کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!
ئازایخوازان و تێکۆشەرانی خەباتکار!
هەروەک ئاگادارن ڕۆژی ٩ی خەرمانانی ئەمساڵ ٤٢ ساڵ بە سەر گیانبەختکردنی کاک فواد مستەفا سوڵتانی، یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە و کەسایەتیی شوێندانەری بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی هاوچەرخی کوردستاندا تێدەپەڕێت کە لە گوندی بەستام لە نێوان سەقز و مەریوان پاش شەڕ و بەرەنگارییەکی نابەرانبەر و قارەمانانە لە بەرانبەر هێزە دژی گەلییەکانی سوپای داگیرکەر لە کوردستان، گیانی ئازیزی پێشکەش بە بارەگای ئازادی و ئامانجە مرۆییەکانی شۆڕشی گەلی کورد کرد و لە گوندی تاڵەسواری مەریوان لە لایەن خەڵکی ئەمەگناسی کوردستانەوە بە خاکی پیرۆزی نیشتمان سپێردرا.
کاک فواد ساڵی ١٣٢٧ی هەتاوی لە گوندی ئاڵمانەی مەریوان لە دایک بوو. بەشی زۆری خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندیی خۆی لە شاری سنە تێپەڕاند. ساڵی ١٣٤٦ لە زانکۆی سەنعەتیی شەریف لە بواری ئەندازیاریی ئێلێکترۆنیک دەستی بە خوێندن کرد و هەر لەو زانکۆیە بڕوانامەی موهەندسیی وەرگرت. ساڵی ١٣٥٣ بەهۆی چالاکییە سیاسییەکانی دژ بە ڕێژیمی شا، لە لایەن ساواکەوە دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٤ ساڵ کەوتە زیندان.
کاک فواد، لە ماوەی کورتی ژیان و خەباتی خۆی پاش سەرکەوتنی شۆڕشی بەتاڵانبراوی گەلانی ئێرانیشدا بە باوەڕێکی قووڵ و وزەیەکی شۆڕشگێڕانەی بەرزەوە دەستی کرد بە هەڵسووران و چالاکی بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵانی خەڵک و بە دامەزراندنی یەکێتیی جووتیاران و کۆمەڵێک هەوڵ و چالاکیی مەدەنی و شۆڕشگێڕانەی وەک ڕێبەریکردن و رێکخستنی کۆچی مێژوویی خەڵکی مەریوان، ڕۆڵێکی گرینگی لە بەرەوپێشبردنی خەباتی گەلی کورد لە یەکێک لە هەستیارترین قۆناغەکانی مێژووی هاوچەرخدا گێڕا.
کاک فواد لەو ماوە کورتەدا توانا و لێهاتووییەکی کەم وێنەی لە ڕێکخستن و ڕێبەریکردنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا لە خۆی نیشان دا و توانی خۆی وەکوو یەکێک لە ڕێبەران و کەسایەتییە دیارەکانی بزووتنەوەی سیاسی و شۆڕشگێڕانە و مەدەنیی کوردستان لەو سەردەمەدا بناسێنێت کە بۆ نەسڵەکانی دوای خۆیشیان ئیلهامدەر بوون. هەربۆیە لە سەرەتاوە بۆ دەزگای تیرۆر و کوشتاری ڕێژیم وەکوو ئامانج دەستنیشان کرابوو و هاوشێوەی زۆرێک لە ڕێبەران و تێکۆشەرانی رێگای ڕزگاری، گیانی پاکی کرایە قەڵغانی بەرگری لە خاک و خەڵکی کوردستان.
لە ڕاستیدا کۆماری کۆنەپەرەستی ئیسلامیی ئێران بۆ زەربەلیدان و سەرکوتی بزووتنەوەی ڕەوای کورد هیچکات و لە هیچ ‌قۆناغێکدا لە هەوڵەکانی بۆ لاوازکردن و لەناوبردنی ئۆپۆزیسیۆنی خۆی پاشگەز نەبۆتەوە و لە ڕێگەی تیرۆر، سێدارە، زیندان و ئەشکەنجە، تۆپباران و مووشەکباران، دانانی بۆمب، هەوڵدان بۆ سووکایەتی و شکاندنی کەسایەتی، بوختان و چەواشەکردن و شەڕی نەرم و میدیایی بەکارهێنانی سیخوڕ و میلیشیا و هێزی نیابەتی هەوڵی بۆ سەرخستنی سیاسەتی دژەمرۆیی خۆی داوە.
