ئەوەی لە شانۆی هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی روویدا نوسینەوەی سەر لە نوێی مێژوویەکە کە زیاتر لە چوار دەیە بە ناڕەوا بە سەر خەڵکدا داسەپاوە.

لە شانۆی هەڵبژاردنی ئەمرۆ، “نا”یەکی گەورە بە کۆماری ئیسلامی وترا؛ خەڵکی کوردستان بە بایکۆتی بە ناو هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی رێفراندۆمێکیان خستە رێ و “نا”یەکی گەورەیان بە کۆماری ئیسلامی نیشان دا کە نیشاندەری لە ناوچوونی پێگەی کۆماری ئیسلامی و لە هەمانکاتدا رەوایی ویستی خەڵک بوو.

ناوەندی ژنانی کوردستانی رۆژهەڵات سەرکەوتنی گەورەی ئەمڕۆ کە بە سندوقە خاڵی و بنکە چۆڵەکانی هەڵبژاردنی ١٤٠٠ بە جیهان نیشان درا، لە خەڵک و بەتایبەت لە ژنان پیرۆزبایی دەکات و وێڕای سپاسی هەموو چالاکانی کەمپەینەکانی “نا” بە کۆماری ئیسلامی ئەو نارەزایەتییە بەهەند وەردەگرێ و وەک دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە خەبات بە دژی کۆماری ئیسلامی ئەژمار دەکات.

لەم قۆناغە نوێیەدا هێزی دژبەری کۆماری ئیسلامی بەرین تر لە هەمیشەیە و کۆماری ئیسلامیش لە لاوازترین پێگەی خۆیدایە. گومان لەوە دانییە کە نەتەوەی کورد و لەم نێوانەشدا ژنان زۆرترین قازانج لە گۆڕان و روخانی کۆماری ئیسلامی دەبەن.

هەر بۆیە ناوەندی ژنانی کوردستانی رۆژهەڵات بە پێویستی دەزانێ وێڕای سپاسی هەموو چالاکان و خەڵکی کوردستان و بە تایبەت ژنان ئەم سەرکەوتنە گەورەیە لە هەموو ژنانی کوردستان پیرۆزبایی بکات.

ناوەندی ژنانی کوردستانی رۆژهەڵات
٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی
١٨ی ژوئەنی ٢٠٢١ی زایینی