و: بێهروز مەلەکشا

بە پێی مێژوو، لەشفرۆشی خاون پێشینەیەکی کۆنە لەنێو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیداو دەگەڕێتەوە بۆ دەسپێکی شارنشینی‌و شارستانی‌یەت. ئەم دیاردەیە کەم‌و زۆرو سەرەڕای کەندو کۆسپە کۆمەڵایەتی‌و ئایینیەکان، لە سەرجەم وڵاتەکانی جیهان لە ئارادا بووەو هەیە. لە زۆربەی وڵاتە کۆنەکانی دنیاو لەوانە فینیقیەو بابل‌و هیند، لەشفرۆشی لە چوارچێوەی ئاییندا پاساو دەکرا. بەم واتایە کە لەشفرۆشی بەشێک لە رێ‌و ڕەسمی ئایینی ئەم نەتەوانە بووە. بۆ نموونە ئەرکی سەرجەم کچەکانی پەرستگەکانی بابل بووە کە لانی کەم جارێک بەر لە هاوسەرگیری، لەشفرۆشی بکەن. بە وتەی مێژوونووسان کچەکان لە بابلدا، بە داهاتێک کە لەم رێگاوە دەستیان دەکەوت، جەهازیان دەکڕی.
لەو باسانەدا کە پەیوەندیی بە کۆمەڵناسیی لادانەکانەوە هەیە، لەشفرۆشی بە کردەوەیەکی جینسی دەگوترێت کە تەنیا ئامانجەکەی بە دەستهێنانی داهاتی مادییەو چێژە جینسییەکەی یەک لایەنەیە. کۆمەڵناسان، هەژاری‌و برسێتی، بارهێنانی هەڵەی بنەماڵە، بێکاری، هەلومەرجی ئابووری، کۆچ، نەخوێندەاری، تووشبوون بە مادە سڕکەرەکان، تەڵاق‌و کێشەکانی بنەماڵە، بە هۆکارەکانی لەشفرۆشی دەزانن.

دەروونناسانیش هۆکاری لەشفرۆشی تەنیا بە کێشە کۆمەڵایەتییەکانەوە نابەستنەوەو هۆکارە دەروونییەکان‌و لەوانە فرە خوازی، لاواز بوونی شوناسی ئەخلاقی‌و کێشەی شوناس‌ لەم کارەدا بە گرنگ دەزانن. پێویستە لە نێوان لەشفرۆشی‌و باسی ” بێ موبالاتی جینسی”دا جیاوازییەک دابنرێت.
بێ موبالاتی جینسی چەشنێک لە کردەوەی جینسی‌یە کە باوە کۆمەڵایەتییەکان‌، داب‌و نەریتەکان‌و بایەخە پەیوەندیدارەکانی، دیاری نەکرا بێت. دوو چەمکی “لەشفرۆشی” و “بێ موبالاتی جینسی” خاون هۆکاری جیاوازن.
لەشفرۆشی زۆرتر لە ” هەژاریی مادی”ەوە سەرچاوە دەگرێ. واتە ئەو ژنانەی کە بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانیان تووشی کێشە هاتوون، بە ناچارو بۆ دابین کردنی بژیوی ژیان‌و بە شێوەی “نەخوازراو” و “بە ناچار”  تووشی ئەم لادانە دەبن. بەڵام بێ موبالاتی جینسی زۆرتر لە “هەژاریی مەعنەوی” یەوە سەرچاوە دەگرێ، لەم حاڵەتەدا داب‌و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان لەلای کەسی لادەر بێ بایەخەو لە سەر ئەساسی تایبەتمەندی‌یە چێژخوازانەکان، تەنیا بە دووی چێژی جینسیدایە. هۆکارگەلێکی دیکەو لەوانە قبووڵ نەکردنی کۆمەڵگەو کێشە دەروونی‌یەکانیش لەم بوارەدا گرینگن.

