رۆژی شەممە، رێکەوتی ٧/٨/٢٠٢١ی زایینی، (١٦ی گەلاوێژی ٢٧٢١ی کوردی)، لەسەر داوای کۆمیتەکانی حیزبەکانی کوردستانی رۆژهەڵات‌و بە مەبەستی هاودەنگی‌و پشتیوانی لە ناڕەزایەتی‌و داخوازیی عەرەبەکانی ئەهوازو باقیی نەتەوەکانی ئێران‌و، هەروەها دژی سیاسەتی سەرکوت‌و زوڵم‌و ستەمی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر نەتەوەکانی ئێران، رێپێوانێکی هێمنانە لە هێلسینکی، پایتەختی وڵاتی فینلاندو لەبەر دەم سەفارەتی کۆماری ئیسلامی‌دا، بەڕێوە چوو.
رێپێوانەکە بە بەشداریی دەیان کەس لە ئەندامانی حیزبی ڕێکخراوەکان و کوردانی رۆژهەڵات‌، دانیشتووی فینلاند دەستی پێ کرد. بەشداران بە وتنەوەی درووشم، بەرەو سەفارەتی کۆماری ئیسلامی وەڕێ کەوتن‌و لەبەر دەم سەفارەتدا کۆ بوونەوە.
پاش خولەکێک بێدەنگی، بە مەبەستی رێزگرتن لە شەهیدانی کورد‌و کوردستان‌و هەروەها رێزگرتن لەو کەسانەی لە رێپێوانە هێمنانەکانی خەڵکی ئەهوازو شارەکانی دیکەی ئێراندا گیانی خۆیان لەدەست دابوو، دەستی پێ کرد.
لە بەشێکی دیکەی ئەم رێپێوانەدا، بڕیارنامەی خۆپیشاندەران بە هەر دوو زمانی کوردی‌و فارسی خوێندرایەوە.
لە بڕیارنامەی خۆپیشاندەراندا، وێڕای پشتیوانی لە داخوازیی رەوای عەرەبەکانی ئەهوازو باقیی نەتەوەکانی ئێران، سەرکوتی خوێناوی‌، گرتن‌و ئەشکەنجەو کوشتنی خەڵکی ناڕازیی ئێران لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، مەحکووم‌و ریسوا کرابوو.
لە بڕیارنامەکەدا هەروەها ئاماژە بە سیاسەتی ستەمکارانەو جینایەتکارانەی کۆماری ئیسلامی بە نیسبەت نەتەوەکانی کورد، عەرەب‌، بەلووچ‌و باقیی نەتەوەکانی ئێران کرابوو.
هەروەها داوا لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی کرابوو کە بە مەبەستی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ‌و مافی نەتەوەکانی ئێران، گۆشار بخەنە سەر حکوومەتی تاران‌و سیاسەتی چەوساندنەوەو جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی دەرهەق بە خەڵکی ئێران بەگشتی، مەحکووم بکەن.
کۆمیتەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان/فینلاند

حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
حیزبی دیمۆکراتی کوردستان
کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان