بەداخەوە ئاگادار كراین كە رۆژی هەینی رابردوو میرزا ئیبراهیم ساوجبڵاغی، كەسایەتی ناسراوی شاری نەغەدە‌و باپیری هاوڕێ دیاكۆ مورادی، ئەندامی كۆمەڵە لەتەمەنی 87 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.
میرزا ئیبراهیمی ساوجبڵاغی، یەكێك لەقوتابیانی سەردمی كۆماری كوردستان كە بۆ یەكەم جار ئاڵای كوردستانی لە شاری نەغەدە هەڵكرد. بە درێژایی تەمەنی‌و لەسەردەمی پاشایەتی‌و ماوەی دەسەڵاتی رژیمی ئیسلامی دژایەتی خۆی بەرامبەر بە زوڵم‌و زۆری هەردوو رژیم نیشان داوە‌و ماوەیەكیش لەلایەن ئیتلاعاتی رژیمی ئیسلامی دەستگیركراوە.
میرزا ئیبراهیم ساوجبڵاغی هەمیشە دۆستی كۆمەڵە بووە‌و لە زۆرێك لەقۆناغەكانی شۆڕش یارمەتیدەری كۆمەڵە بووە.

میرزا ئیبراهیم كەسایەتییەكی جێگای متمانە‌و باوەڕی خەڵكی نەغەدە‌و ناوچەكە بوو كە بەداخەوە پاش ئەوەی نەشتەرگەری دڵی بۆ دەكرێت، پاش ماوەیەك‌و لە رۆژی هەینی 28ی خەرمانان كۆچی دوایی كرد.
تەرمی میرزا ئیبراهیم ساوجبڵاغی بۆ رۆژی دواتر لە نێوئاپۆرای خەڵك بە خاك ئەسپەردەكرا.
ئێمە بە بۆنەی كۆچی دوایی میرزا ئیراهیم ساوجبڵاغی سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی سەرجەم خەڵكی بەشەرەفی نەغەدە‌و بنەماڵە‌و كەس‌وكاری‌و هاوڕێمان كاك دیاكۆ مورادی دەكەین‌و هیوا دارین دوا خەمی ژیانیان بێت.

سكرتاریەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
30 خەرمانانی 1393
21ی سپتامبری 2014