دوایین تیشکی هەتاوی ئێواران ئاماژە بەو رێگایە دەکات کە دەمەوێت بینووسم. خشەخشی گەڵاکان لە ژێر هەنگاوەکانمدا دەڵێن، لێگەڕێ با بکەوێتە خوارەوە، ئەوە ئەو کاتەیە کە رێگای ئازادی دەدۆزمەوە. قەت لە مردن نەترساوم، تەنانەت ئێستاش کە لە نزیکمەوەیەء زۆر بە گەرمی هەستی پێ دەکەم، بۆنی دەکەمء دەیناسمەوە، چونکە ئاشنای دێرینی منە.

 

لە شاری کرماشان ژیانم دەسپێکرد، ئەو شوێنەی کە بە گەورەیی لەسەر زمانی هاونیشتمانەکانمە، ئەو شوێنەی کە لانکەی شارستانیەتە، لەوێدا هەستم بە ستەم لە بەرانبەر منی تاکء کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا کرد. بۆ بەرپرچدانەوە بەو ستەمانە هەزاران رێچکە بە بیرمدا هات، بەڵام ئەوندە رەوشەکەیان ئاستەنگ کردبوو بۆ دۆزینەوەی شۆناسی خۆم کە لێی بێبەری کرابووم، منی بۆ دەرەوەی سنوورە دەستکردەکان راکێشاو بووم بە پێشمەرگەی کۆمەڵە.

 

