هاونیشتمانیانی خۆشەویست

    کۆمەڵانی خۆڕاگری خەڵکی کوردستان

    سێ ساڵ پێش ئێستا، سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، کۆماری تیرۆریستیی ئیسلامیی ئێران  كۆمەڵێك تاوانی دیکەی لە مێژووی پڕ لە تاوان و شوورەیی خۆیدا خولقاند و بنکەکانی حیزبی دێموکرات و بنەماڵەکانی پەنابەرانی ڕۆژهەڵات لە شاری کۆیەی باشووری کوردستانی دایە بەر هێرشی مووشەکی بالێستیک. لە ئاکامی ئەو هێرشە تیرۆریستییەدا بەداخەوە ١٦ کەس شەهید و نزیک بە ٤٠ کەسیش بریندار بوون کە لە نێویاندا چەندین ژن و منداڵیش وە بەرچاو دەکەوت کە نیشانی دەدا بۆ کۆماری ئیسلامی جیاوازییەک لە نێو تێکۆشەرانی سیاسیی کورد و ژن و منداڵ و خەڵکی ئاسایی کورددا نیە و هەموو تاکێکی کورد وەکوو دوژمن  سەیر دەکات.

    هاوکات و لە درێژەی تاوانکارییەکانی کۆماری ئیسلامی نێوخۆی وڵاتیشدا ڕێژیم بە لەسێدارەدانی سێ زیندانیی سیاسیی شۆرشگێری سەر بە کۆمەڵە، دەری خست کە ئامانجی لەو تاوانه سامناکانه ئەوەیە کە نەتەوەی سەربەرزی کورد بە چۆکدا بێنی و بە خولقاندنی کەشی ترس و تۆقاندن لە کوردستان و لەو ڕێگەیەشەوە چاوترسێنکردنی خەڵکی ئێران و هەموو ناوچەکە، لە هێزی سەربازیی کاولکەری خۆی بۆ خولقاندنی جینایەت و تاوانی دژە مرۆیی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی کەڵک وەربگرێت.

    کۆماری ئیسلامی بەو كۆمەڵە تاوانە قیزەونه پێی وابوو خەڵک و خەباتکارانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان چاوترسێن دەکات و ڕەوتی خەبات تووشی ڕاوەستان و نسکۆ دەبێت، بەڵام نەک هەر ئەو خەونەی بەدی نەهات، بەڵکوو یەکگرتوویی و ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی خەڵک و ڕێکخراوە خەباتگێڕەکانی کوردستانی پتەوتر کرد و ڕیسواییەکی بەربڵاوی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بۆ ڕێژیم بە دوای خۆیدا هێنا کە ڕێژیم چاوەڕێی نەدەکرد.

    هەر لەو پێوەندییەدا ڕۆژی ٢١ی خەرمانان، خەڵکی کوردستان لە هەڵوێستێکی شۆڕشگێڕانە و نیشتمانپەروەرانەدا بە شێوەیەکی بەربڵاو دەستیان دایە مانگرتن و دووکان و بازارەکانیان داخست. ئەو هەڵوێستە بۆ جارێکی دیکە بە ڕێژیمی سەلماند کە پێگەی ڕێکخراوە خەباتگێڕەکانی کوردستان لە نێو دڵی خەڵکی کوردستاندایە و بە لێدانی چەند بنکە و شەهیدکردنی ڕۆڵە خەباتکارەکانی

و لە سێدارەدانی چەند خەباتكار ، تۆزقاڵیک لە ڕەوایی و پێگە و هێزی بزووتنەوەی کوردستان کەم نابێتەوە و تەنیا ڕیسوایی و ئابڕووچوونی ڕێژیم لە چاوی هەموانەوە ئاشکراتر دەبێت.

    لە لایەکی دیکەوە دوابەدوای کارەساتی ١٧ی خەرمانان، شەپۆلێکی بەربڵاو لە پاڵپشتی و هاوسۆزی لەگەڵ حیزبي دێموکرات و کۆمەڵە و خەڵکی کوردستان لە ئاستی کوردستان و ئێران و هەموو ناوچەکە و هەروەها لە ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و تەنانەت لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لەسەر ئەو بابەتە کەوتە ڕێ کە بۆ ڕێژیم چاوەڕواننەکراو بوو و بوو بە پەڵەیەکی شەرم و شوورەیی و بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر بۆ ئەو ڕاستییە کە ڕێژیمی ئێران جێگەی متمانە نیە و بە پێچەوانەی بانگەشەکانی خۆی، ئامانج لە پەرەپیدانی توانای سەربازی و مووشەکیی ئەو ڕێژیمە، نەک بەرگری و خۆپاراستن، بەڵکوو هێرشکردن و تیرۆر و کۆمەڵکوژی و تۆقاندنە.

    کارەساتی ١٧ی خەرمانان ئەگەرچی ڕۆژێکی تاڵ لە بیرەوەریی نەتەوەی کورد و ئازادیخوازانی ئێران و جیهاندایە، بەڵام پەرچەکرداری شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان زۆر بە خێرایی هاوسەنگییەکەی پێچەوانە کردەوە و لە ئاستی نێوخۆ و دەرەوەدا شکست و سەرشۆڕییەکی گەورەی بۆ ڕێژیم تۆمار کرد و جارێکی دیکە سەلماندی کە یەکبوون و یەکگرتوویی ڕەمزی سەرکەوتنە و هێچ هێزێکی کاولکەر ناتوانێ ئیرادەی خەبات و یەکگرتوویی نەتەوەی کورد بە چۆکدا بێنێ.

    ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە سێهەمین ساڵیادی کارەساتی ١٧ی خەرمانان و سەرکەوتنی ئیرادەی خەڵکی کوردستان لە ٢١ی خەرماناندا، وێڕای نوێکردنەوەی پەیمان لەگەڵ شەهیدانی ئەو کارەساتە و هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، پێداگریی خۆی لەسەر بەردەوامبوونی رەوتی خەباتی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان ڕادەگەیەنیت و بەڵێن دەدات کە تا گەیشتن بە لووتکەی سەرکەوتنی یەکجاری، لە پێناوی مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران ماندوویی نەناسانە خەبات دەکات و لەو ڕێگا پیرۆزەدا لە هیچ گیانبازی و قوربانیدانێک سڵ ناکاتەوە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

١٧ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی