دوشەممە 20ی مەی 2013، له‌نوسینگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌هاوینه‌هه‌واری‌ پیرمام، به‌ئاماده‌بونی 39 لایه‌نی سیاسیی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان كۆبونه‌وه‌یه‌ك بۆ باسكردنی هه‌نگاوه‌كانی به‌ستنی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد كراو تیایدا 21 كه‌س (5 له‌رۆژهه‌ڵات‌و 5 له‌باشورو 6 له‌باكور‌و 4 له‌رۆژئاوای‌ كوردستان‌و كه‌سێكیش له‌كه‌نه‌كه‌) وه‌ك كۆمیته‌ی ئاماده‌كاری راسپێردرا بۆ ئاماده‌كردنی‌ رێ‌‌و شوێنی‌ به‌ستنی‌ كۆنگره‌كه‌، هاوڕێ عومه‌ری‌ ئیلخانیزاده‌ سكرتێری‌ گشتی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ زه‌حمه‌تكێشانی‌ كوردستان یه‌كێك بو له‌ئاماده‌بوانی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌، ئاوێنه‌ ئه‌م گفتوگۆیه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ سازكرد.

ئاوێنه‌: ماوه‌یه‌كی زۆره‌ قسه‌ له‌سه‌ر كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كرێت به‌ڵام هیچ هه‌نگاوێكی عه‌مه‌لی بۆ نه‌نراوه‌، به‌بڕوای تۆ له‌م ساته‌وه‌خه‌تدا كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم نامه‌یه‌ك ئاڕاسته‌ی لایه‌نه‌كان ده‌كات بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌وه‌، چی هانده‌ر‌و بزوێنه‌ری‌ بوه‌؟
ئیلخانیزاده‌: له‌ڕاستیدا له‌كۆتاییه‌كانی حه‌فتاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوه‌وه‌ ئه‌و باسه‌ دێت‌و ده‌چێت، به‌ڵام كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌بو حیزبه‌كانی پارچه‌كانی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ رێكنه‌ده‌كه‌وتن كه‌ چۆن بێت، به‌ڵام ئێستا هه‌لومه‌رجێك هاتۆته‌ پێشێ، له‌باكورو رۆژئاواو به‌گشتی له‌ناوچه‌كه‌دا ئه‌وه‌ بۆته‌ هانده‌ر.

ئاوێنه‌: له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ی دوێنێدا زیاتر جه‌غت له‌سه‌ر چی‌ كرایه‌وه‌؟
ئیلخانیزاده‌: له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا جه‌غت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ ده‌بێت كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی ببه‌سترێت‌و سه‌ركه‌وتوبێت‌و هه‌مو لایه‌نی‌ پارچه‌كانی كوردستان تێیدا به‌شداربن‌و په‌یامی ئاشتیخوازانه‌ی گه‌لی كورد به‌نه‌ته‌وه‌كانی تر  بگه‌یه‌نرێت كه‌ ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وان به‌ئاشتی‌‌و برایه‌تی‌ بژین، دیاره‌ له‌سه‌ر ئه‌مه‌ قسه‌و گفتوگۆ هه‌بو.

ئاوێنه‌: واته‌ رای جیاواز هه‌بو؟
ئیلخانیزاده‌: به‌ڵێ رای جیاواز هه‌بو، زیاتر جه‌غت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ ناتوانین هه‌ر بڵێین خه‌باتی كوردی به‌ئاشتی ده‌كرێت، چونكه‌ ئێمه‌ لایه‌كین‌و لایه‌كانی تر داگیركه‌رانی كوردستانن مومكینه‌ ئه‌وه‌ نه‌كه‌ن، كه‌ ئه‌وه‌ش گونجێنرا به‌چه‌شنێك، له‌راگه‌یاندنێكی كۆتایدا.
ئاوێنه‌: زیاتر جیاوازییه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌بو كه‌ هه‌ندێك لایه‌ن پێیانباشبو خه‌باتی چه‌كداری درێژه‌ پێبدرێت؟
ئیلخانیزاده‌: به‌ڵێ ته‌ئكید له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرایه‌وه‌و به‌زۆری شته‌كه‌ چوه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌رگیز كورد ده‌ستپێشخه‌ری خه‌باتی چه‌كداری نه‌كردوه‌، به‌ڵكو بۆ به‌رگریكردن له‌خۆی بوه‌‌و ره‌وایه‌و هه‌قه‌ خه‌باتی پێشمه‌رگانه‌و چه‌كداری ره‌تنه‌كرێته‌وه‌، هه‌تا به‌ته‌واوی چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی كورد ده‌كرێت، كه‌ كورد خوازیاری چاره‌سه‌رێكی دیموكراسی‌‌و سیاسیه‌.

