ڕۆژی شەممە ،بەڕواری ۲۱ ی آگوست و لە شاری برن ،هاوڕێیان و ئەندامانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە وڵاتی سویس ،بە هاوکاری ئەندامانی حزبەکانی تری ڕۆژهەڵات لە ژێر ناوی ناوەندی هاوکاری حزبەکانی کوردستان ،گردبوونەوەیێکیان ئەنجامدا بە بۆنەی ساڵوەگەڕی فەرمانی جیهادی خومەینی و قەتڵ و عامی خەڵکی کوردستان بە دەستی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران.

گردبوونەوەکە بە دەقەیێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی دەستی پێکرد.

سەرەتا زاهیری قادرحاجی دەبیری کومیتەی حدک، چۆنیەتی تێرۆر کردنی مووسا باباخانی شەرح دا و بە کۆی بەشداربوان ئەم کردەوە قیزەونەی ڕژێمی سێدارەی کۆماری ئیسلامی یان ئیدانە کرد.

دواتر لە لایەن دەبیری کۆمیتەی YPJ (ەکینەکانی پاراستنی ژنان) شەرحێک درا لە باروودۆخی سیاسی ئەم ڕۆژانەی ئێران و تورکیا ،بەرانبەر بە گەلی کورد و کەمینەکانی تری ناوچەکە و بە گشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هەروەها بەیاننامەی ناوەندی هاوکاری حزبەکانی ڕۆژهەڵات بە بۆنەی ساڵوەگەری ئەم ڕۆژە بە هەردوو زمانی کوردی و ئاڵمانی خوێندرایەوە.

پاشان بەشداربوان ناڕەزایەتی خۆیانیان لەو باروودۆخە خراپە ،کە ڕژێمی ئێران داهێنەری بوە .بە چەندین درووشم و شوعار بە دوو زمانی کوردی و ئاڵمانی ،دەربڕی.

لە کۆتاییدا هاوڕێ ئەحمەدی مام موحەممەدی سپاسی هەموو بەشداربوانی کرد و دوای دەربڕینی تێبینیەک لە سەر باروودۆخی ئێستای وڵاتی ئەفغانستان ،ڕایگەیاند کە فەتوای ساڵی ٥٨ ی خومەینی بۆ سەر کوردستان هیچ جیاوازیەکی لە گەڵ فەتوای ئێستای گرووپی تیروریستی تاڵیبان نیە و هەموو ئەو کردەوە قیزەونانە لە ئایدیۆلۆژیایەک سەر هەڵدەدەن و پێویستە کە خەڵکانی ئازادی خواز بە هێز و هۆشیاریەکی زۆرتروە ڕووبەڕووی ئەم ئایدولۆژیایە ببنەوە.