پلۆنۆمی ١٣ی کومیتەی ناوەندیی هەڵبژێردراوەی کونگرەی ١٣ی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ڕۆژی ٢٨ی مانگی مەی ڕێکەوتی ٨ی مانگی جۆزەردان بە سروودی بانگەواز سروودی ڕەسمیی کۆمەڵە دەستی بەکار کرد.
سەرەتا هاوڕێ عومەر ئیلخانیزادە سکرتێری گشتیی کۆمەڵە ڕاپۆرتی سیاسیی پێشکەشی پلۆنۆم کرد و تیشکی خستە سەر گرینگترین ئەرکەکانی کاری داهاتووی کومیەتی ناوەندیی کۆمەڵە. پاشان قسە و باس لەسەر ڕاپۆرتی سیاسی، ڕاپۆرتی کومیسیۆن و ئۆرگانەکانی کۆمەڵە پیشکەشی پلۆنۆم کران و تاوتوێ کران.
لە ڕاپۆرتی سیاسیدا دۆخی ئەمڕۆی جیهان و چالشەکانی لێکدرایەوە و بڕوای وا بوو ئەگەر ئەم دەورەیە بە کاتی دەسەڵاتی ترامپ و پاش لەسەرکار نەمانی ترامپ وەکوو سەرۆک کۆماری ئەمریکا دابەش بکەن دەبینین سەردەمی ترامپ و سیاسەتەکانی زیاترین ناتەبایی و کەلێنی خستە ناو وڵاتانی ڕۆژئاوا و دەسەڵاتەکانیانەوە کە ئاسەواری تایبەتیشیان هەبوو و بوو بە هۆی جۆرێک بێسازی لە دۆخی جیهانیدا. سیاسەتی ڕۆژاوا بەرانبەر بە ڕووسییە، چین و ئێران هاوئاهەنگ نەبوو و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا ئەو دیاردەیە دەبیندرا. ترامپ هەوڵی ڕازیکردنی بریتانیا بۆ چوونەدەرەوە لە یەکیەتی ئوروپای دەدا و دەیویست ناتۆ لاواز بکا. بەڵام پاش دەورەی ترامپ ڕۆژاوا هەوڵی ڕێکخستنی خۆی وەکوو یەکەیەکی سیاسیی هاوبەش بەرانبەر بە ئێران و چین و ڕووسییە دەدات و خەریکی چاککرندەوەی پەیوەندییە ناوخۆییەکانیەتی. ڕەوتی ئاڵوگۆڕەکان ڕوویان لە یەکخستن و هاودەنگیی ڕۆژاوا بەرانبەر بە چالێنجەکانی دنیای ئەمڕۆیە. ئەرکە سەرەکییەکانی ئەو یەکیەتییەی ڕۆژئاوا بەرگرتن بە چالاکییە نیزامییەکانی ڕووسییە لە وڵاتانی دیکە و بەربەرەکانی لەگەڵ هەوڵی چین بۆ کۆنترۆڵی بازاڕەکانی جیهانە. دیارە بۆ گەیشتن بەو مەبەستانە کونتروڵی سیاسی و ئابووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە یەکەم هەنگاوەکانە. ڕۆژاوا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ناوچەی ژێر ڕکێفی خۆی دەزانێ و بۆی گرینگە کە ئەو دەسەڵات و هێژمۆنییە چاکبکاتەوە و بەر بە نفووز و دەسەڵاتی لایەنەکانی دیکە لە ناوچەکەدا بگرێ. ڕۆژاوا بۆ ئەوەی بگاتە ئەو مەبەستە دوو ڕێگری ناوچەیی سەرەکی لە سەر ڕێگەیە. دەوڵەتانی ئێران و تورکییە دوو دەسەڵاتی بەهێزی ناوچەکەن کە هەرکامەیان لە ناوچەکەدا بەدوای ستراتێژ و پلانی خۆیانەوەن و ئەو پلان و ستراتێژییانە لەگەڵ ویست و بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتە ڕۆژاواییەکان ناتەبان. دەوڵەتی تورکییە ئارەزوویی گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی دەورەی عوسمانی دەکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سازکردنی هیلالی شیعە خەونی لە مێژینەی ناسیۆنالیزم و ئیمپیراتووری ئێران دەبینێ. هاوکات حکوومەتی ئێران بە سیاسەتی “هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی” و پێکهێنانی میلیشیا و دەستە و تاقمی چەکداری سەر بە خۆی لە وڵاتانی ناوچەکە توانیویەتی سیاسەتی تۆقاندن و سەرکوت لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی بباتە پیشەوە. دیارە