هەرچەند کە هەژاریی فەرهەنگیش دەورو کاریگەری هەیە لە سەرهەڵدانی دیاردەی لەشفرۆشی، بەڵام کۆمەڵناسان زۆرتر لە هەژاریی ئابووریدا بە دووی هۆکارەکەیدا دەگەڕێن. پسپۆڕان‌و کارناسانی ئەم بوارە لەو باوەڕەدان کە هەژاری گرنگترین هۆکاری سەرهەڵدانی ئەم بازرگانی‌یەیە لە دنیا. ئامارەکان دەریدەخەن کە زیاتر لە ٧٠ لە سەدی خەڵکی هەژاری دنیا ژنان‌و کچانن کە زۆرتریان لە وڵاتانی روو لە گەشەدا دەژین. هەندێ لە کچانی سەر شەقامیش لە بەر هۆکاری تایبەت‌و لەوانە تۆڵە سەندنەوە لە کۆمەڵگا لەشفرۆشی دەکەن. تووشبوونی ژنانیش بە مادە سڕکەرەکان کە لەم ساڵانەی دواییدا زۆر باوەو پەرەی سەندووە، لە سەرەکیترین هۆکارەکانی لەشفرۆشی ژنانە. سازمانی تەندروستی ئێران بە پێی لێکۆڵینەوەیەک رایگەیاندووە کە ٧٠ لە سەدی ژنانی خەسار دیتوو کە لە ناوەندەکانی بازپەروەریدا بە سەر دەبەن، بە هۆی کێشەو گرفتی خێزانی‌یەوە تووشی لادان هاتوون. بە پێی ئەم ئامارە ٥٠ لە سەدی ژنانی سەرشەقام تووشی کێشەی دەروونین کە بە دەرمان چارەسەر دەکرێ‌و نزیک بە ١٠ لە سەدیان تووشبووی مادە سڕکەرەکانن‌و کەمتر لە ٥ لە سەدیان تووشبووی hiv ین‌و هەندێکیشیان هێپاتیتیان هەیە.

 

روانگەی کۆمەڵایەتی سەبارەت بە لەشفرۆشی لە کۆمەڵگای ئێراندا
سەرجەم خەڵکی ئێران روانگەیەکی باشیان نییە لە ئاست کەسانێک کە لەشفرۆشیان پێ دەگوترێت. خەڵک بە گشتی لەم کەسانە دوورەپەرێزی دەکەن‌و لە ئەگەری نیشتەجێ بوونی ژنێکی لەشفرۆش لە نزیک ماڵەکانیان، بە خێرایی ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕن‌و بە کۆ کردنەوەی شایەتی گەڕەک خوازیاری دەرکردنی ئەم کەسانەن لە شوێنی نیشتەجێ بوونیان. هەر بەو جۆرە کە ئاماژەمان پێ دا یەکێک لەو گرفتانەش کە ژنانی سەرشەقام لەگەڵی دەستەوئێخەن روانگەی خراپ‌و ناعادڵانەی کۆمەڵگایە لە ئاست ئەم دیاردەیە.
ئەگەر دەبینین کە لەشفرۆشی لە کۆمەڵگەی ئێمە لە ئارادایە، دەبێ بزانین کە هیچ کەس بێجگە خۆمان تاوانبار نییە. ئێمەین کە بە خوڵقاندنی کۆمەڵگەیەکی شەهوەت ڕان‌و هەوەسباز وەها گرفت‌و چەرمەسەری‌یەکمان بۆ خۆمان‌و هاووڵاتیان پێکهێناوە.

بۆ ساتێک بیر کەینەوەو وای دابنین کە خۆشەویستترین کەسەکانمان لە ڕیزی ئەم کەسانەدا بن. لەم جیهانە پڕ رەمزو رازەدا هیچ شتێک بێ ئەگەر نییە. ئەگەر ئەمڕۆ لە ماڵ دانیشتووین‌و هیچ کات گرفتێک وەکوو لەشفرۆشی بەربینگی پێ نەگرتووین‌و هەڕەشەی لە کەش‌و هەوای گەرمی خێزانیی نەکردووین، هیچ دوور نییە کە سبەی سووڕی گەردوون خۆشەویستترین کەسەکانمان تووشی لەشفرۆشی بکات.

