هاونیشتمانانی تێکۆشەری کوردستان
ژنان ئازادیخواز و دژبەستەم

کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ جارێکی دیکەو لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ(٢٨ جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی) پەنا دەباتەوە بەر شانۆی هەڵبژاردن‌ و فریودانی بیروڕای گشتیی خەڵک لە نێوخۆ و کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان لە دەرەوەی وڵات بۆ بەدەستهێنانی ڕەوایەتی و نیشاندانی سیمایەکی دیموکراتیک لە خۆی. وەڕێخستنی شانۆی هەڵبژاردن لە کاتێکدایە، دوای زیاتر لە ٤٢ ساڵ تەمەنی نگریسی ڕژیمی ئاخوندی، بەرهەمی ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرە بۆ خەڵکی ئێران جگە لە داڕمانی بارودۆخی ئابووری‌ و کۆمەڵایەتی و لەناوبردنی ئازادی و کەرامەتی مرۆڤ هیچیتر نەبووە.

ڕژیمێکی مڵهوڕ کە گیان و ماڵی خەڵک و سەرەوەت و سامانی وڵاتی قوربانی مانەوەی خۆی کردووەو لە بەرامبەریشدا چارەڕەشی، ئیعدام، گرتن، ئەشکەنجەو تۆقان بووە بە پشکی خەڵک و بگرە خەڵکی ناوچەو ڕۆژهەڵاتی ناڤینیش بەهۆی دەستێوەردانە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی وەزاڵە هاتوون.

ئاشکرایە لە دەسەڵاتێکی نۆڕماڵدا خەڵک دەتوانن لە رێگەی دەنگدانەوە چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن؛ بەڵام زیاتر له چوار دەیە بەکارهێنانی هەڵبژاردن بۆ نیشاندانی دێموکراسی و کایەی باڵباڵێنی دوو لایەنی سەرەکی رژیم، کاتێکی زۆرە بۆ تێگەیشتن لەوەی گۆڕان لە پێکهاتەو ماهییەتی ڕژیم شتێکی مەحالەو ئەوەی کە دەبێت بگۆڕدرێت بوونی ئەو نیزامەیە.

هەربۆیە ٤٢ ساڵ سەرکوت و جینایەت دەبێت سەلمێنەری ئەو ڕاستییە بێت کە ئەو رژیمە هیچکات ناتوانێ دەسەڵاتێکی خەڵکی‌ و بۆ خەڵک بێت‌و سەرکوت‌ و کوشتاری خۆپێشاندانی ساڵەکانی ١٣٩٦ و ١٣٩٨، درۆ و فریوکاری لە هەمبەر خستنەخوارەوەی فڕۆکەی نەفەر هەڵگری ئۆکراینی تا پەرەسەندنی ڤایرۆسی کۆویدی ١٩ و زەرەر و زیانی گیانی و ماڵی و ئابوورییەکانی؛ ئەو ڕاستییەی یەکلایی کردەوە کە بەرزکردنەوەی هەر خواستێک لە لایەن ئەو ڕژیمە بە کوشتار و زیندان وەڵام دەدرێتەوەو هەر بەڵاو بارودۆخێکی نالەباری وەک کڕۆناش، بۆ کۆماری ئیسلامی وەکوو بەرەکەتێک وایە تا خەڵکی پێ چارەڕەش و گیرۆدەتر بکات.

ئاشکرایەو بەڵگە مێژووییەکان سەڵماندوویانە کە گەلی کورد وەک نەتەوەیەکی بندەست کە لەلایەن ڕژیمەوە ڕووبەڕووی زۆرترین ستەم و سەرکوت و کوشتار بووەتەوە، هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی “نا”یەکی گەورەی بەو ڕژیمە وتووەو تا ئێستاش لە خەبات بۆ بەدیهێنانی ماف‌ و ئازادییەکانی بەردەوامەو باوەڕی وایە لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا گەیشتن بە دیموکراسی و ئازادی مەسەلەیەکی مەحالە.

لە پەیوەندی لەگەڵ ژنانیشدا، کۆماری ئیسلامی بەو هۆیەی کە گەورەترین سیستەمی ئاپارتایدی ڕەگەزییەو ژنانی نەتەوە بندەستەکانی ڕووبەڕووی ستەمی چەندقات کردۆتەوە؛ ژنانی کورد هەر لە سەرەتاوەو بەهۆی هەبوونی بەستێنی موبارزاتی دژی کۆماری ئیسلامی، بەشداری‌ و پێشەنگایەتیان لە بزوتنەوە سیاسیەکان کردووەو بە وشیاریەوە تێگەیشتوونە کە لە چوارچێوەی سیستەمی دژە‌ ژن و ئازادی‌ کوژی کۆماری ئیسلامی هیچ ئاسۆیەک بۆ وەدیهاتنی مافەکانیان نیەو بەشداری لە کایەی سیاسی شکستخواردووی ڕیفۆرم و هەڵبژاردن، تەنیا دەبێتە هۆی ڕەوایدان بە بێ‌ مافی‌ و سەرکوت‌ و چەوسانەوەی خۆیان و چین‌ و توێژەکانی دیکەی خەڵک لە ئێران و کوردستاندا.

“ناوەندی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵات”، وێڕای بایکۆت کردنی شانۆی هەڵبژاردنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، داوا دەکات هەموو ژنان و تاکەکانی کۆمەڵگای کوردستان بە ئەرکی نیشتمانی و مرۆیی خۆیان هەستن‌ و چوون بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدانی ڕژیم بایکۆت بکەن و بە بەشداری نەکردنی خۆیان و چۆڵ ڕاگرتنی سندوقەکانی دەنگدان، ئەم هەڵبژاردنە بکەنە ڕێفراندۆمی دەنگی “نا” بە کۆماری ئیسلامی و هەموو جەنایەت و گەندەڵیەکانی.

هەروەها ناوەندی ژنان باوەڕی وایە، دەنگ نەدان و بەشداری نەکردن لە شانۆی ڕەواییدان بە ڕژیم، نەتەنیا ڕێفراندۆمی “نا”وتن بە کۆماری ئیسلامی و ناڕەزایەتییەکی گەورەیە، بەڵکوو بەشداری نەکردن لە کایەی هەڵبژاردن ئەرکێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەر تاکێکە، بۆ هاوڕایی نەکردن و ڕەوایەتی‌ نەدان بە جینایەت‌ و سەرکوتەکانی ئەو ڕژیمە و بەردەوام بوونی.

هەربۆیە دەنگ‌نەدان بە کۆماری ئیسلامی وشیارانەترین جۆری بەشداری سیاسی و کۆمەڵایەتییە بۆ ڕەوایی‌ نەدان بە دیکتاتۆرترین‌ و خوێن مژترین دەسەڵاتی سیاسی و لە قاودانی ڕەوایەتی‌ و سیاسەتە دژە ئینسان‌ و ئازادییەکانی.

“ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵات”
٢٩ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی
١٩ی مەی ۲۰٢١ی زایینی