بە پێی هەواڵێک کە لە شاری مهابادەوە گەیشتووە، بەداخەوە سەرلەبەیانی ئەمرۆ دووشەممە ٢٠ی مانگی گوڵانی ١٤٠٠ی هەتاوی کاک هەمزەی تەمرین ئەقدەم کەسایەتی و سیمای ناسراو وخۆشەویستی ئەو شارە بە هۆی نەخۆشی ماڵئاوایی لەژیانکردوە.

کاک هەمزەی تەمرین ئەقدەم کە خەڵکی ئاوایی خانکەندی ناوچەی چۆمی مەجیدخان بوو،لەگەڵ ئەوەی کارمەندی ئیدارەی “ئامووزش وپەروەرش” بوو، هاوکات کەسایەتییەکی رووناکبیر و کوردستانی بوو کە لە پێناو رزگاریی و وشیارکردنەوەی خەڵک و بەتایبەت لاواندا هەموو دەرفەتێکی دەقۆستەوە و لەسەر گرینگی رێکخراوبوون و خەباتی لێبراوانەدا بەرامبەر بە داگیرکەر پێداگر بوو.کاک هەمزە ساڵەکانی ١٣٦٧ وساڵانی دواتر لە دانشسرای تەربییەت موعەللیمی مهاباد بوو و دەورونەقشی زۆر کاریگەری بوو لەسەر هاندان و وشیارکردنەوەی خوێندکارانی ئەو ناوەندی خوێندنە.
ئەم کەسایەتییە چەپ وئازادیخواز ونیشتمانپەروەرە لەم ساڵانەی دواییدا تووشی نەخۆشی شێرپەنجە ببوو کە بەداخەوە پاش ساڵانێک بەربەرەکانێ لەگەڵ مەرگ سەرەنجام بەرەبەیانی ئەمرۆ لەیەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ دڵە گەورە وپرلە هیوا وخۆزگەکەی بە رزگاری وسەربەستی بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت و ماڵئاوایی لە ژیانکرد.
ئێمە بە بۆنەی ماڵئاوایی لەژیانکردنی کاک هەمزەی تەمرین ئەقدەم پربەدڵ سەرەخۆشی لە بنەماڵە وکەس وکاری،بە تایبەت سەرەخۆشی لە هاوسەر ومنداڵەکانی و لە کاک فەتاحی باوکی وکاک سولەیمان وهێمن وناسر دەکەین و خۆمان بەشەریکی خەم وپەژارەیان دەزانین.
یادی کاک هەمزەی تەمرین ئەقدەم بەرزوبەرێز بێت.

کومیتەی تەشکیلاتی ناوخۆی کۆمەڵەی زەحمەتکیشانی کوردستان.
٢٠ی گوڵانی ١٤٠٠ی هەتاوی
١٠ی مەی ٢٠٢١ی زایینی