بە پێی هەواڵی گەیشتوو بەداخەوە دوێنێ پێنج شەممە ٣ی پووشپەری ١٤٠٠ی هەتاوی کاک سدیقی رەزایی کەسایەتی خۆشەویست وسیمای ناسراوی شاری سنە و ناوچەی ساراڵ ماڵئاوایی لە ژیانکردوە ودڵی گەورە وپر لە هیوای بە رزگاری وئازادی بۆ هەمیشە لەلێدان کەوت.

کاک سدیق کە خەڵکی ئاوایی کانی کەووی ناوچەی ساراڵ و دانیشتووی شاری سنە بوو،یەکێک لە چالاکان وهەڵسووراوانی بزووتنەوە و خۆپیشاندانەکانی جەماوری وەزاڵەهاتووی ئێران بە دژی رژیمی پاشایەتی بوو.پاش رووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی کاک سدیق ئامانج وئارەزووەکانی خۆی بە رێبازی کۆمەڵەوە گرێ دا وهەتا دواساتەکانی تەمەنی بەو رێبازە وەفادار مایەوە.لە ماوەی ساڵانی رابردوودا چەندین جار لە لایەن دام ودەزگا ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کرا وخرایە ژێر ئازار وئەشکەنجە،بەڵام ئەو گرتن وئەشکنجەدانانە نەک ورەی کاک سدیقیان لاواز نەکرد،بەڵکوو جارلەگەڵ جار هەنگاوەکانی لە پێناو گەیشتین بە ئامانجە بەرزەکانی بەبرشتر وقایمتر دەبوون.کاک سدیق کەسایەتییەکی خۆشەویست،سیمایەکی خەباتکار وجێ متمانەی خەڵکی شار و ناوچەکە بوو کە بێگوومان ماڵئاوایی لەژیانکردنی شەپۆلێکی بەرینی خەم وبەداخەوەبوونی بەدوای خۆیدا هێنا.

هەرچەند کاک سدیق بەجێیهێشتین،بەڵام رێبازی کاک سدیق و مێژووی پر لە شانازیی ژیانی سەربەرزانەی زیندوو ودرەوشاوەیە و، لە دوا رۆژی رزگاری وسەرکەوتندا ناوی کاک سدیق بە بەرزی ودرەوشاوەیی دەمێنێتەوە.

ئێمە لە لایەن هەموو ریزەکانی کۆمەڵەوە بە بۆنەی ماڵئاوایی لەژیانکردنی کاک سدیقی رەزایی پربەدڵ سەرەخۆشی لە بنەماڵە وکەس وکاری و،بەتایبەت سەرەخۆشی گەرمی خۆمان ئاراستەی هاورێیان سروە و ماریا رەزایی وهاورێی ئازیزمان کەماڵ مورادی و هەموو خەڵکی خەباتکاری ناوچەی ساراڵ و شاری سنەی سەربەرز دەکەین وخۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.
بژی یادی ئازیزی کاک سدیقی رەزایی.

سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٤ی پووشپەری ١٤٠٠ی هەتاوی
٢٥ی ژووئەنی ٢٠٢١ی زایینی.