وەفدێكی پارتی یەكێتی دیموكراتی (پەیەدە) سەردانی ناوەندی سەركردایەتی كۆمەڵەیان كردو لەلایەن ئەندامانی كومیتەی ناوەندی كۆمەڵەوە پێشوازییان لێكرا.
رۆژی سێشەممە 18ی نۆڤامبر وەفدێكی پەیەدە بە سەرپەرستی غەریب حەسۆ نوێنەری پەیەدە لە هەرێمی كوردستان و هەروەها نۆژین یوسف نوێنەری ژنانی پەیەدە لە سلێمانی، دیار قامیشلۆ نوێنەری پەیەدە لە سلێمانی و حاجی عەفرینی بەرپرسی راگەیاندنی پەیەدە لە سلێمانی سەردانی ناوەندی سەركردایەتی كۆمەڵەیان كرد و لە لایەن هاورێ عومەر ئیلخانیزادە سكرتێری گشتی كۆمەڵە، فەریبا محەمەدی ئەندامی دەستەی كارگێری، جۆبرەییل رۆستەمی ئەندامی كومیتەی ناوەندی و محەمەد فەرهاد زادە ئەندامی كۆمیسیۆنی پەیوەندیەكانی كۆمەڵە پێشوازیان لێكرا.

لەم دیدارە باس لە خەبات و خۆراگری خەڵكی رۆژئاوای كوردستان و بە تایبەت كۆبانی كرا كە ئەمرۆ وەك رەمزی بەرخۆدان و خۆراگری گەلی كورد لە جیهاندا ناسراوە.  لە هەمانكاتیش هەلومەرجی ناوچەكە و دۆخی كورد درایە بەر باس.

هەر دوو جەختیان لە سەر هاوكاری و یەكتر نزیك بوونەوەی هەموو هێزە سیاسیە كوردەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان كرد تا بە یەكگرتوویی و یەكریزی زیاتر بتوانن پرسی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بەرەو ئاراستەیەكی دروست ببەن. لە هەمانكاتیش هەر دوو لا لە سەر هاوكاری و پەیوەندی چروپڕی پەیەدە و كۆمەڵە كرد.