچ پەلەیەکی نیە بۆ ئەوەی ئەم پەتایە چارەسەر بکرێ. 

هەرچەند دەرمان و کاڵا پزیشکییەکان لە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکادا نین، بەڵام بە هۆی سیاسەتە هەڵەکانی رژیمی کۆماری ئیسلامییەوە بە نیسبەت ناوخۆ و دەرەوەی خۆشییەوە، تا هاتووە داودەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان بە تایبەت بۆ نەخۆشینە تایبەتەکان زیاتر روو لە کەمی و گرانبوونی زیاتر کردووە، بەجۆرێک کە پێداویستییە دەرمانییەکان ٣٠٠ بۆ ٤٠٠٪ گران بووە کە ئەمەش بۆتە هۆکاری مەرگی ئەو کەسانەی کە نەخۆشینی تایبەت و درێژماوەیان بووە.

تا ئێستاش ڕژیم هیچ هەنگاوێکی پێویستی بۆ پێشگرتن بە بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە هەڵنەگرتووە و بگرە بە بێ گوێدان بە ڕێنوێنییە تەندروستییەکان مامەڵەی لەگەڵ کردووە. بە حەرام زانینی هێنان و کوتانی ڤاکسێنی فایزێری ئەمریکی یەک لەو چەواشەکاریانەیە کە بەرپرسایەتی لەناوچوونی ژمارەیەکی زۆری گیانبەختکردوانی نەخۆشی کۆرۆنا دەخاتە ئەستۆی رژیمی ئێران.

 ڕژیم بە ناوی مودیریەتی قەیرانەوە خەریکی میلیتاریزەکردنی زیاتری کۆمەڵگا و خوڵقاندنی تاوانێکی دیکە دژ بە مرۆڤایەتییە و پێویستە ئازادیخوازان و خەڵکی وڵاتەکەمان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە هەڵگرتنی هەنگاوی پێویست ئەو سیاسەتە دژەمرۆییە لەقاو بدەن.

ئێمە وەکوو ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە پێویستی دەزانین داوا لە  کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکەین کە بە ڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان، یارمەتیدەری هەوڵەکان بۆ سەرکەوتن بە سەر ئەم پەتایەدا بن. جێگای خۆیەتی زۆر سپاسی کۆمەڵگای پزیشکی کوردستان بکەین کە لە راستیدا پێشمەرگەی سپی پۆشی ئەم نەتەوەیەن و لەو ماوەیەدا بەوپەڕی هەست بە بەرپرسایەتی کردن ئەرکەکانی خۆیانیان بە جێ گەیاندوەو لەم پێناوەشدا بەشێکیان گیانیان لەدەست داوە.

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

لەپاڵ هەموو ئەو نەهامەتییانەدا، کوشتنی دەیان کەس لە کۆڵبەران و کاسبکارانی سەرسنوور، تەقەی راستەخۆ لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، گرتن و دەستبەسەر کردنی چەند سەد کەس لە چالاکانی مەدەنی و سیاسی کوردستانی رۆژهەڵات، سەرهەڵدان و زیاتر بوونی چەندین دیاردەی ناشیرینی وەک خۆکوشتنەکان و هاتنە خوارەوەی رێژەی تەمەنی قوربانیان لە کچان و کوڕانی تەمەن ٩ ساڵانەوە بگرە تا دەگاتە ژنان و پیاوانی بەساڵاچوو، چوونەسەرەوەی کرێ خانوو و پێکهاتنی دیاردەی هاوماڵی، زۆربوونی رێژەی منداڵانی کار، فرۆشتنی گورچیلە وبەشەکانی  دیکەی جەستە، فرۆشتنی منداڵانی کەم تەمەن و کارتۆن خەوی لەو دیاردانە بوون کە بە هۆی کەمتەر خەمی و خراپ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا تاهاتووە زیاتر بوون.

ڕژیم بە پیچەوانەی ئەوەی کە بە سەرکوتی خەڵک دەیهەوێ خۆی وەکوو دەسەڵاتێکی بەهێز نیشان بدات، لە هەر دوو ئاستی نێوخۆیی و دەرەکیدا دەستەوەستانی و بێ توانایی خۆی لە چارەسەری کێشەکاندا بە تەواوی دەرخسووە.

لە لایەکەوە ئابووریی ئێران کە پێشتر بەهۆی دەستێوەردانی حکوومەت و دامەزراوەکانی ژێر فەرمانی ڕێبەر و گەندەڵیی و تاڵانی سەرمایەکانی وڵات لە لایەن کاربەدەستانی باڵای ڕژیمەوە لە دۆخێکی قەیراناویدا بووە، لەوەش زیاتر تووشی داتەپین و کورتهێنانی بوودجە بووە کە ئەوەش لە تەنیشت تێچووی سەرسووڕهێنەری ئاژاوەگێڕییە نێودەوڵەتییەکانیان، تاڵانچیەتیی بەرپرسان، نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی، گرانی، دابەزینی نرخی تمەن، بێکاری، هەژاری و… کە ئاکامەکەی دەیان قەیرانی کۆمەڵایەتی و ئابوریی بۆ خەڵکی بێ دەرەتانی ئێران و کوردستانی لێکەوتووتەوە.