تا کاتێ ئەم دوو دەوڵەتە بتوانن سیاسەتە کاولکارانەکانی خۆیان لە ناوچەکە درێژە پێبدەن، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەقامگیر نابێ و مەیدان بۆ تەراتێنی ئەوان و هەڵگیرساندنی ئاگری شەڕی ئایینی و قەومی ئاواڵا دەبێ. لە دۆخێکی وەهادا ھەر وەکوو چوار دەیەی ڕابردوو بەستێن بۆ پێشکەوتن و سەرمایەگوزاری ئامادە نابێ و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە یەکێک لە گرینگترین سەرچاوەکانی دابینکردنی وزەی جیهانە و هەروا ناسەقامگیر و دواکەوتوو دەمێنێتەوە و ئاسوودەیی بە خۆیەوە نابینێ. بۆیە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سەرەڕۆییەکانی ئەو دوو دەسەڵاتە و هەوڵ بۆ کۆنترۆڵکردنیان، ناکۆکییەکانی دەسەڵاتەکانی ڕۆژاوا لەگەڵیان بەردەوام دەبێ و هەوڵ بۆ بەرپێگرتن و بەرتەسککردنەوەی ئەو سەرەڕۆییانە ئەجێندای یەکەمی بەرنامەکانی ڕۆژاوا لە ناوچەکەیە. بەردەوامیی ئەو سەرەڕۆییانە خوازراوی ڕۆژاوا و دەسەڵاتە گەورە سەرمایەدارییەکان نییە و ئەو ڕاستییە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی ئێران و کوردستان دەبێ.
بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتی سیاسی تایبەت بە لێکدانەوەی دۆخی سیاسیی ئێران لە پەیوەندیی لەگەڵ دۆخی جیهانی و ناوچەییدا بوو. لەو بەشەدا پێداگری لەسەر ئەوە کرابوو کە حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران توانانی تێپەڕکردنی ئەم ئەزمەی ئێستە تێیکەوتووە نییە و چاککردنەوە ئابووریی و بەرهەمهێنان، گرفتە ناوخۆییەکانی دەسەڵات، پڕکردنەوەی کەلێنی نێوان دەسەڵاتداران و خەڵک، کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دنیای دەرەوە و پاراستنی دەسەڵاتی ناوچەیی خۆی ئەو چەلێنجانەن کە حکوومەتی ئێران بەسەریاندا زاڵ نابێ. هاوکات حکوومەتی ئێران لەگەڵ شەپۆلی بەرینی ناڕەزایی گشتی، مافخوازیی کرێکاران و داواکارییەکانی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا و ڕق و تووڕەیی گشتی و بەتایبەت هەژاران، ژنان، لاوان و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا بەرەوڕووە. گرانی، بێکاری و هەڵاوسانی ئابووری چیدیکە چارەسەر ناکرێن و بەردەوام ڕوو لە هەڵکشانن. ژیانی خەڵک ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زەحمەتتر دەبێ و ئەم دۆخە دەبێتە هۆی پەرەسەندی ناڕەزایەتییان. ڕاستە لە ئێراندا ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێز بەدیناکرێ و ئەمە هۆیەکی دیکەی مانەوەی ئەو دەسەڵاتەیە. دەبینین لە بەناو هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریدا سیاسەتی سڕینەوەی بەرینی پاوانخوازانەی ناوەندی دەسەڵات، نەک هەر ترس لە خەڵکی تێدا دیارە بەڵکوو تەنانەت بێبڕوایی بە مۆرەکانی خودی حکوومەتیش تێیدا ڕەنگیداوەتەوە. لەم دەورەیەدا بازنەی تەسکی دەسەڵات تەنانەت بۆیان گرینگ نییە کە شانۆی هەڵبژاردن گەرموگوڕ بێ و خەڵکی تێدا بەشدار بن و تەنها بیر لەسەرکوتی ناڕەزاییەکان دەکەنەوە. ئیفلاسی دەسەڵاتدارانی ئێران و وەزاڵەهاتنی خەڵک لەو هەموو ستەم و بێمافییە، ئەگەری ڕاپەرینی جەماوەری بەرانبەر بە ڕژیمی زۆر زیاد کردووە.