ئەوەندە کورت بین نەبین. نابێ لە بیری کەین کە کاتێک کە فەسادو گەندەڵی دزە دەکاتە کۆمەڵگایەک، زۆر بە خێرایی گشت گیر دەبێتەوەو ئەو کاتەیە کە هیچ کەس لە هەڕەشەو خەسارەکانی بەدوور نییە. مەگەر ئەوانەی کە پێشتر راستی‌یە تاڵەکانیان ناسیوەو خۆیان بۆ بەرەنگاری‌و بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵیان تەیار کردووە.
دوو راستی دانەپۆشراو سەبارەت بە لەشفرۆشی بوونی هەیە. یەکەم ئەوەی کە لەشفرۆشی هۆکارێکی رووخێنەرو تێکدەرەو دەبێ شەڕی لەگەڵ بکرێ. لەشفرۆشی نەتەنیا زوڵم‌و ئازارە لە ئاست ژن، بەڵکوو دیاردەیەکە دژ بە پەسەندە کۆمەڵایەتی‌یەکان‌و کارناسان بۆ ڕاگەیشتن بە هەلومەرج‌و بارودۆخی ئەم کەسانە، بە هۆی یاسا جۆراوجۆرەکان‌و روانگە سوننەتی‌یەکان لە ئاست ئەم دیاردەو کەسانە، بەرەوڕووی کیشەو گرفتن. هەندێ لە کارناسان لەو باوەڕەدان کە دەبێ ئەم ژنانە یارمەتی بدرێن تاکوو بە شێوەیەک بەر بە پەرەسەندنی ئەم دیاردەیە بگیرێت، بەڵام هاوکات هەندێ تریش لەو باوەڕەدان کە هەر چەشنە یارمەتی‌یەک بەم کەسانە، هاندەرێکە بۆ درێژەدان بە کارو هەڵسووڕانی ئەم کەسانە.

دووهەم ئەوەی کە حسێبی ژنانی لەشفرۆش بە تەواوی جیا لە باقی تاوانبارانە، لە بەر ئەوەی کە مەبەستیان چێژ وەرگرتن لەم کارە نییە، بەڵکوو بە ناچار روویان هێناوەتە ئەم تاوانەو بەم بۆنەوە تاوانبارێکی بە بێ ئەنقەست دێنە ئەژمار. هەروەها نابێ ئەم ڕاستی‌یەش لە بەرچاو نەگیرێ کە تاوانباری سەرەکی لە ئاست ڕاکشانی کەسەکان بەرەو لەشفرۆشی، کۆمەڵگایە کە بە هەلومەرجی نالەباری خۆی ژنان‌و کچان بەرەو لەشفرۆشی هان دەدات.
بەم پێیە ڕێگا چارەیەکی دروست‌و ژیربێژانەو گونجاو بۆ خەبات لەگەڵ دیاردەی لەشفرۆشی، گۆڕینی روانگەیە لە ئاست ئەم دیاردەیە. پێویستە کە تاک بە تاکی ئێمە بە گشتی پێداچوونەوەمان بێت بە روانگەکانمان لە ئاست ئەم دیاردەیەو کەسانی لەشفرۆش بە کەسانێک نەزانین کە لە دەست دەرچوون، بەڵکوو بەو جۆرە سەیریان بکەین کە هێشتا دەتوانن چەشنێکی دیکە بن‌و جۆرێکی دیکە بژین.