ئاوێنه‌: ئه‌مه‌ زیاتر رای كێ بو، كه‌ پێویسته‌ خه‌باتی چه‌كداری ره‌تنه‌كرێته‌وه‌؟
ئیلخانیزاده‌: ئێمه‌ حیزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان هه‌م دیموكرات‌و هه‌م كۆمه‌ڵه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ پێداگریمان كرد، له‌دوایشدا باقی حیزبه‌كانی تر وتیان ئه‌وه‌ مافی ره‌وای گه‌لی كورده‌و ته‌نانه‌ت سه‌رۆكی‌ هه‌رێم “كاك مه‌سعود” له‌كۆتایدا قسه‌ی كرد‌و وتی: ئێمه‌ ده‌ڵێین ئاشتیمان ده‌وێت، به‌ڵام ئاشتی به‌خۆشی به‌ده‌ستنایه‌ت، ئێمه‌ داوای‌ ئاشتی ده‌كه‌ین‌و له‌وه‌ ماندو نابین، به‌ڵام خۆ چه‌كیش له‌شانی خۆمان داناماڵین.

ئاوێنه‌: واته‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم باسی‌ له‌پێویستی‌ چه‌كدانان‌و وازهێنان له‌خه‌باتی‌ چه‌كداریی‌ نه‌كرد؟
ئیلخانیزاده‌: نه‌خێر وای نه‌گوت، نه‌زه‌ری ئه‌وه‌بو ئێمه‌ له‌هه‌مانكاتدا كه‌ ده‌مانه‌وێت به‌ئاشتی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد بكرێت، به‌ڵام مانای‌ ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ كورد ده‌بێت چه‌ك دابنێت‌و چه‌ك له‌شانی داماڵێت.

ئاوێنه‌: ئایا كاتێكتان دیاریكرد بۆ ئه‌وه‌ی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی ببه‌سترێت؟
ئیلخانیزاده‌: قسه‌ش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كراو ئه‌م كاره‌ به‌و 21 یه‌ك كه‌سه‌ سپێردرا كه‌ وه‌ك كۆمیته‌ی‌ ئاماده‌كار ده‌ستنیشانكران‌و رای جیاوازیش له‌وباره‌یه‌وه‌ هه‌بو، هه‌ندێك پێیانوابو كه‌ ده‌بێت زو بكرێت‌و هه‌ندێكیش باسیان له‌وه‌ ده‌كرد كه‌ ده‌بێت ئاماده‌سازی تری بۆ بكرێت‌و كاری باشتر بكرێت.

ئاوێنه‌: ئایا ئێوه‌ ده‌تانه‌وێت ناوه‌ندێكی‌ هاوشێوه‌ی‌ “جامیعه‌ی عه‌ره‌بی” دروستبكه‌ن؟
ئیلخانیزاده‌: به‌ڵی پێموایه‌ كه‌ له‌وه‌ش زیاتر‌و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتتر‌و دامه‌زراوه‌ی‌ زیاتری‌ هه‌بێت‌و به‌رده‌وام بێت.

ئاوێنه‌: ئه‌ی هه‌نگاوی عه‌مه‌لی بۆ خستنه‌ سه‌رپێی‌ ئه‌وه‌ چییه‌؟
ئیلخانیزاده‌: هه‌نگاوی عه‌مه‌لی بۆ ئه‌وه‌ كۆمیته‌ی ئاماده‌كاری دایده‌نێن‌و دواتریش ده‌ستده‌كرێت به‌نوسینی په‌یڕه‌وی ناوخۆو دیاریكردنی‌ ئیداره‌و دامه‌زراوه‌كانی‌‌و پاشان كۆنگره‌ ده‌به‌سترێت‌و بڕیار ده‌دات.

ئاوێنه‌: ئایا له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ی‌ دوێنێدا باسی ده‌وڵه‌تی كوردی كرا؟
ئیلخانیزاده‌: باسی مافی چاره‌ی خۆنوسین كرا، به‌ڵام به‌تایبه‌تی باسی‌ ده‌وڵه‌تی كوردی نه‌خێر له‌م كۆبونه‌وه‌یه‌دا باس نه‌كرا.

ئاوێنه‌: ئه‌ی میكانیزمێك بۆ په‌یوه‌ندی نێوان پارچه‌كان دۆزرایه‌وه‌؟
ئیلخانیزاده‌: به‌ڵی ته‌ئكید له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ هه‌ر ده‌ستێك بیه‌وێت شه‌ڕی براكوژی بكاو له‌ناوخۆدا ده‌ست به‌رێت بۆ چه‌ك ده‌بێت ببڕرێت، له‌ناوخۆدا ده‌بێت ئاشتی‌و ته‌بایی‌و هاوپشتی‌و هاوكاری بهێنینه‌ ناو هه‌مو پارت‌و پارچه‌كانی كوردستان، به‌جیاوازی بیروباوه‌ڕو ئایدۆلۆژیاوه‌.