بەشێکی دیکەی ڕاپۆرت سیاسی لە سەر بزووتنەوەی کوردستان و داهاتووی بزووتنەوەکە بوو. لەم بەشەدا بەسەرنجدان بە ناکۆکییەکانی ڕۆژاوا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێران و تورکییە کە دەبێتە هۆی لاوازبوونی ئەو دوو دەسەڵاتە داگیرکارەی کوردستان لە لایەکەوە و لە لایەکی دیکەوە گەشەی بزووتنەوەی جەماوەری لە کوردستان لە هەموو بەشەکانیدا، پاش تێپەڕبوونی سەد ساڵ بەسەر پێشێلکرانی مافەکانی گەلی کورد لە لایەن دەسەڵاتانی ئورووپاییەوە کە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمڕۆیان پاش ڕووخانی دەسەڵاتی عوسمانییەکان، داڕشت، ئەوڕۆ و پاش ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکە دەرفەتێک بۆ بزووتنەوەی کوردستان ڕەخساوە کە تێدا دەکرێ هەم دەسکەوتەکانی تا ئەمڕۆی گەلی کورد بپارێزرێ و هەم بتوانێ بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدا.
هاوکات خاڵە لاوازەکانی بزووتنەوەی کوردستان و هەوڵی بەردەوامی داگیرکەران بۆ پاشەکشە پێکردن و بەچۆکدا هێنانی بزووتنەوەکە لە ڕێگرەکانی خەباتمانن کە دەبێ هەوڵی لادانیان بدەین. بۆیە چۆنیەتیی بەرەوڕووبوونەوەی حیزبەکان و بزووتنەوەی کوردستان لەگەڵ ئەو مەسئەلانە گرینگییەکی تایبەتیان هەیە. گرینگترین فاکتۆر بۆ وەرگرتنی زیاترین سوود لەم دۆخە، هاوپشتی و هاوئاهەنگیی بزووتنەوەی کوردستانە، هەوڵدان بۆ دیاریکردنی ستراتێژێکی ڕوون کە لە قۆناغی جۆراوجۆری خەباتدا نوێنەرایەتیی ئێرادە و ویستی خەڵکی کوردستان بکا و هەروەها گرینگیدان بە دیپلۆماسی، ناساندنی بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان و خواستەکانی بە بیروڕای گشتیی جیهان و ڕاکێشانی سۆز و هاوپشتی بۆلای، پێداگری لەسەر ئەوەی کوردستان لە ئاڵوگۆڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا قەڵای سکولاریسم و پێکەوە ژیان بووە و دەبێ. هەوڵ بۆ سازکردنی هاوپەیمانیی ڕەوا و شیاوی نێونەتەوەیی و ناوچەیی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان.
هەندێک لە زلهێزەکانی جیهان وەکوو چین و ڕووسییە هاوپەیمان و هاوکاری هێزە داگیرکەرەکانی کوردستان بەتایبەت حکوومەتی ئێرانن و ئاسۆیەک بۆ دۆستایەتی کردنیان لەگەڵ بزووتنەوەی کوردستان نابیندرێ.
لە ئێران هەڵاواردنی ئابووری و کۆمەڵایەتی دژی کوردستان لە زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیادی کردووە و بەڵام هاوکاتبوونی بزووتنەوە لە هەموو بەشەکان و ئیرادەی گشتی بۆ مافخوازی زیاتر لە جاران پەرەی سەندووە و موژدەی دەورەیەکی نوێ لە خەبات بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی دەبەخشێ.

بزووتنەوەی ئازادیخوازانە لە کوردستانی بندەستی حکوومەتی ئێران بزووتنەوەیەکی مەدەنی و سیاسیی لەخۆ دەگرێ کە لە هەموو براوەکانی ئەدەبی، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و سیاسیدا خاوەنی پۆتانسیێلێکی باڵایە. ڕۆشنبیریی نەتەوەیی و ئازادیخوازیی بەرین کە تێکاڵاوی فەرهەنگێکی پێشڕەو بووە و ویست و خواستی زەروورەتی هاوئاهەنگی و هاوکاریی حیزبە سیاسییەکان لە ئاستێکی بەرزدایە. دەبینین کە بەستێن و مەیلی هاوکاری لە نێوان حیزبە کوردستانییەکاندا زیاتر لە جارانە و سەرەڕای ئەوەی کە هەنگاوەکانی ئەمڕۆی حیزبە سیاسییەکان هێشتا کەم و بچووکن بەڵام هەمووان لەوە گەیشتوون کە هاوئاهەنگی و هاوکاریی زیاتر پێویستییەکی سەرەکیی بزووتنەوەی کوردستان و هەوڵ بۆ ئەو کارە بەستێنێکی باشی لەبەردەستدایە.