ئەو کێشانەی لە مەڕ بابەتی لەشفرۆشی لە ئارادان:
کێشەی نەبوونی تیۆری جینسی لە ئێران
نەبوونی باسی جیدی‌ کارناسانە، نەگەڕان بە دووی هۆکارە بنەڕەتی‌‌و خەسارناسانەکانی ئەم دیاردەیە، بە هۆی فەرهەنگ‌و داب‌و نەریتەکان‌و روانگەی گشتیی کۆمەڵگاو هەروەها ئایین، لەو هۆکارانەن کە بەر بە خستنە بەر باسی ئەم چەشنە باسانە دەگرن.
کێشەی تر جینسی‌یەتی کردنەوەی مەسەلە جینسی‌یەکان لە ئێران
لە باسی لادانەکاندا تەنیا لە سەر کچان دەدوین‌و باسی کوڕان‌و پیاوان ناکەین کە ئەوانیش دەتوانن هۆکاری زۆربەی لادانەکان بن.
کێشەی تابۆ کردنی بابەتە جینسیەکان‌و فێرکارییەکان لەو بابەتەوە:
ئەنجامەکان دەریان خستووە کە منداڵ لە تەمەنی سێ تا شەش ساڵاندا، لەگەڵ دیاردەی کونجکۆڵی جینسی بەرەوڕوو ئەبێتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی کە هێنانە ئاراو باس کردنی دروست لە مەڕ بابەتە جینسییەکان لە وڵاتی ئێمەدا تابۆیەو زانیاری دروست لەم بارەوە بە منداڵ نادرێت‌، منداڵ لە تەمەنی مێرمنداڵیدا زانیاریەکانی لەم بابەتەوە لە سەرچاوەکانی‌ترەو دەست ئەخات. لێکۆڵینەوەکان دەریان خستووە کە گرتنی زانیاری لەم رێگاوە واتە سەرچاوەکانی‌تر، کەسەکان زیاتر ئەخاتە مەترسی لادان.
روانگەی یاسادانەر لە ئێران بۆ ئەم دیاردەیە روانگەی تاوانبارانەیە
روانگەی یاسادانەر لە ئێران بۆ ئەم دیاردەیە روانگەی تاوانبارانەیە. کردەوەی بەرانبەر ئەوەش بێ تاوانی‌و سڕینەوەی تاوانە، بەم واتایە کە لە هەندێک لە وڵاتاندا تاوان نییە. کردەوەیەکی مام ناوەندیش لە ئارادا نییە کە هاوکات لەگەڵ تاوان بوون بارودۆخێک پێک بێنێت تاکوو وەزعی ئەم ژنانەو موشتەرییەکانیان دۆخێکی مەترسیدار نەبێت.
ئەو وڵاتانەی کە لەشفرۆشی بە تاوان نازانن، لەو باوەڕەدان کە تا کاتێک کێشە ئابووری‌و کۆمەڵایەتییەکان لە وڵاتەکاندا بوونیان هەیەو ئەم خواستە لە ئارادایە، بە تاوان زانینی ئەم بابەتە ئەبێ بە هۆی ئەوەی کە لەشفرۆشی بکێشرێتە شوێنە گشتییەکان‌و بەم جۆرە ئەمنییەتی ژنان‌و پیاوان بکەوێتە مەترسییەوە. زۆربەی وڵاتان لەگەڵ بەفەرمی ناسینی لەشفرۆشی، شوێن‌و کات‌‌و یاسای تایبەتی بۆ دیاری دەکەن‌و لەشفرۆشی لە شوێنە گشتییەکاندا بە تاوان دادەنێن.

