زۆر بەداخەوە ئاگادار بووین کە بەرەبەیانی ئەمرۆ یەکشەممە٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی هاورێی دێرین و سیمای ناسراوی کۆمەڵە هاورێ فەرهادی شەعبانی ئەندامی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە،رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران کە ماوەی سێ مانگ بوو بە هۆی گیرۆدە بوونی بە نەخۆشی شێرپەنجە لە وڵاتی سۆئێد لەژێر چارەسەری پزشکی دابوو،دڵە گەورەکەی بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت و کۆری هاورێیان و ئازیزانی بەجێهێشت.

هاوڕێ فەرهادی شەعبانی کە لە نێو خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان و بزووتنەوەی شۆرشگێرانەی کوردستاندا سیمایەکی ناسراو و خۆشەویست بوو،ساڵی ١٣٣٧ی هەتاوی لە گەرکی کوێراوای شاری سنە لە کۆشی بنەماڵەیەکی زەحمەتکێشدا چاوی بە ژین پشکووت بوو.بەداخەوە بارۆدۆخی ژیانی بنەماڵەکەی دەرفەتی نەدا هاورێ فەرهادیش وەک زۆربەی رۆڵەی بنەماڵە هەژار وزەحمەتکێشەکانی کوردستان درێژە بە خوێندن بدا و هەر لە تەمەنی ١٥ ساڵییەوە بۆ دابینکردنی بژیوی بنەماڵەکەی شانی دایە بەر کاری تاقەتپرووکێنی کرێکاری.

هاورێ فەرهاد کە خۆی قاڵبووی کورەی خەباتی بەشمەینەتانی کوردستان بوو،لەگەڵ خوراگریی خەڵکی خەباتکاری شاری سنە لە شەری ٢٤ ڕۆژەی ئەو شارەدا بەرامبەر بە پەلاماری درندانەی هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خەڵکی ئەو شارە،ئەویش وەدیهاتنی خەون وئاواتەکانی لەگەڵ کۆمەڵە گرێ دا ولەو رۆژەوە هەتا کاتی گیانلەدەست دانی وەک خەباتکارێکی پەیگیری کۆمەڵە لەگەڵ گەشەی کۆمەڵە وبیری چەپ وعەداڵەتخوازانە لە بزووتنەوەی کوردستاندا زیاتر خارا و بوو بە کادرێکی لێهاتوو و سیمایەکی ناسراو و خۆشەویست.

زۆر بەداخەوەین کە نەخۆشی ئەو دەرفەتەی بە هاورێ فەرهادی شەعبانی نەدا کە لە یەکێک لە قۆناغە هەستیار و چارەنووسسازەکانی بزووتنەوەی عەداڵەتخوازانە و رزگاریخوازانەی گەلەکەماندا لەگەڵمان بێ و ئاسووی روو لە کرانەوە و هەڵاتنی یەکجاری خۆری بەشمەینەتان و خەڵکی چەوساوە و مافخوراوی کوردستان بەچاوی خۆی ببینێ.
هەرچەند مەرگی تێکۆشەرێکی وەک هاورێ فەرهادی شەعبانی خەسارەتێکی گەورەیە بۆ کۆمەڵە وبزووتنەوەی رزگاریخوازانەی گەلەکەمان،بەڵام یادی ئازیزی بۆ هەمیشە لە دڵماندا دەمێنێتەوە و خەبات بۆ وەدیهاتنی ئامانجە بەرزە ئینسانییەکانی بەردەوام دەبێ.
ئێمە لە لایەن هەموو ریزەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانەوە بە بۆنەی ماڵئاوایی لە ژیانکردنی هاورێ فەرهادی شەعبانی پربەدڵ سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئازیزی بە تایبەت سەرەخۆشی لە هاورێ زارای هاوسەری و لە ئارام و فوئاد وئەشکانی جگەرگۆشەی و لە هەموو رێزەکانی کۆمەڵە رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و هەموو خەڵکی شاری سنەی سەربەرز دەکەین وخۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.
یادی ئازیزی هاورێ فەرهادی شەعبانی بەرز وبەرێز بێت.

کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی
٢٠ی ژووئەنی ٢٠٢١ی زایینی.