گیانبەختکردنی ڕێبەران و سەرکردەکانی بزووتنەوەی ڕەوای کوردستان لە ماوەی زیاتر لە ٤ دەیەی ڕابردوودا ئەگەرچی خەسارێکە کە قەرەبووکردنەوەی ئاسان نیە، بەڵام هاوکاتیش بەردەوامبوونی ئەو سیاسەتە نیشان دەدات کە سەرەڕای هەوڵ و گوشارەکانی ڕێژیم بۆ پاکتاوکردنی کورد، پێشێلکردنی مافە ڕەواکانی و سەرکوت و تواندنەوەی بزووتنەوەکەی، بەرەنگاری و بەربەرەکانێ و تێکۆشانی گەلی کورد و ڕێبەرانی، زیندوو، دینامیک و بەردەوام بووە و بە باوەڕ بە ڕاستی و درووستیی ئامانجەکانی، ڕێگای نەپساوەی خۆی دەپێوێت.
گیانبەختکردنی کاک فوادیش هەر بەو ڕادەیە کە بۆ خەڵکی کوردستان و ئازادیخوازانی ئێران زامێکی جەرگبڕ بوو، بۆ رێژیم هەواڵێک بوو کە زۆر تامەزرۆی بیستنی بوو و هەوڵی بۆ دابوو، بەڵام نە شەهیدبوونی کاک فواد و هەزاران تێکۆشەری دیکەی ئەو ڕێبازە و نە هەموو تاوان و کاولکارییەکانی دیکەی ڕێژیم لە کوردستاندا نەیتوانی ئیرادەی بەرخۆدان و ئازادیخوازیی خەڵک لاواز بکات و ئەمڕۆ دەبینین کە خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی لاوانی کورد بە ئیلهام وەرگرتن لە خەباتی لێبڕاوانەی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، بەردەوام هەوڵ بۆ خۆڕێکخستنەوە و تەیارکردنی خۆیان بە چەکی زانست و تیۆری و ستراتژیی گونجاوی خەبات دەدەن و لە مەیدانی کردەوەشدا پێشەنگی هەموو ئەو بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییانەن کە تەنگیان بە دڕندەترین ڕێژیمی سەردەم هەڵچنیوە و ئاڵای خەباتیان شەکاوە ڕاگرتووە.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ٤٢هەمین ساڵوەگەڕی گیانبەختکردنی تێکۆشەری هەرگیز نەمر، کاک فواد مستەفا سوڵتانیدا وێڕای مەحکوومکردنی سەرجەم تاوانەکانی رێژیمی تیرۆریستی و ئازادیکوژی ئێران، شێلگێرە لەسەر ئەو بڕیارە شۆڕشگێڕانەیە کە ئەگەرچی لە ماوەی هەموو ئەو ساڵانەدا و هەتا ئێستاش کۆماری ئیسلامی لەسەر سیاسەتی کاولکاری و ڕەشەکوژی و تیرۆر بەردەوام بووە، بەڵام ڕەوتی شۆڕشی ڕەوای کوردستان تا گەیشتن بە ئامانجەکانی کاک فواد و هەموو شەهیدانی ئەو ڕێگا پیرۆزە بەردەوام دەبێت و یادیان و وانەکانی خەبات و بەرخۆدانیان دەکاتە هەوێن و چرای ڕێگای تێکۆشانی خۆی و هەموو ئەو ڕۆڵە خەباتکارانەی کە لەو پێناوەدا خەبات دەکەن.
نەمری و هەرمان بۆ کاک فواد مستەفا سوڵتانی
سڵاو بۆ شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان
سەرکەوێ خەباتی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٨ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی
٣٠ی ئاگۆستی ٢٠٢١ی زایینی