لە هەمان کاتدا تەنانەت لە وڵاتانی ناوچەکەشدا خەڵک زیاتر لە ڕابردوو، لە سیاسەتی داگیرکارانە و ناوەرۆکی کاولکەر و دژەمرۆیی کۆماری ئیسلامی تێگەیشتوون و ئیدئۆلۆژیی ئایینیی ئەو ڕژیمە چیدی توانای ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک و فریودانی بیروڕای گشتیی گەلانی ناوچەی نەماوە، هەربۆیە لە لوبنانەوە تا سووریە و بەتایبەتی شەقامی شارە شیعەنشینەکانی عێراق شاهیدی داڕمانی ڕەوایی ئیدئۆلۆژیی کۆماری ئیسلامی بووین کە پێشتر لە ژێر دەمامکی پاراستنی شوێنە پیرۆزە ئایینییەکان و شەڕی تیرۆردا پێگەیەکی لە نێو بەشێک لە خەڵکی ئەو وڵاتانە بۆ خۆی دەستەبەر کردبوو، بەڵام ئێستا لە ڕووی ئیدئۆلۆژیکەوە بە تەواوی ڕەنج بە خەسار و مایەپووچ دەرچووە.

هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆک‌کۆماری لە ئێران کە لە وەرزی یەکەمی ساڵدا بەڕێوە دەچێ، ناوەندی بڕیار لە کۆماری ئیسلامیی هێناوەتە سەر ئەو ڕایە کە پێویستە هەموو دەسەڵاتەکانی وڵات و یەک لەوان دەوڵەت پتر یەکدەست ببێ، بە تایبەت کە ئەگەری مەرگی خامنەیی و پرسی هەستیاری جێگرەوەی ناوبراو لە ڕوانگەی ئەوانەوە زەروورەتێکی ئەوتۆ دەخوازێ. ئەوەش لە  کاتێکدا کە یەکتر تاوانبارکردنی کاربەدەستانی ڕێژیم بە گەندەڵیی سیاسی و ئابووری و لەهەڵڵادانی یەکترهیچ شکۆ و شەرعییەتێکی بۆ ئەم ڕێژیمە نەهێشتۆتەوە.

کۆمەڵانی تێکۆشەرو خەباتکار

لە ماوەی ساڵی رابردوودا بەربەرەکانێ لە دژی سیاسەتەکانی رژیم لە ناوخۆی ئێران تا هاتووە زیاتر بووە. ناڕەزایەتییەکانی توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگا وەک کرێکاران، ژنان، مامۆستایان، وەرزێڕان، کەمینە نەتەوەیی و ئایینی و ئیتنیکییەکان هەروا بەردەوام بووە و بێگومان ئەوە هێز و ئیرادەی شۆڕشگێڕانە و یەکگرتووانەی ئێوەیە کە لە ساڵی داهاتوودا دەتوانێ ڕژیم بۆ هەمیشە لە چەقی قەیرانەکانیدا نوقم بکات و بەرەو هەڵدێری نەمانی ببا.

با هەموومان ئەمساڵ فەلسەفەی نەورۆز وەکوو هێمای ژیانەوە و ڕاپەڕین، بکەینە چرای ڕێگای ژیان و خەباتمان و بە تێکۆشان و گیانبازیی زیاتر، یەکڕیز و یەکگرتوو تا ڕووخاندنی ڕژیم و بنیاتنانی داهاتوویەکی دوور لە ئازار و ستەم و چەوسانەوە بۆ خۆمان و نەوەکانی داهاتوو، لە سەنگەری خەباتدا پتەو ڕاوەستین و بە کەڵک وەرگرتن لە هەموو شێوەکانی خەباتی ئازادیخوازانە، شان بە شانی گەڵانی دیکەی ئێران یەک جار بۆ هەمیشە کۆتایی بە مۆتەکەی دەسەڵاتی ستەمکارانەی ڕژیمی مرۆڤ کوژ و کاولکەری کۆماری ئیسلامی بێنین.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای پیرۆزبایی نەورۆز و سەری ساڵی نوێ لە گەلی کورد و سەرجەم ئازادیخوازانی گەلانی ئێران، لەگەڵ شەهیدانی ڕێگای ئازادی، یەکسانی و ڕزگاریی وڵاتەکەمان پەیمان نوێ دەکاتەوە کە تا وەدیهێنانی ئاواتەکانیان و بنیانتانی سیستمێکی دێموکراتیک و دابینبوونی ماف و ئازادییەکانی نەتەوەکەمان، لە سەنگەری گیانبازی و تێکۆشاندا بەردەوام بێ.

سڵاو لە شەهیدانی ڕێگای ئازادی و یەکسانی

سڵاو لە ئیرادەی پۆڵایینی زیندانیانی سیاسی

سەرکەوێ خەباتی گەلانی ئێران لە پێناو ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی

سەرکەوێ خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

نەورۆزی ١٤٠٠ی هەتاوی

٢٧٢١ی کوردی