 

لەشفرۆشی‌و بۆشایی یاسایی
بە لێکدانەوەی بەندەکانی یاسای سزا گشتییەکان‌و یاسای سزا ئیسلامییەکان دەردەکەوێ کە دەزگای یاسادانەر لە یاسای سزا گشتییەکاندا، بە لە بەرچاوگرتنی بابەتی لەشفرۆشی‌و بۆچییەتی بە سزادانانی ئەم کردارە، دەستی داوەتە سڕینەوەی تاوان لەم بابەتە. بەڵام یاسادانەر لە یاسای سزا ئیسلامییەکاندا، یان بە گشتی ئەم بابەتەی لە بیر کردووەو لە کاتی پەسەندی یاسادا ئەم بابەتەی لە بەر چاو نەگرتووە، یان بیریان کردووتەوە کە بە هەبوونی سزاکانی حەدو هەروەها سزاکانی بەشی هەژدەهەم لە کتێبی پەنجەمی یاسای سزا ئیسلامییەکان، ئیترپێویست ناکات بەسزا زانینی سەربەخۆ لەم بارەوە ئەنجام بدرێت‌و هەموو چەمک‌ لایەنەکانی لەشفرۆشی ئەچنە خانەی ئەم دوو دەستە یاسایە. هەر ئەم لێکدانەوە هەڵەیە بۆتە هۆی پێکهێنانی بۆشایی یاسایی لەم بابەتەدا.

لە ئیراندا، ئەو سزایانەی لەئاست ئەم ژنانە بە کار ئەهێنرێ بریتین لە: ١. جێ‌بە جێ کردنی حەد کە بریتییە لە سەد قامچی، ٢. بەردباران کردن لە بابەتی تایبەتەدا. بێ گومان هیچ کام لەم سزایانە شێوەی مەدەنی‌و ئینسانیان نییەو لە روانگەی مافەکانی مرۆڤەوە، جۆرێک لە توندو تیژین‌و کۆمەڵگا پێویستیەتی کە بۆ کۆنترۆڵی ئەم دیاردەیە لە شێوەهایەکی تایبەتی‌تر کەڵک وەربگرێ. لەم ساڵانەی دواییدا، گڵاڵەگەلێک بۆ کۆنترۆڵی ئەم دیاردەیە لە ئارادا بووەو لەوانە “خانەهای سلامت” کە سەنتەری راگرتن‌و بەخێو کردنی ژنانی سەرشەقام‌و کچانی هەڵهاتووە کە هێشتاکە نەکووتوونە بازنەی فەسادەوە. هەروەها کانوونی ئیسلاح‌و تەربییەت‌و هەروەها پەرەپێدانی هاوسەرگیری کاتی لە کۆمەڵگا، لە پێشنیارەکانی‌ترە.
ئەوەی دیارە هیچ کام لەم سزاو رێکارانە ئەنجامێکی کاریگەریان نەبووەو بەس بە شێوەیەک هەوڵ دراوە بابەتەکە بسڕدرێتەوە.

مۆرک لێدان لە لایەن بەرپرسە قەزایی‌و ئەمنییەتیەکان بەو ژنانەی کە بە شێوەیەک تووشی ئەم بابەتە هاتوون، بۆ خۆی دەتوانێ کۆنتڕۆڵی بابەتەکە تووشی کێشە بکات، بۆیە پێویستە بەرپرسان، مودیریەتی ئینسانی‌و شیاویان هەبێ لە ئاست ئەم بابەتە.
لەم ساڵانەی دواییدا لە لایەن بەرپرسانەوە سەرنج دراوەتە ئەم بابەتە، کە هاوسەرگیری کاتی رێکارێکە بۆ بەرەو روو بوونەوە لە گەڵ دیاردەی ژنانی سەرشەقام. بێ گومان هان دان‌و پەرەپێدانی هاوسەرگیری کاتی هیچ یارمەتییەک بە سڵامەتی کۆمەڵگا ناکات. لە بەر ئەوەی لە کۆمەڵگای ئێراندا، بنەماڵە خاون چەمک‌و مانای تایبەتی خۆیەتی، ئێمە ئەگەر ئەم رێکارەمان لە بەرچاو بێت، لە راستیدا رەسمییەتمان داوە بەم بابەتە لە شکڵ‌و قەوارەی نوێدا.