ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٨ی سێپتامبری ۲٠۲۱ی زایینی، کاتژمێر ۱۲:۳٠ نیوەڕۆ، بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی و مەحکووم ‌کردنی هێرشەکانی ڕێژیمی کۆماری ئێسلامیی ئێران بۆ سەر سنوورەکانی کوردستان، ژمارەیەکی بەر چاو لە ئەندام و لایەنگران ودۆستانی ھێز و لایەنە سیاسییەکانی ئەندام لە ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و ھەروەھا کۆمەلێک لە چالاکانی سیاسی کورد و فیدڕاسیۆنی کۆمەڵە کوردیەکان لە دانماڕک لە بەردەم باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری”کۆپێنھاگ” خۆپێشاندان و گردبوونەوەیەکی جەماوەریی بەرفراوان بەڕێوەچوو.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ” ئەی ڕەقیب” و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستیپێکرد.
پاشان لەلایەن بەرێوەبەری خۆپێشاندانەکە، کاک “ئەحمەد ڕەحمانی”، بەخێرهاتنی بەشدار بووانی خۆپێشاندانەکە کرا و مەبەستی سەرەکی ئەم خۆپێشاندانەی کەوتە بەرباس.
لە درێژەی بەڕێوەچوونی ئەم خۆپێشاندانەدا پەیامی ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە زمانەکانی کوردی، ئینگلیسی و فارسی لە لایەن کاک “عەلی وەتەمیشی”، کاک “حەتەم جەهانگیری” و کاک “وریا مەللاک”، نوێنەرانی حیزبەکانی ئەندام لە ناوەندی هاوکاریدا خوێندرایەوە.
پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران پەیامێک بوو لە ڕاستای ئەو پێشێلکاریانەی کە کۆماری ئیسلامی ماوەیەکە دژ بە پارت و ھێزو لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەستی پێکردووە. بە ئاماژە بەوەی کە ئەمە یەکەم جار نییە کۆماری ئیسلامی سەروەرییەکانی خاکی ھەرێمی کوردستان پێشێل دەکات، سنوورەکان دەبەزێنێ، دەکەوێتە هەڕەشە کردن لە گیان و ماڵ و سامانی خەڵکی مەدەنی و ھەروەھا ھەوڵدان بۆ ئاژاوە دروست کردن لە نێوان خەڵکی ئەم ناوچە سنووریانە و ھێزەکانی دژبەری خۆی، کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ئەم ٤٣ ساڵەی دەسەڵاتی خۆی دا پێناسەیەکی واقعی لە ماھییەتی خۆی کردووە کە جگە لە زمانی کوشتن و تیرۆر و تاوان بەرامبەر بە مرۆڤایەتی ھیچی تر نازانێ و بۆیە کەوتۆتە نێو قەیران و ناسەقامگیری ناوچەیی و جیھانی.
ئەم پەلامار و ھێرشانەی کە ماوەیەکە بۆ سەر ھێز و لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە ناوچە سنووریەکان دەستی پێکردووە درێژەی ھەمان سیاسەتی دوژمنکارانەی خۆیەتی بەرامبەر بە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان. بەڵام ئەوەی کە لە مێژووی ئەم ٤٣ ساڵەدا خوێندنەوەو لێکدانەوەیەکی واقعی بۆ دەکرێ نە ئەو جۆرە فشار و ھێرش و پەلامارانە بۆ سەر بنکە و بارگا و کەمپەکانی ھێزە شۆڕشگێڕەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان کاریگەری نەرێنی نەبووە، بەڵکو کاریگەری ئەرێنی بەسەر ورە و باوەڕی ئەم ھیز و لایەنە سیاسییانە ڕۆژھەڵاتی کوردستانەوە ھەبووە و مەکۆی خەباتی قایمتر و پتەو تر کردوون. لە پەیامی ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کورستانی ئێراندا ئاماژە بە قەیرانە ناوخۆییەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران کرا بوو، لە ماوەی ئەم ٤٣ ساڵەی دەسەڵاتی خۆی دا ھەرگیز بە دوا چارەسەرێکی مەنتقی دا نەبووە بۆ ئەم قەیرانانە و بە خۆ دزینەوە ویستوویەتی ئەم باروودۆخەی پەردەپۆش بکات. تادی کۆماری ئیسلامی لەبەر چاوی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و جیھانی لە ھەمبەر ئەو کارانەی خۆی کە کارنامەیەکی ڕەشن بە نێوچاوانی دەسەڵاتی ئەم چوار دەیە لە دەسەڵاتی خۆی.
ئێستا کۆماری ئیسلامی ئێران لە ھەموو کاتێک زیاتر کەوتۆتە ژێر گوشاری کۆمەڵگای نێو نەتەوەیی بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و زیاتر دەست تێوەردان لە وڵاتانی دەورووبەروو پابەند نەبوون بە ڕێکەوتنامە ئەتۆمیەکەی. کۆماری ئیسلامی بۆ شاردنەوەی ھەموو ئەو قەیرانە ناوخۆیی و جیھانیانە دەیەوێ زمانی فشار و ھێرش و پەلامار بەکاربێنێ.
دوا بەشی پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران مەحکوم کردنی ئەو هەڕەشە و هێرشانەی رێژیمی کۆماری ئیسلامی بوو. ھەروەھا داوای لە بیروڕای گشتیی خەڵکی کوردستان، ئازادیخوازان، هێز و لایەنە سیاسییەکانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وڵاتی عێراق و کومەڵگای نێودەوڵەتی دەکات لە ئاست ئەم ھەڕەشە و فشارانە بێدەنگ نەبن و سنوورێک بۆ ئەو زیادەڕۆیی و پێشێلکاریەکانی رژێمی جمهووری ئیسلامی دابنێن و هەڵوێستی شیاوی خۆیان بەکردار بکەن و لە بەرامبەر ئەو پێشێلکاریانەی کۆماری ئیسلامی دا بوەستنەوە.
لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا پەیامی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان و نوێنەرایەتیی ڕۆشنبیرانی کورد لە دانمارک پێشکەش کران.
ئەوەی شایانی باسە لە درێژەی ئەم خۆپێشاندانەدا چەندین دروشمی کوردی، فارسی و دانماڕکی لە لایەن بەڕێوەبەری ئەم خۆپێشاندانە و بەشدارانەوە خوێندرانەوە و سرودە شۆڕشگێڕیەکان ھێندەی تر حەماسەتیان خستە ناو دڵی بەشدارانی خۆپێشاندانەکە.
دوا بابەتی ئەم خۆپێشاندان و گردبوونەوە جەماوەریە چەند وتەیەک بوو لە لایەن کاک “سلێمان کەڵەشی” بە نوێنەرایەتی ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سپاسی بێ پایانی ئەو خەڵکەی کرد کە لە ڕێگای دوور و نیزیکەوە ھاتوون بۆ بەشداری کردن لەم خۆپێشاندانەدا، لە ھەمان کاتیش دا بەڕێزیان تەئکیدی لە سەر تەبایی و گیانی ھاوکاریی ھیز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران کرد و ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانی بە ھەنگاوێکی باشزانی و ھیوای ئەوەی خواست کە ھەرچی زیاتر کار بکرێ بۆ یەکیەتیی و گیانی تەبایی ھێز و لایەنە سیاسیەکان کە ببێتە وڵامدەری خواستەکانی خەڵکی کورد بە گشتی و خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بە تایبەتی.

ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
دانماڕک