بێره‌وه‌ ئاسمان جڵه‌وته‌ ئه‌سپی ژێرت مه‌شخه‌ڵه‌

باڵگره‌ تیژڕه‌وه‌ به‌هه‌سته‌ سوره‌ سواری كۆمه‌ڵه‌

زووكه‌ سه‌رنگه‌ر ئاوه‌دانكه‌ رنجده‌ری ماندوونه‌ناس

ئاره‌قه‌ت بۆ نۆبه‌ره‌ی نان بۆته‌ بارانی په‌ڵه‌

رابه‌ نه‌فره‌ت كه‌ له‌مه‌رگ‌و هه‌سته‌وه‌ بۆكارو ره‌نج

كه‌ی وره‌ی ئینسانی كارگه‌ر ئاسه‌واری كۆته‌ڵه‌

شۆڕشه‌ هه‌سته‌ له‌ بۆسه‌وه‌‌و له‌مپه‌ری رێ سڵ مه‌كه‌

شۆڕش‌و گیانبازی زاده‌‌و خه‌سڵه‌تی وه‌ك تۆی كه‌ڵه‌

خۆر له‌ئامێزبگره‌ ئاسۆی به‌نده‌نان ئاخێز مه‌كه‌

مه‌شخه‌ڵان كوا جێ هه‌واری ته‌متومان‌و دووكه‌ڵه‌

دێ به‌دێ پێشمه‌رگه‌یه‌‌و شاری له‌سه‌نگه‌ر گرتوه‌

جێژه‌نی ئه‌و ئاگره‌ سوره‌ واله‌سه‌ر تۆ ماتڵه‌

ده‌ركه‌وه‌ نم نم ببارێ سه‌وزیكه‌ مه‌زرای گه‌نم

نان‌و هه‌رزانی به‌هایان ره‌نگی تۆی تیا تێكه‌ڵه‌

بێره‌وه‌ جوانوی له‌به‌فرا كوڕژن‌و چوارپه‌ل ته‌زیو

پۆله‌ ئه‌ستێره‌ی كه‌نارگرتووی به‌ دوای نوردا ته‌ریو

باسكی پاڵه‌ی له‌كارو كێڵگه‌دا ره‌ش هه‌ڵگه‌ڕاو

روندوكی گوندی له‌ مستی خاك به‌زۆر راگوێزكراو

تاوه‌ڵ‌و ره‌شماڵی ره‌وه‌ندی بێ هه‌واری گه‌رمه‌سێر

ژیله‌مۆی گڕكانی هه‌ڵچووی ژانی ئینسانی بوێر

به‌ژنی لوتكه‌ی هه‌ڵكشاوی زۆر سه‌رو به‌ژنی هه‌تاو

مارشی كۆمۆنه‌ی گه‌روی خۆری شه‌وی ئه‌نگوسته‌چاو

سواری زریان به‌ بڕو چه‌خماخه‌ده‌ پێش با كه‌وه‌

بێ هه‌ژێنه‌ شه‌نگه‌باڵای كاك فوادم سه‌ربه‌وه‌

ده‌ركه‌وه‌ هۆبه‌ به‌ هۆبه‌ به‌رده‌بازی رێگه‌تن

ره‌نجده‌رن خه‌ڵكی هه‌ژارن كارگه‌ری به‌شمه‌ینه‌تن

بێره‌وه‌ ئاسمان جڵه‌وته‌ ئه‌سپی ژێرت مه‌شخه‌ڵه‌

باڵگره‌ تیژڕه‌وه‌ به‌هه‌سته‌

سوره‌ سواری

كۆمه‌ڵه‌