هاوڕێ ئێحسان فەتاحیان ساڵی 1361ی هەتاوی لە کۆشی بنەماڵەیەکی مامناوەندی لە شاری کرماشان لە دایک بوو. دەورەی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی هەر لەو شارە تەواو کردوو توانی تا دووهەمی دەبیرستان درێژە بە خوێندن بدا. بەڵام هاوڕێ ئێحسان لەوە زیاتر نەیتوانی درێژە بو خوێندن بداتء بۆ ماوەیەک بوو بە شوفێر و خەریکی کارکردن بوو. هاوڕێ ئێحسان فەتاحیان سەر بەو نەسڵە لە تێکۆشەرانء خەباتکارانی لاوی کوردستان بوو کە هەستی بە کێشەو ناعەداڵەتیەکانی کۆمەڵگا کردبوو وە بەردەوام بیری لە چارەسەر کردنی ئەو کێشانە دەکردەوە، کە هۆکارەکەشی بە کردەوەی نادرووستی رژیمی کۆماری ئیسلامی دەزانی. هەر بۆیە بۆ درێژەدان بە خەباتی نەپساوەی گەلی کوردء بەشداری لە بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستانء هەر وەها بۆ بەرپرچدانەوەی سیاسەتە دژە ئینسانیەکانی رژیمی کۆماری ئیسلامی رێبازی کۆمەڵەی هەڵبژاردوو هەموو ئاواتء هیواکانی بە کۆمەڵەوە گرێدا. هاوڕێ ئێحسان لە 26ی رێبەندانی ساڵی 1385ی هەتاوی دوای تێپەڕکردنی سەرکەوتووانەی دەورەی سیاسی نیزامی فێرگەی پێشمەرگایەتی کۆمەڵە رەسمەن بە ریزەکانی کۆمەڵە پەیوەست بوو. ئەم هاوڕێ خۆشەویستەمان تەمەنێکی کەمی پێشمەرگایەتی پڕ لە ئەزموونی تێپەڕکردوو لەو ماوەیەدا سیمایەکی خۆشەویستء لەبەردڵان بوو. هاوڕێیەکی خۆشەویست بوو کە بە هۆی ورەی بەرزو هەڵسووکەوتی شۆڕشگێڕانەیەوە، لە ناو دڵی هاوڕێیانیدا جێگەی رێز بوو. هاوڕێ ئێحسان لە ژیاننامەکەیدا کە بۆ هاوڕێیانی کۆمەڵە نوسیبووی، راشکاوانە رایگەیاندبوو کە بڕوای قووڵی بە خەبات هەیە، بۆیە دەیەوێت لە رێگەی تێکۆشان لە ریزەکانی کۆمەڵەدا، خزمەتێک بە هەژارانی کوردستانء نەتەوەی کورد بکات. بەڵێ ئەمە هەستء بڕوای لاوێکی تازە پێگەیشتووی کوردستان لە کرماشانە، کە بڕیاریدا بە ئەو پەڕی فیداکاریەوە بۆ بەرگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بەرانبەر زوڵمء زۆرداری رژیمی دژە ئازادی کۆماری ئیسلامی رابوەستێت. هاوڕێ ئێحسانی فەتاحیان کە لە لایەن کۆمەڵەوە بۆ مەئمووریەتێکی تەشکیلاتی نێردراو بووەوە لە رێکەوتی 25ی پووشپەڕی ساڵی 1387ی هەتاوی لە شاری کامیاران لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی رژیم دەستبەسەر کراو روانەی زیندانی ئەو شارە کرا. ئێحسان سەرەتا بۆ ماوەی سێ مانگ لە ژێر سەختترین ئەشکەنجەی هێزەکانی رژیم لە ژووری تاکەکەسیدا راگیرا، بەڵام بەکرێگیراوانی رژیمی کۆماری ئیسلامی نەیانتوانی ورەی خەباتکارانەی ئەو هاوڕێ تیکۆشەرء خۆڕاگرە بە چۆک دابدەن. سەرەتا لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە بە سەرۆکایەتی بابایی بە 10 ساڵ زیندانء دوورخستنەوە بۆ زیندانی شاری رامهۆرمۆز لە ئۆستانی خوزستان، مەحکووم کرا. رژیمی کۆماری ئیسلامی نیگەرانء سەرشۆڕ لەوەیکە هاوڕێ ئێحسان نهێنیەکانی تەشکیلاتی کۆمەڵەی نەدرکاند، ئەمجارەیان کەوتنە خۆ تا بەهەر شێوەیەک بووە تۆڵەی رقءقینی خۆیان لەم تێکۆشەرەی رێبازی کۆمەڵەء بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان بکەنەوە. دیسانەوە گوشارو ئەشکەنجە بۆ سەر هاوڕێ ئێحسان لە زیندان دەستی پێکردەوەو جەلادانی رژیم هەموو هەوڵەکانی خۆیان بۆ بە چۆک دادانی هاوڕێ ئێحسان خستە گەڕ، بەڵام ئەم هەوڵانە بێ ئاکام مایەوەو دیسانەوە ئێحسانی خۆڕاگرء قاییم وەک قەڵای راوەستاء بە ورەی بەرزی خۆی وەک هەموو مەیدانەکانی دیکەی خەبات دژی سەرەڕۆییء دیکتاتۆری، پاشەکشەی بە هێزەکانی رژیم کرد. بەڵام دەزگای قەزایی رژیم بە بێ لە بەرچاو گرتنی یاسا ئینسانیەکانء بە لە ژێر پێ خستنی هەموو بنەماکانی رێزگرتن لە مرۆڤ ، هاوڕێ ئێحسانی بە ئێعدام مەحکووم کرد. زیندان بۆ هاوڕێ ئێحسان ئەو مەیدانە بووکە ئەم هاوڕێ تێکۆشەرەمان زۆر بە خێراییء بە ئەوپەڕی بڕوا بە خۆبوونء بڕوا بە رزگاری بەشمەینەتانء سەرکەوتنی بزوتنەوەی رزگاریخوازانەی کوردستان توانی ورەی خەباتکارانە خۆی، بەسەر دوژمندا بسەپێنێت. هاوڕێ ئێحسان پێش ئێعدامکردنی نامەیەکی نووسی کە لەوێدا باس لەوە دەکات کە، ئەگەر دەسەڵاتداران و زۆروێژان پێیان وایە بە لە سێدارەدانم دەتوانن پرسی کورد بسڕنەوە دەبێ بڵێم خەیاڵتان خاوە. نە مەرگی من نە هەزاران وەک من ئەم برینەتان ساڕێژ ناکات و دڵنیا بن ئەم ئاگرە، بڵێسەدارتر دەبێت. راستە دەڵێن هەر مردنێک ئاماژەیە بۆ ژیانێکی دیکە. مەرگی ئیحسانیش ژیانێکی تازەی بە بزاڤی گەلەکەمان بەخشی. بە داخەوە سەرلە بەیانی رۆژی چوارشەممە 20ی خەزەڵوەری ساڵی 1388ی هەتاوی، زیندانی ناوەندی شاری سنە بوو بە شاهێدی جینایەتێکی گەورەء دژە مرۆیی لە لایەن رژیمی کۆماری ئیسلامیء خوڵقاندنی حەماسەیەکی گەورە لە لایەن سیمای خۆڕاگرو پێشمەرگەی فیداکارء جەسووری کۆمەڵە. ئیحسان فەتاحیان مێژوویەکی پڕشنگداری بۆ خۆیء بۆ کۆمەڵەء هەر وەها بزوتنەوەی رزگاریخوازانەی کوردستان تۆمار کردوو بە مەرگی سوورو سەربەرزانە، سەری بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان بەرز راگرت. رژیمی کۆماری ئیسلامی توانی ئەو هاوڕێ خۆشەویستء تێکۆشەرە لە ئێمەء بنەماڵەکەیء هەموو خەڵکی کوردستان بسێنێتەوە، بەڵام بۆ جارێکی دیکە ئەو ئاواتەی لە گۆڕنا کە تەسلیم بوونء سەردانەواندن لە سیمای پێشمەرگەی کۆمەڵەدا ببینێتەوە.

بە درێژەدان بە رێگای هاوڕێ ئێحسانی فەتاحیان رێز لە یادی ئازیزء هەمیشە زیندووی دەگرێن