بەسەرەنجدان بەو بابەتانەی لەسەرەوە ئاماژەی پێکرا ڕاپۆرتی سیاسی پێداگریی لەسەر ئەرک و شێوەکاری دیاریکراو بۆ دەورەی داهاتووی کۆمەڵە کردەوە: پێش هەموو شتێک دەبێ لە دەورەی داهاتوودا هەوڵ بۆ دامەزراندنی دیالۆگێکی بنیاتنەر و ڕەخنەگرانە لە بزووتنەوەی کوردستان سەبارەت بە سیاسەتی ناڕوون و لادانەکانی ئەم بزووتنەوە لە قۆناغە جۆراوجۆرەکانیدا، بدرێ. ئێمە دەبێ چالاکی ئەکتیڤ و ساڵمی وەها دیالۆگێکی سیاسی و فیکری بین. دەبێ هەوڵ بدەین کە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان لە پەیوەندیی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیدا هاوئاهەنگ بن و بە ئاشکرا و ڕوون بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بکەن و پلانی بۆ داڕێژن و نوێنەرایەتیی ئەو بەرژەوەندییانە بکەن.
بۆ ئەو مەبەستە پێداگری لەسەر پەیوەندییەکی چڕوپڕتر لەگەڵ هاوپەیمانیی دە ڕێکخراوی سیاسی (هاوپشتی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران) کرایەوە. هەوڵ دەدەین بەستێنی هاوکاری و ئیئتیلاف لە نێوان حیزبە کوردستانییەکان بەتایبەت ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەهێزتر کەین و ڕادەگەیەنین کە بۆ هەموو ئاستێکی هاوکاری و لێکنزیکبوونەوە و یەکگرتن لەگەڵ ئەو ڕێکخراوانەی بە ناوی کۆمەڵەوە کار دەکەن، ئامادەین. وەکوو هەمیشە هەوڵ بۆ هاوکاریی بزووتنەوەی کوردستان لە هەموو بەشەکانیدا دەدەین و سەرەڕای جیاوازییە فیکری و تاکتیکییەکانمان لەگەڵ حیزبەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان، پشتیوانی لە بزووتنەوەی گەڵی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان دەکەین.
لە بەشی ڕێکخراوەییدا پلۆنۆم ڕاپۆرتی ئۆرگان و کۆمیسیۆنەکانی حیزبی دایە بەر لێکدانەوە و بە سەرەنجدان بە ڕاپۆرتی سیاسی و ئەگەرە سیاسییەکان لە داهاتوودا پێداگری لەسەر ئەم خاڵانە کرد و دەستەی کارگێڕی ئەرکدار کرد کە گرینگیی تایبەت بداتە ئەو خاڵانە: پێش هەموو شتێک هاوپشتی و دیسیپلینی حیزبی تەئکیدی لەسەرکرایەوە، داوا لە ک،ن و هەموو کادر و و ئەندامان کرا بۆ بردنەپێشەوە و بڵاوکردنەوەی سیاسەتەکان و کاری بەکردەوەی دیکە لە دەورەی داهاتوودا لەخۆبردووی زیاتر بنوێنی و لادانەکان و بێپڕسنیبییەکان لە هەموو ئاستەکاندا لێیان بکۆڵدرێتەوە.

پلۆنۆم پێی وابوو کە پرۆسەی چاکسازی و کارا کردنی ئورگانە حیزبییەکان بەتەواوی و وەکوو لە پلۆنۆمی ١٢دا دیاری کرابوو نەچووەتە پێش. بەتایبەت گرینگیدان بە کار لە ڕێکخراوی ناوخۆی وڵات و پەیوەندیی چر لەگەڵ بزووتنەوەی مەدەنی و بەکارهێنانی ئامرازەکانی دونیای مەجازی بە لاپەرە کۆمەڵایەتییەکان و چالاککردنەوەی کادر و ئەندامانی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات بۆ هاوخەتتی لەگەڵ چالاکیە سیاسی و مەدەنیەکان لە ناوخۆی وڵات پەیوەندیی ئەم کارانە لەگەڵ بزووتنەوەی مەدەنی تەئکیدی لەسەر کرایەوە. پلۆنۆم ڕاپۆرتەکەی هاوڕێ عومەری بە تێکڕای دەنگ پەسەند کرد و قەرا و بڕیاری دیکەشی لە ژێر ڕێنموونییەکانی ڕاپۆرتەکە پەسەند کرد.
هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕ و سکرتێری گشتیی کۆمەڵە دوابابەتی پلۆنۆم بوو کە تێدا ٥ کەس لە هاوڕێیان وەکوو ئەندامانی دەستەی کارگێڕ و هاوڕی عومەری ئیلخانیزادە وەکوو سکرتێری گشتی هەڵبژرێردران.
دەستەی کارگێڕی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
١١ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی ڕێککەوتی ٣١ی مانگی مەی ٢٠٢١ی زایینی